گرەوی پێشبڕکێی سوارچاکی و گرەوی چەک هاویشتن

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-22-01:40:00 - کۆدی بابەت: 4732
گرەوی پێشبڕکێی سوارچاکی و گرەوی چەک هاویشتن
حوکمە شەرعییەکان

پێشبڕکێی سوارچاکی دروستە و سوننەتیشە بە سواری ووڵاغ: وەکو ئەسپ و ووشتر و هێستر و کەر.

ناوه‌ڕۆك

گرەوی پێشبڕکێی سوارچاکی و گرەوی چەک هاویشتن

پێشبڕکێی سوارچاکی دروستە و سوننەتیشە بە سواری ووڵاغ: وەکو ئەسپ و ووشتر و هێستر و کەر.
شوێنی لێغاردان و شوێنی لێ وەستان و ووڵاغەکان و ماڵە گرۆ لەسەرکراوەکە، ئەوانە گشتی واجبە دیاریبکرێن (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ: لا سبق إلا فی خف أو نصل أو حافر) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: گرەوی پێشبڕکێ لە هیچ کارێکدا دروست نییە، تەنها لە سواری ووڵاغ و لە تیر هاویشتندا دروستە.

هەروەها پێشبڕکێی ئامانجانەیش دروستە، واتە: نیشانە پێکاندن بە تیر هاویشتن و بە هەر چەکێکی تر کە لە جەنگدا بەکاربێ (عن عقبة -رضي الله عنه-: قال النبی ﷺ فی تفسیر قوله تعالی (وَأَعِدُّوا لَهُم مَّا اسْتَطَعْتُم مِّن قُوَّةٍ وَمِن رِّبَاطِ الْخَيْلِ): ألا إن القوة الرمي، ثلاث مرات) رواه مسلم، خوای گەورە فەرموویەتی: ئامادە بکەن بۆ جەنگی کافرەکان هەتا تواناتان هەیە لە هێز و لە بەخێوکردنی ووڵاغ، جا پێغەمبەر ﷺ سێ جار فەرمووی: مەبەست لەو هێزە چەک هاویشتنە.

هەر ئەو حەدیسە بەڵگەیە کە مەشقکردن بۆ فێربوونی چەک و فێربوونی شۆفێری و هەموو جەنگاوەرییەکی تر، واجبە لەسەر موسوڵمان.

بەو مەرجەی دووری و نزیکی ئامانجەکە و شوێنی لێغاردانەکە بزاندرێ، وە بەو مەرجەی چۆنیەتی پێکاندنی ئامانجەکەیش بزاندرێ، وەکو بڵێ: ئەبێ هەریەکێک لە شەش جاران سێیان لێبدا، هەروەها دیاری بکرێ: کامەیان لە پێشدا دەست پێبکا.

گرەوكردن لەسەر پێشبڕکێی سوارانێ و تیرهاویشتن دروستە و هەر شتێکی لە گرەوەكە وەربگرێ حەڵاڵە، جا ئەگەر یەکێکی بێگانە ماڵەکە بخاتە ئەستۆی خۆی، وەک بڵێ: هەر کامەتان پێش کەوت، یان لە ئامانجەکە دا، ئەوەندەی ئەدەمێ. ئەوە دروستە و ئەبێ شتەکە بدا.

هەروەها دروستیشە یەکێک لەو دوو کەسانەی گرەوەكە ئەکەن، ماڵەکە بخاتە ئەستۆی خۆی بەم جۆرە:

ماڵەکە دائەنێ یەکێک لەو دووانەی پێشبڕکێی سوارانی، یان ئامانجانێ ئەکەن بۆ ئەوەی ئەگەر گرەوەكەی بردەوە، واتە: پێش ئەوی تر کەوت، یان ئەو لە ئامانجەکەی دا، ماڵەکەی خۆی وەربگرێتەوە، بەڵام ئەگەر دۆڕاندی، واتە: ئەوی تر پێش ئەو کەوت، یان لە ئامانجەکەی دا ئەو هاوڕێ پێشکەوتووە، ماڵەکەی خۆی بۆ خۆی ئەبا و لێی حەڵاڵە.

گەر كێشەی تێكەوت چی بكرێ؟

بەڵام ئەگەر هەردووکیان هەندێک ماڵیان دانا و هەریەکە بەوی تری گوت: ئەگەر تۆ پێش کەوتی، یان لە ئامانجەکەت دا، ماڵەکەی من بۆ تۆ، ئەو گرەوە دروست نییە، چونکە ئەبێتە قومار، قوماریش حەرامە، مەگەر یەکێکی سێیەمین بێننە نێوان خۆیان، تا گرەوەكەیان بۆ حەڵاڵ بکا بەم جۆرە:

ئەگەر سێیەمەکە پێش هەردووکیان کەوت ماڵەکەی هەردووکیان بۆ خۆی وەرئەگرێ، وە ئەگەر تەنها پێش یەکێکیان کەوت لەگەڵ ئەوی تریان وەک یەک بوون، ئەوە ماڵی دواکەوتووەکە بۆ خۆیان بەش ئەکەن، بەڵام ئەگەر دوا کەوت و ئەوانی تر هەردووکیان بە پێش ئەو کەوتن هیچ ناداتە دووەکانی تر، جا ئەو دووانەیش ئەگەر هەردووکیان وەک یەک بوون، ئەوە هەر کەسەیان ماڵی خۆی بۆ خۆی، وە ئەگەر یەکێکیان پێش ئەوی تر کەوت، ئەوە ماڵەکەی خۆی و هاوڕێیەکەی هەردووکی بۆ خۆیەتی.


سەرچاوەکان



630 بینین