سان فرانسیسکۆ

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم - به‌روار: 2021-05-16-23:11:00 - کۆدی بابەت: 5367
سان فرانسیسکۆ

ناوه‌ڕۆك

شاری سان فڕانسیسکۆ

شاری سان فڕانسیسکۆ یەکێکە لە شارەکانی ویلایەتی کالیفۆڕنیا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ناونیشانی ئەم شارە دەکەوێتە هێڵی پانیی 37.77 و هێڵی درێژیی 122.42 لە بەرزیی 28 مەتر لەسەر ڕووی زەریاوە، ژمارەی دانیشتوانەکەشی دەگاتە 805.000 کەس، بەم شێوەیە چوارەم شارە لە ویلایەتی کالیفۆرنیای لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە، شایەنی باسە کە شاری سان فڕانسیسکۆ لەسەر 43 گرد بنیاتنراوە، ئەمەش لە شێوەی گەڕەک و شەقامەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە، شەقامی فیلبێرت لێژترین شەقامەکانی شارەکەیە، لە کاتێکدا شەقامی لۆمبارد بەناوبانگترینە لەبەر پێچە تیژ و زۆرەکانی.

کەش و هەوای شاری سانفڕانسیسکۆ

زستانی شاری سان فڕانسیسکۆ باراناوی و هاوسەنگە، بەهاریشی خۆر و مامناوەندە، لە کاتێکدا هاوین تەماوی و ساردە، پایزیش خۆر و گەرمە، ناوەندی پلەی گەرمی لە شاری سان فڕانسیسکۆ لە نێوان 11 پلەی سەدی کە ناوەندی جیهانییە، هەروەها دەگاتە 17 پلە کە ناوەندی شوێنە گەرمەکانە، هەروەها ناوەندی دابارینی باران لە ساڵدا دەگاتە 553ملم، کە زۆرینەی لە ماوەی نێوان مانگەکانی تشرینی دووەم و نیسان دەبارێت، ئەو تەمە هاوینەیەی کە لە بەرزییەکی نزمدا لە شارەکەدا هەیە یەکێکە لە سیماکانی شارەکە کە لە هاویناندا زۆرە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە خۆر لە یەک لەسەر سێی ڕۆژدا دەردەکەوێت، ئەم تەمە لەناکاوە ترس لای گەشتیاران دروست دەکات، بەهۆی دیاردەی بە یەکگەیشتنەوە ئەم حاڵەتە ڕوودەدات کە لە کاتی بەریەککەوتنی هەوای زەریای گەرم و شێدار لەگەڵ ئاوە ساردەکەدا بە یەک دەگات.

گەشت و گوزار لە سانفڕانسیسکۆ

گەشتیاری بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی داهات دادەنرێت لە شاری سانفڕانسیسکۆدا، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سروشتە جوان و کەشە مامناوەندیەی کە بە درێژایی ساڵ بوونی هەیە و بەهۆی ئەو هەمەڕەنگییە ڕۆشنبیرییەی لە شارەکەدا هەیە، شایەنی باسیشە کە لە شارەکەدا 30.000 ژووری هۆتێل هەیە، ساڵانە نزیکەی ملیۆن و نیوێک گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن بۆ ئامادەبوونی کۆنگرە و پێشانگا بازرگانییەکان کە لەسەر زەوییەکانی شارەکە ئەنجام دەدرێن، لە ساڵی 1995ز شارەکە پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن و نیو سەردانیکەر کرد کە ملیۆن و نیوێک لەو سەردانیکەرانە بیانی بوون، بەم شێوەیەش شارەکە بە پلەی چوارەمدا هات لە ڕووی ژمارەی سەردانیکەرانەوە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، پردەکان و پردی هەستانەوە و مۆزەخانە و چێشتخانەکان و گەڕەکی چینی و کەناراوی باکوور و کۆشکە ڤیکتۆرییەکان و شەقامی لۆمپاردی پێچاوپێچ و هۆتێلی فێرمۆنت دیارترین شوێنە بەناوبانگەکانی شارەکەن، لە کاتێکدا شۆستەی ڕاوکرد میللیترین شوێنی شارەکەیە کە خێزانەکان ڕووی تێدەکەن بۆ سەیرکردنی ڕاوچییەکان لە کاتی ڕاوکردنی قڕژاڵ و هەڵدەستن بە چاککردن و ئامادەکردنی تۆڕەکانیان لە ناوەڕاستی دەیان بلیتفرۆشی و تیپی خۆشباری لە شەقام و چێشتخانە و نانەواکان.

ئابووریی شاری سانفڕانسیسکۆ

ناونیشانی کەناریی شارەکە و بەندەرە سروشتییەکانی ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە گەورەبوونی ئابووری شارەکە و کردنی بە ناوەندێکی گرنگی کەشتییە بازرگانییەکان بە درێژایی مێژوو، سەرەڕای ئەوەی لەم کاتەدا زۆرینەی کارەکانی کەشتییە بازرگانییەکان لە شاری ئۆکلاند دەکرێت، بەڵام بەندەری  سان فڕانسیسکۆ هێشتا یەکێکە لە بەندەرە سەرەکییەکانی کەناراوی ڕۆژئاوا، سان فڕانسیسکۆ لە سەدەی نۆزدەوە هەتا ئێستاش بە ناوەندێکی دارایی گرنگ دانراوە، ئەمڕۆ بە نیشتیمانی گەورەترین بانک و کۆمپانیاکانی بیمە دادەنرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکاندا، هەروەها لقەکانی بانکی یەدەگی فیدڕاڵی و گەورە کۆمپانیاکانی بوارە جیاوازەکانی تێدایە، پیشەسازیی دروستکردنی ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و تەکنەلۆژیای زیندەیی و ئەندازیاری جینەکان لە بوارە نوێ و خێرا گەشەسەندووەکانن لە سان فڕانسیسۆکدا، هەروەها چەند کارتێکەرێک هەن کە بوونەتە هۆی دروستبوونی بازدانێک لە ئامێرەکانی کۆمپیوتەر و کەرەستەکان و بوارەکانی دیکەی ئەلیکترۆنیات، هەروەها شارەکە مێژووی هەیە لە بەشداریکردن لە پیشەسازییە پەیوەندیدارەکان بە بەرگری، هەروەها لە ناوەندە تەکنەلۆژییەکانەوە نزیکە وەک زانکۆی ستانفۆرد و دۆڵی سلیکۆنی بەناوبانگ، شاری سان فڕانسیسکۆ بە نیشتیمانی کۆمپانیای جەنەتیک دادەنرێت کە پسپۆڕە لە بواری تەکنەلۆژیای زیندەیی، هەروەها 500 کۆمپانیای پسپۆڕی دیکە لە شارەکەدا هەن لە بوارەکانی دەرمانسازی و ئەلیکترۆنیاتە پزیشکی و ئەلیکترۆنیاتی زیندەیی و بوارە پەیوەندیدارەکان.

مێژووی شاری سانفڕانسیسکۆ

ئەو تەمەی شارەکە دادەپۆشێت کارێکی باشی کردووە لە شاردنەوەی شارەکە لە داگیرکەرە ئیسپانییەکان بۆ ماوەی دوو سەدە دوای دۆزینەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا بۆ یەکەمجار، پاشان دوای ئەوە لە ساڵی 1769ز لە لایەن کۆمەڵێکی بچووکی دۆزەرەوەکان دۆزرایەوە کە گەشتیان بە وشکانیدا دەکرد لە مەکسیکەوە بۆ کەنەدا دەکرد بە سەرکردایەتی خۆسێ ئۆرتیگا، دوای ئەوە بەنیشتیمان کرا لە ساڵی 1776ـدا، شارێکی بچووکی تێدا دروست کرا بە ناوی یەربا بۆینا، بەڵام دوای تێپەڕ بوونی نیو سەدە هێشتا نەبووە جێگەی سەرنج و شوێنێکی ڕاکێشەری دانیشتوان نەبوو و زۆربەی دانیشتوانەکەی لە مژدەدەرەکان (بانگەشەکاری مەسیحی) بوون، لە ساڵی 1846ـدا و لە کاتی جەنگی مەکسیکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان گرنگیی دا بە شوێنەکە و ژامرەی دانشتوانەکەی بوو بە دوو هێندە کاتێک نزیکەی 200 کەسی مورون هاتن بۆ شوێنەکە، لە ساڵی 1848ـیشدا دۆزینەوە ئاڵتون لە شاری سان فڕانسیسکۆ ڕوویدا کە بووە هۆی گۆڕانێکی گەورە لە دۆخی ناوچەکەدا، ماوەی ئاڵتونی لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دەستیپێکرد، ئەو ماوەیە سەردەمی فراوانبوون و گەورەبوون و گەشەکردنی شارەکە بوو، هەزاران ئاڵتون هەڵکەن ڕوویان کردە ئەوێ و هەر لەوێش مانەوە، لەگەڵ ئەمەشدا ئەو ماوەیە خاڵی نیگەتیڤ زۆر هەبوون کە بوونە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی ناڕێکوپێکی کە هۆکارەکەی کردنەوەی ساڵۆن و باڕ و شوێنی قومارکردن و خانووی لەشفرۆشی بوو کە بۆ خزمەتکردنی هەزاران نیشتەجێی کاتی دروست بوون و خۆیان بە کەسی بەدەر لە یاسا دادەنا، پاشان بە فەرمی شاری سان فڕانسیسکۆ دروست بوو لە ساڵی 1850ـدا، کاری دووبارە چەسپاندنەوەی یاسا دەستیپێکرد لە لایەن نیشتەجێیە هەمیشەییەکانی شارەکە دژی گەشتیارە کاتیی و بەرژەوەندیخوازەکان، ئەمەش لە ڕێگای دروستکردنی گروپی میللی لە پەنجاکانی سەدەی نۆزدەدا بۆ پاککردنەوەی شارەکە لەو ناڕێکییە، شاری سانفڕانسیسکۆ بەردەوام بوو لە گەشەکردن لە نیوە دووەمی سەدەی نۆزدەدا هەتا بووە نیشتیمانی نزیکەی چارەکە ملیۆنێک کەس.


سەرچاوەکان



784 بینین