ناوهڕۆك
نوێژنەکەر
ئەم یاسایانە بۆ كاتێكە دەوڵەت ئیسلامی بێت و یاسا و دەستووری ئیسلامی پەیڕەو بكرێت
نوێژنەکەر دوو جۆرە:
جۆری یەکەم: ئەو كەسەیە کە موسوڵمانە و نوێژ ناکا چونکە باوەڕی نییە کە نوێژ واجبە، سزای ئەو نوێژنەکەرە وەکو سزای کەسێکی کافربووە، واتە: داوای تۆبەی لێئەکرێ، جا ئەگەر تۆبەی نەکرد، واجبە بکوژرێ و نابێ بشۆرێ و نابێ نوێژی لەسەر بکرێ و نابێ لە گۆڕستانی موسوڵماناندا بنێژرێ و ماڵەکەیشی ئەدرێتە (بیت المال)، بەڵام ئەو كەسەی كە ئەهلی كیتاب بێت یاخود ئایینێكی دیكەی هەبێت ئەم حوكمەی بەسەردا ناچەسپێت.
جۆری دووەم: ئەو کەسەیە لەبەر تەمبەڵی نوێژ نەکا بەڵام باوەڕی هەبێ کە نوێژ واجبە، سوننەتە داوای تۆبەی لێبکرێ جا ئەگەر تۆبەی کرد و نوێژی کرد، وازی لێدێنین، بەڵام ئەگەر هەر سوور بوو لەسەر نوێژنەکردن سزا دەدرێ، (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: عن النبی ﷺ: أمرت أن أقاتل الناس حتی یشهدوا أن لا إله إلاالله وأن محمدا رسول الله ویقیموا الصلاة ویؤتوا الزکاة، فإذا فعلوا ذلك عصموا منی دمائهم وأموالهم إلا بحق الإسلام وحسابهم علی الله تعالی) رواه الشیخان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: فەرمانم پێکراوە لەگەڵ خەڵکی جەنگ بکەم تا شایەتومان ئەهێنن و نوێژ ئەکەن و زەکات ئەدەن، جا کە ئەمانەیان کرد، خوێن و ماڵیان لە من ئەپارێزن تەنها بە مافێکی ئیسلام نەبێ، لێکۆڵینەوەی ناو دڵیشیان لەسەر خوایە لە ڕۆژی قیامەت.
ئەو حەدیسە بەڵگەیە: ئەگەر کۆمەڵێک ڕێک بکەون لەسەر نەکردنی واجبێکی ئیسلام، واجبە: جەنگیان لەگەڵ بکرێ تا تۆبە ئەکەن:
بۆ وێنە: ئەگەر کۆمەڵێک ڕێک بکەون لەسەر نوێژنەکردن، یان (جمعة) نەکردن، یان زەکات نەدان... هتد، ئەبێ جەنگیان لەگەڵ بکرێ تا تۆبە ئەکەن، هەروەک ئیمامی (أبوبکر) -خوا لێی ڕازی بێ- جەنگی لەگەڵ زەکاتنەدەرەکان کرد، ئینجا بزانە: ئەو سزایانەیش ئەبی بە فەرمانی پێشەوای موسوڵمانان جێبەجێ بکرێن، یان جێگرێکی پێشەوا.
هەر کەسێک تاوان و زیانی زۆر بێ، یان زۆر بێنامووسی بکا، یان خەڵک بخاتە مەترسی، واجبە بخرێتە بەندینخانە.
هەر کاتێک هەواڵی تاوانێک گەیشتە لای کاربەدەست، حەرامە تکای بۆ بکرێ، واتە: هەرکەسێک تکا بۆ تاوانبارێک بکا تاکو سزا نەدرێ، تاوانیکی گەورەی لەسەر ئەنوسرێ (عن ابن عمر -رضي الله عنهما-: عن النبی ﷺ: من حالت شفاعته دون حد من حدود الله فقد ضاد الله فی أمره) رواه أبوداود، پێغەمبەر فەرمووی: هەر کەسێک هەوڵ بدا سزای خودا لەسەر تاوانبارێک جێبەجێ نەکرێ، بێگومان ئەو کەسە دژایەتی خوای کردووە لە فەرمانەەکەیدا.