ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-07-03:47:00 - کۆدی بابەت: 5206
ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان
زانیاری هەمەڕەنگی ئۆتۆمبێل

شێوازی کارکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان ، ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان ، تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری

چەند زانیارییەک دەربارەی ئۆتۆمبێڵە کارەباییەکان

جۆرێکی ئۆتۆمبێلن بزوێنەری کارەبایی بەکار دەهێنن بۆ جووڵان، بە جۆرێک بزوێنەرەکە بەهۆی باترییەوە کار دەکات و باترییەکەش لە ئێستگەکانی بارگاویکردنەوە شەحن کراوە، هەروەها ئەم ئۆتۆمبێلانە هیچ دووکەڵێکی زیانبەخش دەرنادەن، لە ڕاستیدا ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەتەمەنترن لەو ئۆتۆمبێلانەی بە سووتەمەنی کار دەکەن، لە نێوان ساڵەکانی 1932 و 1939ـدا داهێنەری سکۆتلەندی ''ڕۆبەرت ئەندەرسۆن'' یەکەم ئۆتۆمبێلی کارەبایی داهێنا، ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە سەرکەوتوو بوون هەتا ساڵی 1913، کاتێک کۆمپانیایەکی ئۆتۆمبێلی ئەمریکی بنەمای سووتانی ناوەکی داهێنا لە ئۆتۆمبێلەکاندا و ئەمەش بووە هۆی دیارنەمانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان، لە دواتردا ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان پەرەیان پێدرا، بە جۆرێک ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلە کارەباییانەی کە بە فەرمی تۆمار کرابوون لە ساڵی 1992 دا لە 1607 ئۆتۆمبێلەوە زیادی کرد بۆ 55852 لە ساڵی 2004 و لە ئەمڕۆشدا (2021) زیاترە لە 11 ملیۆن ئۆتۆمبێل.

شێوازی کارکردنی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان

ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان هاوشێوەن لەگەڵ ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان لە ڕووی شکڵ و شێوەی دەرەکی و دیزاینیانەوە، بەڵام جیاوازیی ئەم جۆرە ئۆتۆمبێلانە لەگەڵ ئۆتۆمبێلە ئاساییەکان لەوەدایە کە بە کارەبا کار دەکەن، واتا یەکەی هەڵگرتنی وزە و یەکەی پاڵنانیان جیاوازە، زۆربەی کات وزەکە لە باترییەکی پێشکەوتوودا هەڵدەگیرێت، بەناوبانگترین ئەو باتریانەش بریتییە لە باتریی کیمیایی قەبارە گەورە، هەروەها یەکەی کۆنترۆڵکردنی بنەمای ئەم ئۆتۆمبێلانەن کە کار و پاڵنانی ئۆتۆمبێلەکە ڕێکدەخات، هەروەها تەزووی گۆڕآو دەگۆڕێت بۆ تەزووی نەگۆڕ، پاشان بزوێنەرەکەش ئەم وزەیە دەگۆڕێت بۆ جووڵەی فیزیکی.

ئەم ئۆتۆمبێلانە لەگەڵ یەکدیدا جیاوازن و جیاوازییەکەشیان لە سێ پێکهێنەرە سەرەکییەکانیاندایە، بۆ نموونە دەکرێت بزوێنەری کارەبایی لە ئۆتۆمبێلێکدا لە دواوە بێت لە جیاتی ئەوەی لە پێشەوە بێت، هەروەها دەشکرێت چەند بزوێنەرێکی کارەبایی هەبێت، هەروەها دەکرێت وزە لە باترییە گەورەکانی ''لیثیۆم ئایۆن'' هەڵبگیرێت یان لە باترییەکانی ترشی قوڕقوشم.

تایبەتمەندییەکانی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان

لەگەڵ بەرەوپێشچوونی پیشەسازیی ئۆتۆمبێلدا بە شێوەیەکی خێرا و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی دۆستی ژینگە کە بە کارەبا کار دەکەن لە جیاتی پاڵفتە نەوتییەکان، دەست کراوە بە بەرهەمهێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە کارەبا کار دەکەن، بە جۆرێک ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان چەندین تایبەتمەندیان هەیە کە ئەمە جیایان دەکاتەوە لە ئۆتۆمبێلەکانی دیکە.

بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان

دەکرێت ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە ماڵەوە بارگاوی بکرێتەوە بەبێ ئەوەی پێویست بێت بچیت بۆ بەنزینخانە یاخود وێستگەکانی بارگاویکردنەوەی تایبەت بەو جۆرە ئۆتۆمبێلە.

ئەو ماوەیەی کە ئۆتۆمبێلەکە بە یەک بارگاویکردنەوە دەیبڕێت

دەکرێت ئۆتۆمبێلە کارەباییە نوێیەکان بۆ ماوەی 300 کیلۆمەتر و زیاتر بڕۆن تەنها بە یەک بارگاویکردنەوە، هەروەها هەندێک ئۆتۆمبێلی هایبرید Hybrid دەتوانن بۆ ماوەی 40-80 کیلۆمەتر لەسەر بزوێنەرە کارەباییەکەیان بڕۆن، ئەو ماوەیەی کە ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان دەیبڕن بەندە لەسەر قەبارەی باترییەکە و کێشی ئۆتۆمبێلەکە و پلەی گەرمیی، هەروەها چۆنییەتی لێخوڕینی شۆفێریش کاریگەریی هەیە.

تێچووی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی

تێچووی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە وێستگەکانی شەحن کردندا کەمترە لەو تێچووەی کە ئۆتۆمبێلی بەنزین دەیەوێت، چونکە ناوەندی ساڵانەی تێچووی بارگاویکردنەوەی ئۆتۆمبێلێکی کارەبایی نزیکەی 530 دۆلارە، لە کاتێکدا ناوەندی تێچووی پڕکردنی بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلێکی ئاسایی دەگاتە 2500 دۆلار لە ساڵێکدا.


سەرچاوەکان



1090 بینین