ڕۆڵی زانایانی کورد لە شارستانییەتی ئیسلامیدا

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-04-28-04:04:00 - کۆدی بابەت: 4946
ڕۆڵی زانایانی کورد لە شارستانییەتی ئیسلامیدا

ناوه‌ڕۆك

ڕۆڵی زانایانی کورد لە شآرستانییەتی ئیسلامیدا

لەو دەمەوەی کە خوێندن و خوێندەواری و کولتووری ئیسلامی لە هەرێمەکانی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، فێرخواز و قوتابیانی کورد درێغی و کەمتەرخەمییان نەکردووە لە خۆ فێر کردن و خۆ پێگەیاندن، لەم پێناوەدا دڵسۆزی و سوربوونی خۆیان سەلماندووە و بە مەبەستی پتر فێربوون و دەست خستنی زانیاری و شارەزا بوون لە بوارەکانی زانست و هزردا سنووری کوردستانیان بەزاندووە و خۆیان گەیاندۆتە ناوەندە مەعریفی و ڕووناکبیرییەکان لە موسڵ و بەغدا و حەلەب و دیمەشق و قاهیرە و شوێنەکانی دی و لەسەر دەستی گەورە و زانایان و بیرمەندانی موسڵمان درێژەیان بە خوێندن دەدا و ئاستی زانستی و هزری خۆیان پێش دەخست و لە بوارێکدا بڕوانامەی پسپۆڕیان بەدەست دەهێنا.

لە ڕاستیدا لە کوردستان پاش بەسەرچوونی ڕۆژگاری میرنشینە خۆماڵییەکان، بزاڤی خوێندن و فێرکردن تووشی نوشستی هات و چالاکی ڕۆشنبیری و زانستی پاشەکشێی کرد، مزگەوت و خوێندنگاکان فەرامۆش کران، ئەو گرنگییەی جارانیان نەما و دەسەڵاتدارانی تورکی سەلجوقی بایەخێکی ئەوتۆیان بە توێژی ڕوناکبیرانی کورد نەدەدا، ئەوەی مابۆوە تینوێتی زانستی فێرخواز و خوێندکارانی نەدەشکاند.

بە درێژایی سەدەکانی ناوەڕاست کۆمەڵێک لە زانایان و هزرڤانان و نووسەرانی کورد دەرکەوتن لە بوارە جیا جیاکانی ئەدەب و زانست و بیر و زمان و شەرع و فیقهدا داهێنانیان هەبووە و ناوبانگیان دەرکردووە، وە لە شرۆڤەکانی قورئان، مامۆستا و قازی و تۆڕەڤان و زمانەوان و شآعیر و مێژوونووس و وانەبێژ و شآرەزا لە زانستەکانی فەرمایشت (الحدیث) و پیاوچاک و خوتبە خوێن و پێش نوێژ کە هەندێکیان لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامیدا کەسایەتی ناسراو و باوەڕپێکراو بوون و لە بابەتە کێشەدارەکاندا پرس و ڕایان پێ دەکرا.

ئەوەی جێگەی سەرنج و پرسیارە، سەرجەم ئەو ناودارە کوردانەی کتێب و نامیلکەیان داناوە و بە زمانی عەرەبی نووسیویانە، دیارە ئەمەش هۆکار و پاساوی خۆی هەیە، پێش هەموو شتێک زمانی عەرەبی زمانی قورئانی پیرۆز و پێغەمبەر (د.خ) و خەلیفە و یاوەرەکانی بوو، هەروەها زمانی دەسەڵاتداری و ڕۆشنبیری و کارگێڕی بوو و لە جیهانی ئیسلامیدا بە پلە یەک دەهات و زۆربەی دانەران و نووسەرانی میللەتانی موسڵمان هەر بەم زمانە بەرهەمەکانیان دەنووسی، چینی ڕۆشنبیر و خوێندەواری کوردیش نەیاندەویست لەم ڕێسا و دەستوورە باوە لابدەن، بەڵکو خوازیار بوون بەو زمانە بنووسن تا بەرهەمەکانیان سوودبەخش بێت و هەمووان بیانخوێننەوە و کەڵکی لێ وەربگرن، لە لایەکی ترەوە زمانی کوردیش هێشتا هەر زمانی ئاخافتن و گفتوگۆی زارەکی بوو، تا سەردەمی عوسمانیش لە نێو کۆڕ و مەڵبەندە زانستی و ڕۆشنبیرییەکاندا وا باو کوو کوردی ناشێت بکرێتە زمانی نووسین و داهێنان، ڕەگەزپەرستانی میللەتانی دراوسێ هەرگاڤ پڕوپاگەندەی چواشەکەریان بڵاو دەکردەوە کە گوایا کوردی زمانێکی ناتەواو و دواکەوتوە و لەبار نییە بچێتە ڕیزی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و تورکییەوە و بۆ کاری نووسین و خوێندنەوە دەست نادات و لەم کارەیان تا ڕادەیەک سەرکەوتن و توانیان نەتەوەی کورد لە خشتە بەرن و ئەم بۆچوونە هەڵە و ناڕەوایەیان لا بچەسپێنن.

ناودارانی کورد هەرچەندە لە پڕۆسەی نووسین و داهێناندا زمانی زگماکیان پشتگوێ خست و هەرگیز بیریان لە بەکارهێنانی نەکردەوە، بەڵام ناسنامەی نەتەوایەتی خۆیان پاراستووە و نازناوی نەتەوەیی ئەو باژێڕ و هەرێمانەی لێیوە هاتوون هەڵگرتووە و نەژاد و بنەچەی خۆیان لەدەست نەداوە و شانازیان دەکرد بە کورد بوونی هۆز و بنەماڵەکانیان. ئەگەر بڕوانینە سەرچاوە و ژێدەرە مێژووییەکان لە ژیاننامە و دەنگوباسی سەدان کەسایەتی ناوداری تورکمان بەرچاو دەکەوێت لە: ئەربیلی و شارەزووری و دینوەری و ئامەدی و ئەرمەوی و هەکاری و هەزبانی و جاوانی و گۆرانی و زەرزاری و مارانی  کە لە بوار و لایەنە هەمەجۆرەکانی زانست و وێژە و بیرمەندی و کولتوری ئیسلامیدا هەڵکەوتوون و گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و پایەیەکی بڵند و بە کارەکانیان شآرستانییەتی کوردیان دەوڵەمەند کردووە و دڵسۆزانە و لێبڕاوانە خزمەتی شارستانییەتی ئیسلامیان کردووە.


سەرچاوەکان



1990 بینین