پشتوێنی سەلامەتی

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-04-09-23:22:00 - کۆدی بابەت: 4332
پشتوێنی سەلامەتی
زانیاری هەمەڕەنگی ئۆتۆمبێل

پشتوێنی سەلامەتی تایبەتمەندییەكی هەیە كە لەكاتی هەر پێكدادانێك یان جوڵەیەكی زۆر پشتوێنەكە قفڵ دەبێت و سەنشینەكان لە جوڵەی زۆر دەپارێزێت.

پشتوێنی سەلامەتی

پشتوێنی سەلامەتی ئامێرێكە كە لەسەر هەموو كوشنێكی ئۆتۆمبێلەكان هەیە و یەكێكە لە ڕێكارەكانی پارێزگاری لە ئۆتۆمبێلەكاندا، كە شۆفێر و سەرنشینەكان لە كاتی سواربوونی ئۆتۆمبێلەكاندا دەتوانن بیبەستن و دەیانپارێزێت لە هەر جوڵەیەكی لەناكاوی ئۆتۆمبێلەكە، هەروەها زۆر گرنگە شۆفێر پشتوێنی سەلامەتی ببەستێت چونكە ئەو بەرپرسیارە لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەكە و پێویستە پارێزراوبێت لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو، پشتوێنی سەلامەتی جۆری زۆری هەیە هەروەها زۆر بە ئاسانی دەبەسترێت كە بەشێوەیەكی لار لە سەر شانەوە درێژدەبێتەوە بۆ سەر كەمەر، لێرەدا باسی سوودەكانی پشتوێنی سەلامەتی دەكەین.

سوودەكانی پشتوێنی سەلامەتی

بەپێی ئەو یاسایانەی كە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی هاتووچۆوە دەركراون، پێویستە شۆفێران پشتوێنی سەلامەتی ببەستن بەمەبەستی پاراستنی گیانی خۆیان لەهەر ڕووداوێكی هاتووچۆ، سوودەكانی بریتییە لە:

  • پشتوێنی سەلامەتی مردنەكانی كە بەبۆنەی ڕووداوەكانی هاتووچۆوە ڕوودەدەن بە ڕێژەی %50 كەمدەكاتەوە، هەروەها حاڵەتە مەترسیدارەكانی كاتی ڕووداوەكان كەمدەكاتەوە بەتایبەتی سەرنشینەكانی پێشەوە.
  • پشتوێنی سەلامەتی تایبەتمەندییەكی هەیە كە لەكاتی هەر پێكدادانێك یان جوڵەیەكی زۆر پشتوێنەكە قفڵ دەبێت و سەنشینەكان لە جوڵەی زۆر دەپارێزێت.
  • پشتوێنی سەلامەتی هێزێك دەردەكات كە پێی دەوترێت هێزی وەستان، كە ئەم هێزە لەسەر بەشە بەھێزەكانی لەش دابەشدەكرێت بۆ ئەوەی كەسەكە بەدووربێت لە برینداربوون لە كاتی هەر ڕووداوێكدا.
  • پشتوێنی سەلامەتی كاردەكات لەسەر دابەشكردنی هێزی وەستان بەسەر بەشە بەهێزەكانی لەشدا وەك قەفەسەی سنگ بۆ كەمكردنەوەی زیانەكانی ڕووداوی هاتوچۆ.
  • لەوانەیە هەندێك لە پشتوێنەكانی سەلامەتی كەمێك ناڕەحەت بن بەڵام هۆكارێكی گرنگە بۆ پاراستنی شۆفێر و سەرنشینەكان.

پشتوێنی سەلامەتی و یاسای دووەمی نیوتن

یاسای دووەمی نیوتن دەڵێت كاتێك هێزێكی دەرەكی كار لە تەنێك دەكات ئەوا تەنەكە بە ئاڕاستەی هێزەكەدا دەجوڵێت، بۆیە بەستنی پشتوێنی سەلامەتی توانای هێواشبوونەوە دەبەخشێت بە جەستە لەكاتی ڕووداوە هاتوچۆدا، هەروەها تا كێشی كەسەكە زیاتر بێت ئەوا وزەكەی زیاتر دەبێت، بۆیە ئەو ھێزەی كە پشتوێنەكە دابینی دەكات پێویستە زیاتربێت، هەروەها ئەو هێزی كە لەلایەن پشتوێنەكەوە دەكرێتە سەر سەنشینەكان بە پێچەوانەی ئاڕاستەی هێزی ئۆتۆمبێلەكەوەیە، بۆیە نەبەستنی پشتوێنی سەلامەتی دەبێتە هۆی بەركەوتنی سەرنشین و شۆفێرەكان بە ئاوێنەی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە و سوكانەكەی لە كاتی ڕووداوی هاتووچۆدا، هەروەها لە هەندێك حاڵەتدا دەبێتە هۆی فڕێدانیان بۆ دەرەوەی ئۆتۆمبێلەكە. شایانی باسە لە ئۆتۆمبێلە نوێیەكاندا ئەیرباگ هەیە كە سوودی زۆر بۆ كەمكردنەوەی بەركەوتنی شۆفێر و سەرنشینەكان بە داشبڵ و سوكانی ئۆتۆمبێلەكە.


سەرچاوەکان



873 بینین