شاری غەززە

له‌لایه‌ن: - ئەلەند ئەکرەم عوسمان - به‌روار: 2021-05-24-14:05:00 - کۆدی بابەت: 5516
شاری غەززە

ناوه‌ڕۆك

دەوڵەتی فەڵەستین

دەوڵەتی فەڵەستین دەکەوێتە کیشوەری ئاسیا، لە بەشی باشووری خۆرئاوای ناوچەی شام، لە ڕۆژئاواوە دەریای سپی ناوەڕاست هەیە و لە ڕۆژهەڵاتیشەوە وڵاتی ئەردەن و سوریا، لە باکوورەوە لوبنان و لە باشوورەوە میسڕ و بەندەری عەقەبە، پایتەختی فەڵەستین شاری قودسە و لە بەشی خۆرئاوادا کەرتی غەزە و چەندین شاری فەڵەستینی هەن، ژمارەی دانیشتوانی فەلەستین بە 12 ملیۆن کەس خەمڵێنراوە، ئەم وڵاتە خاوەن سروشتێکی جوگرافیی جوانی هەیە و کەشێکی هاوسەنگ و شوێنێکی ستراتیژی هەیە، کە دەکەوێتە نێوان هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا، هەروەها وڵاتەکە بەهایەکی مێژوویی و ئاینی گرنگی هەیە.

شاری غەزە

شارێکی فەڵەستینییە لە کەرتی غەزە، ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی نیو ملیۆن مرۆڤ دەبن، یەکێکە لە گەورەترین شارە فەڵەستینییەکانی شارەکە، چەندین ئیمپاتۆریەت و گەلی جۆراوجۆر تیایدا ژیاون، بەندەری غەزە لە سەردەمی ڕۆمانی و بێزەنتییەکان گەشەی کرد، پاشان پەرەیسەند تا بووە ناوەندێک بۆ شەریعەتی ئیسلامی، ناچەکە کەوتووەتە بەر چەندین هێرشی مەغۆلی و حاڵەتێکی خراپی دروستکردووە، پاشان لەگەڵ ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا یەکی گرتووە، لە ساڵی 1893ـدا یەکەم شارەوانی بۆ شاری غەزە دروستکراوە، بەهۆی ئەو جەنگە یەک لە دوای یەکانەی دژ بە فەڵەستین هەڵگیرساون لە ساڵەکانی 1948 و 1967ـدا، ئیسرائیل دەستی گرتبوو بەسەر شارەکەدا، بەڵام لە ساڵی 1993ـدا ئیسرائیل کشایەوە و دەسەڵاتێکی خۆجێی دروستبوو، بەهۆی حاڵەتە سیاسییەکانی ناوچەکەوە چالاکی ئابووری لە شارەکەدا تەنها لە کشتوکاڵ و پیشەسازییە بچووکەکاندا کورت بۆتەوە.

شاری غەزە دەکەوێتە کەناری دەریای سپی ناوەڕاست، نزیکەی 14 مەتر بەرزترە لە ئاستی ڕووی دەریا، ناوەندی پلەکانی گەرمی لە شارەکەدا نزیکەی 13 پلەی سەدییە لە وەرزی زستاندا، لە هاوینیشدا 25 پلەی سەدی، هەروەها ڕێژەی دابارینی باران لە شارەکەدا دەگاتە نزیکەی 300 میلی مەتر، کەرتی غەزە چەندین شار و گەڕەکی لەخۆگرتووە، وەک شاری کۆن و بەندەری غەزە و گەڕەکی رمال و گەڕەکی التفاح، هەروەها زۆربەی دانیشتوانی غەزە موسڵمانن، ڕێژەیەکی کەمی مەسیحیش لە شارەکەدا هەن، چینی گەنجان لە هەموو چینەکانی دیکە ژمارەیان زیاترە، لەبەر ئەوە بە شێوەیەکی بەرچاو دانیشتوانی غەزە زیاد دەکەن، پەستانێکی زۆر لەسەر خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی شارەکە هەیە، وەک ئاو و کارەبا و ئاوەڕۆ، هەروەها هەلی کار لە شارەکەدا کەمە و بەم شیوەیەش ئاستی بێکاری لە شارەکەدا زۆرە.

ژیانی فێربوون لە شاری غەزە

فێربوون لە غەزەدا پەرەی سەندووە و زیادی کردووە لە ساڵی 1997ـەوە، ژمارەیەکی زۆر قوتابخانە و زانکۆی گەورە و کتێبخانە لە شارەکەدا هەن، بەپێی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2006 نزیکەی 210 قوتابخانە لە کەرتی غەزەدا هەن، لە نێوانیاندا 46 قوتابخانەی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی بەهاناوەچوونی پەنابەران و وەکالەتی غۆث، هەروەها 13 قوتابخانەی تایبەتیش لەو ژمارەیەدا هەن، چوار زانکۆی سەرەکیش لە کەرتی غەزەدا بوونیان هەیە، کە بریتین لە:

  • زانکۆی ئیسلامی، لە ساڵی 1978 دامەزراوە و یەکەم زانکۆی شارەکەیە.
  • زانکۆی ئەزهەر، لە ساڵی 1992 دامەزراوە.
  • زانکۆی ئەقسا، لە ساڵی 1991 دامەزراوە.
  • زانکۆی قودسی ئازادکراو، لە ساڵی 1992 دامەزراوە.

هەروەها کتێبخانەیەکی گشتی لە شارەکەدا هەیە کە نزیکەی 10.000 کتێبی تێدایە بە زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فەڕەنسی، لە ساڵی 1999ـدا ئەم کتێبخانەیە کراوەتەوە بۆ ئاسانکاری کردن بۆ ئەو فێرخوازانەی بەدوای سەرچاوەی فێربووندا دەگەڕێن، لەم کتێبخانەیەدا فیستیڤاڵ و موحازەرە و پێشانگای کتێب ئەنجام دەدرێت.

شوێنە ڕۆشنبیرییەکانی غەزە

چەندین ڕۆشنبیری لە شاری غەزەدا هەیە، ئەمە نیشانەی بەرزیی گەلی فەڵەستینی و بیرفراوانی و ڕۆشنبیریانە، هەروەها ئاماژەشە بۆ ئەو گرنگییە زۆرەی لایەنە بەرپرسەکانی کەرتی گەزە دەیدەن بە لایەنی ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی و گەشەکردنی، لە دیاترین شوێنە ڕۆشنبیرییەکانی شارەکە:

  • ناوەنی ''رشاد الشوا''ـی ڕۆشنبیری: دەکەوێتە ناوچەی رمال لە کەرتی غەزە، لە ساڵی 1988ـدا دروستکراوە و لەسەر ناوی دامەزرێنەرەکەی ناوی لێنراوە.
  • ناوەنی ڕۆشنبیریی فەڕەنسی: بە هاوکاری لایەنە فەڕەنسییەکان دروسکتراوە، پێشانگا هونەری و ئاهەنگە مۆسیقییەکان لێرە دەکرێت و فیلم و چالاکی دیکەی تێدا نیشان دەدرێت.
  • شارۆچکەی هونەر و کارسازی: لە ساڵی 1988 دامەزراوە، بریتییە لە ناوەندێکی ڕۆشنبیری بۆ منداڵان، کار دەکات لەسەر هاندانی نوێکاری و داهینان لە لای منداڵ، پەرە دەدات بە تواناکانی کارسازی دەستی و هونەریی جۆراوجۆری منداڵان.
  • شانۆی غەزە: لە ساڵی 2004 کراوەتەوە بە هاوکاری نەرویج.
  • مۆزەخانەی غەزە بۆ شوێنەوار: لە ساڵی 2008 دامەزراوە لە لایەن جەودەت خودری، لە مۆزەخانەکەدا چەندین پارچەی مێژوویی هەیە، وەک چرای بە زەیت داگیرساو.

شوێنە شارستانی و ئاینییەکانی غەزە

  • شاری غەزە پپڕە لە شوێنە شارستانی و ئاینییەکان کە لە لایەن ئیمپراتۆریەتە کۆنەکانەوە بەجێماون، یان لە لایەن ئەو شارستانیەتانەی لە ناوچەکەدا هەبوون، وەک سەردەمی ڕۆمان و بیزەنتی و خاچپەرستەکان، شارەکە هەتا ئێستاش ڕێژەیەکی زۆری ئەم شوێنەوارانەی هێشتۆتەوە، لە نێوان ئەم شوێنانەدا:
  • مزگەوتی گەورە: لە کۆندا ئەم شوێنە پەرستگایەکی کەنیسەی ئەرثۆدۆکسی یۆنانی بووە، پاشان گۆڕاوە بۆ مزگەوتێک لە سەدەی هەشتدا، پاشان خاچپەرستەکان گۆڕیانەوە بۆ کەنیسە، دوای ماوەیەکی کەم دووبارە وەک مزگەوتێک دامەزرێنرایەوە، ئەمڕۆ بە یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین مزگەوتەکانی غەزە داداەنرێت.
  • مزگەوتی ''سید هاشم المملوکی'': پێشتر وا دەزانرا کە گۆڕی هاشمی کوڕی عبد المناف لە گومبەتەکەیدایە.
  • مزگەوتی ''کتاب الولاء القریب'': مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1334ز،
  • مزگەوتی ابن "عثمان": ئەحمەدی کوڕی عوسمان لە نابلوسەوە دروستی کرد لە ساڵی 1402ـدا، دەکەوێتە ناوچەی ''شجاعیة''ـوە.
  • مزگەوتی ابن مروان: لە ساڵی 1324 بیانتراوە، لە ناوەوەیدا مزگەوتی عەلی کوڕی مەڕوان هەیە کە بە کەسایەتی پیرۆز دانراوە.
  • مەیدانی سەربازی ون: دەکەوێتە ناوچەی رمالەوە، بریتییە لە پەیکەرێک بۆ سەربازێکی فەڵەستینیی نەناسراو کە لە جەنگی ساڵی 1948 کوژراوە.
  • کۆشکی پاشا: دەگەڕیتەوە بۆ سەردەمی مەمالیکەکان، دەکەوێتە گەڕەکی کۆن، ئێستا کراوە بە قوتابخانەیەکی کچان.

  • گۆڕستانی جەنگی کۆمنۆلث: یاخود گۆڕستانی جەنگی بەڕیتانی، گۆڕی ئەو هاوپەیمانانەی تێدایە کە لە جەنگی جیهانی یەکەمدا کوژراون.


سەرچاوەکان



2404 بینین