بیڵی بچکۆلە

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-22-17:41:00 - کۆدی بابەت: 12951
بیڵی بچکۆلە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بیڵی بچکۆلە (بە عەرەبی: الولد بیلي، بە ئینگلیزی: Billy the kid) پێشی دەگوترێت بیڵی کوڕ. یەکێکە لە مەترسدارترین لە یاسا دەرچووانی ئەمریکا، کە دەسەڵاتی دادوەری ئەمریکا بڕێکی زۆر پارەی لەسەر دانابوو کە بە زیندوویی یان مردوویی ڕادەستی یاسا بکرێت، ئەو بڕەش ٥٠٠٠ دۆلار بووە کە وەک خەڵات پێشکەشی هەر کەسێک دەکرا کە بیڵی ڕادەستی یاسا بکات، بە زیندوویی یاخود مردوویی.

زانیارییە گشتییەکان

ناوی ڕاستەقینە هێنری ماکارتی
ناوەکانی تری ولیەم بۆنی، هێنری ئەنتریم، ئەنتریمی بچکۆلە.
پیشە گاوان، لە یاسادەرچوو، قومارچی، ئەسپ دز، هاوکاری خاوەن کێڵگە.
بەرواری لە دایکبوون ١٧ی ئەیلوولی ١٨٥٩
شوێنی لەدایکبوون شاری نیویۆرک - ئەمریکا.
مردن ١٤ی تەمووزی ١٨٨١
شوێنی مردن قەڵای سەربازی سەمنەر - نیو مەکسیکۆ.
تەمەن ٢١ ساڵ
هۆکاری مردن تەقەی لێکراوە 
شوێنی گۆڕ گۆڕستانی قەڵای سەربازی سەمنەر.

ناساندن

هێنری یاخود بیڵی لە تەمەنی ١٥ساڵیەوە بە گوێرەی سەرچاوەکان بێسەرپەرشت بووە و دایک و باوکی لە ژیاندا نەمابوون. یەکەم کاری لە یاسا دەرچوونی دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی ١٦ساڵی واتا ساڵی ١٨٧٥ کە لەو کاتەدا بڕێک خواردنی دزی، دوای ١٠ ڕۆژ لە ناوەندێکی جل شۆردنی چینییەکان دزی کرد و دووبارە دەستگیرکرا بەڵام ڕایکرد. بەرەو شاری نیو مەکسیکۆ ڕۆیشت، چونکە ئەوێ تایبەت بوو بە یاسا دەرچووان، لەوێ خۆی وەک هەڵاتوویەکی فیدڕاڵی و لە یاسا دەرچوو ناساند. 

لە ساڵی ١٨٧٧ـەوە ناوێکی تری بۆ خۆی دانا ئەویش "ویلیەم ئێچ بۆنی" لە هەمان ساڵدا یەکەم کوشتنی ئەنجامدا ئەویش کوشتنی ئاسنگەرێک بوو، بەم هۆیەوە لە ویلایەتی ئەریزۆنا بووه داواکراو، بۆیە گەڕایەوە نیو مەکسیکۆ، لە نیو مەکسیکۆ پەیوەندی بە گرووپێکی لە یاسا دەرچوو کرد بەناوی Cattle rustlers کە پیشەیان دزی کردن و تاڵانی کردن بوو. بەم هۆیەوە هێنری لە سەراپای وڵاتەکەدا ناسرا. 

ساڵی ١٨٧٨ پەیوەندی بە یەکەی سەربازی لینکۆڵن کاونتی کرد کە لەو هەرێمەدا جەنگیان دەکرد، دواتر هەستا بە کوشتنی بەرپرسی هەرێمیی لینکۆڵن کاونتی کە ئەویش شێریف ویلیەم جەی بڕادی و دوو هاوکاری تری شێریف. 

دوای ئەم ڕووداوانە دەستگیر دەکرێت و بە تۆمەتی کوشتنی بەرپرسی هەرێمی سزای لە سێدارەدان دەدرێت، لە مانگی نیسانی ١٨٨١ هەوڵی هەڵاتن لە زیندان دەدات و بە سەرکەوتوویی هەڵدێت. لەم هەوڵەیدا بەرپرسێکی تری هەرێمی دەکوژێت، لە کۆتاییدا و لە ١٤ی تەمووزی ١٨٨١ شێریف پات گارێت لە قەڵای سەربازی سەمنەر تەقەی لێ دەکات و هێنری دەکوژێت کە ئەوکات تەمەنی هێنری ٢١ ساڵ بوو. بیڵی یاخود هێنری لە تەمەنیدا ٢١ کەسی کوشت کە دوو لەو کەسانە بەرپرسی هەرێمی بوون. 

سەرەتای ژیان

هێنری ماکارتی لە خێزانێکی ئێرلەندی کاسۆلیکی لە دایکبووە، دایکی ناوی کاسرین و باوکیشی ناوی پاتریک ماکارتییە. سەرچاوەکان دەڵێن هێنری یاخود بیڵی ساڵی ١٨٥٩ لە دایکبووە. 

دوای مردنی پاتریک ماکارتی باوکی، کاسرین و منداڵەکانی خانەیان بەرەو ئندیاناپۆلیس لە ئندیانا گواستەوه. لەوێ کەسێکیان بەناوی ولیەم هێنری هاریسن ناسی، کە دایکی بیڵی‌ دوای ساڵێک و لە ساڵی ١٨٧٣ هاوسەرگیری لەگەڵدا کرد. ئەم ڕووداوەش لە کڵێسای سانتافی لە نیو مەکسیکۆ تۆمارکراوە. ساڵێک دواتر دایکی هێنری بە نەخۆشی سیل کۆچی دوایی کرد. زڕ باوکەکەیان دوو منداڵەکەی کاسرینی لە خانەی بێسەرپەرشتان جێ هێشت و چیتر سەرپەرشتی و بەخێو کردنیانی نەگرتە ئەستۆ.

یەکەم تاوان

تەمەنی هێنری ١٤ساڵ بوو کە دایکی مرد. سارا براون سەرپەرشتیاری خانەی بێسەرپەرشتان ژوورێکی بە هێنری دا لە بەرامبەر کارکردندا. لە بەرواری ١٦ی ئەیلوولی ١٨٧٥ هێنری دەستگیرکرا بە تۆمەتی دزینی خواردن، دوای ئازاد کردنی لە ١٠ ڕۆژی دواتردا ناوەندێکی جل شۆری چینییەکانیان تاڵان کرد کە شتەکان جلوبەرگ و دوو دەماچە بوو، ئەم تاڵانکردنەی لەگەڵ هاوڕێیەکی بەناوی جۆرج شیفەر ئەنجامدا. 

لەم دزی کردنەشدا دەستگیرکرا و دوو ڕۆژ دواتر هەڵهات، بەم جۆرە بووە هەڵاتووی فیدڕاڵی، ئەمەش بە گوێرەی ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی Silver city herald لە ڕۆژێک دوای هەڵاتنی. هێنری دوای هەڵاتن لە زیندان لە ماڵی زڕ باوکەکەی خۆی حەشاردا، دوای ئەوەی دەریکرد، هێنری هەستا بە دزینی جل و بەرگ و چەکەکانی باوکە زڕەکەی. ئەمەش کۆتا جار بوو ئەم دوو کەسە یەکتر ببینن. 

گەشتکردن بەرەو باشووری وڵات

هێنری دوای جێهێشتنی زڕ باوکی، بەرەو ویلایەتی ئەریزۆنا گەشتی کرد. بە دیاریکراوی باشووری خۆرهەڵات، لەوێ وەک بەردەست لە کێڵگەیەک کاری دەکرد و لە هەمان کاتیشدا قوماری دەکرد بۆ ئەوەی پارە کۆبکاتەوە. ساڵی ١٨٧٦ وەک بەردەست لە کێڵگەی کەسێکی ناسراو دەست بە کار بوو کە ناوی "هێنری هووکەر" بوو.

لەو کاتەدا هێنری پەیوەندی لەگەڵ تاوانکارێک بەست کە پێشتر سەربازی ئەسپسوار بوو لە سوپای ئەمریکا، ئەویش "جۆن ئاڕ ماکی" لەو کاتەدا هەردوو تاوانکارەکە لە کەمپی گرانت لە ئەریزۆنا کۆمەڵێک ئەسپیان لە سەربازانی ناوچەکە دزی. لەو کاتەدا ناسناوی Kd Antrimیان لە هێنری نا، بەهۆی گەنجی و کەسایەتییەوە.

کوشتنی ئاسنگەرێک بێ هۆکار

ساڵی ١٨٧٧ لە شارۆچکەی بۆنیتا، کاتێک بیڵی لە ساڵۆنی شارۆچکەکە بوو "ساڵۆن لەو سەردەمەدا بە جێگیەک دەگوترا کە موزیکی تێدا دەژەنرا و ئافرەتی سەماکەری تێدابووە و پیاوانی شوێنەکەش یاخود ڕێبواران قوماریان تێداکردووە و شەراب و خواردنەوە کحولییەکانیان تێدا خواردووەتەوە" کاتێک هێنری لەم شوێنە بوو، ئاسنگەرێک سەیری ڕوخساری بیڵی دەکات و وشەیەکی نەشیاوی پێ دەڵێت، بیڵیش وەڵامی دەداتەوە و ئەویش دەماچەکەی لێ دەردەهێنێت، بەڵام ئاسنگەرەکە درەنگ دەکەوێت و بیڵی دەیکوژێت. دوای چەند ڕۆژێک بیڵی (هێنری) دەگەڕێتەوە شارۆچکەکە، بەڵام ئەنجوومەنی دادوەری دەستگیری دەکەن و دەینێرن بۆ کەمپی گرانت بەڵام لەوێش پێش ئەوەی سزا بدرێت هەڵدێت. 

نزیکبوونەوە لە مردن

دوای هەڵاتن لە کەمپی سەربازی گرانت، هێنری بەرەو سنووری نیو مەکسیکۆ پاشکشە دەکات، لەوێ برسیەتی تینی زۆری بۆ دەهێنێت بۆیە ڕوو دەکاتە قەڵای ستانتۆن کە هاوڕێیەکی بەناوی جۆن جۆنس لە گرووپی لە  یاسا دەرچووی "جەنگاوەرانی حەوت ڕووبارەکە" بوو هاوکاری دەکات و دایکی جۆن کە پیشەی پەرستاری بوو شوێن برینەکانی ساڕێژ دەکات و خواردنی پێ دەدەن، بەمەش وزەی دێتەوە بەر و تەندروستی بەرەو باشی هەنگاو دەنێت. 

لینکۆڵن کاونتی

دوای گەڕانەوەی بەرەو سنووری مەکسیکۆ، هێنری دەبێتە گاوان، کار بۆ بازرگانێکی ئینگلیز بە ناوی جۆن هێنری تنستال دەکات. ئەم بازرگانە کێڵگەیەکی هەبوو لە نزیک ڕیۆ فیلێکس. ئەم بازرگانە دەسەڵاتی فراوانی بەسەر ناوچەی لینکۆڵن کاونتیدا هەبوو، کە سوودی ئابووریشی بۆ ناوچەکە هەبوو، بۆ نموونە گۆشتی مانگا لە کێڵگەکانی ئەمەوە دەگەیشتە بازاڕەکانی ناوچەکە، جگە لە بەرهەمی دانەوێڵە و سەوزە و میوە. 

ئەم بازرگانە لە هەمان کاتدا کەسێکی ساختەچی و فێڵباز بوو، بەرپرسی هەرێمی لینکۆڵن کاونتی "ولیەم جەی بڕادی" دوای ئەوەی پێی دەزانێت دەیکوژێت، لە بەرامبەریشدا هێنری ئەم بەرپرسە باڵایە لەگەڵ هاوکارەکانی دەکوژێت.

هێنری، وەک تاوانبارێکی لە یاسا دەرچوو

دوای ئاڵۆزییەکانی لینکۆڵن کاونتی، هێنری و ڕزگاربووەکان هەڵاتن، کوشتنی بەرپرسێکی فیدڕاڵی وای کرد کە خەڵاتێکی زۆر بۆ دەستگیرکردنی هێنری دابنرێت کە تا کاتی مردنی هێنری بەهاکەی گەیشتە ٥٠٠٠ دۆلار کە ئەوەش بڕێکی ئێجگار زۆر بوو. لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٨٧٨ مارشاڵی سوپای ئەمریکا "جۆن شێرمان" بەرپرسێکی نوێی ڕاسپارد بەناوی "لیو والانس" بۆ سزادانی حەوت تاوانبار، بەڵام دژواری بارودۆخەکە نەتوانرا سزای لە سێدارەدان جێبەجێ بکرێت.

دەستگیرکردن و هەڵاتن

لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٨٨٠، پارێزگار "والانس" پۆستەرێکی بە تابلۆی ئاگادارییەکان لکاند کە تیایدا "بیڵی بچکۆلە" بڕی ٥٠٠ دۆلاری تر چۆتە سەر هەژمارەکە و ئەو کەسەی بتوانێت دەستگیری بکات یاخود بیکوژێت پاداشت دەکرێت، ئەوەبوو شێریف "بەرپرسی هەرێمی" پات گارێت لە ئۆپراسیۆنێکدا دەستگیری کرد بەڵام دووبارە لەزیندان هەڵاتەوە.

دووبارە دەستگیرکردنەوە و مردن

دوای ئەم ڕاکردنە شێریف گارێت بەردەوام بە دوایدا دەگەڕا، پارێزگار والانسیش بەردەوام بڕی بەخشیشەکەی بەرز دەکردەوە تا خەڵکی هاوکاری یاسا بکەن، ئەوە بوو لە کۆتاییدا گەیشتە ٥٠٠٠ دۆلار. بەم جۆرە دەنگۆیەک دەگاتەوە بە پات گارێت ئەمەش دوای سێ مانگ لە گەڕان و بە دواداچوون بوو، دەنگۆکە دەیگوت هێنری دواجار لە قەڵای سەمنەر بینراوە، بۆیە دەستبەجێ هێزێک ڕەوانەی ئەوێ کرا. لە بەرواری ١٤ی تەمووزی ١٨٨١ لە ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ پیاوانی یاسادا هێنری کوژرا. 

دەنگۆکان لە بارەی نەمردنی هێنری

لە ماوەی پەنجا ساڵی دواتردا دەیان کەس بەناوی Billy the kid کوژراون کە هەموویان لە یاسا دەرچوو بوون و لەسەر گۆڕەکانیشیان هەر ئەم ناوە نووسراوە. 

سەرچاوەیەک کە دەیسەلمێنێت کە هێنری نەکوژراوە و نازانرێت چی بەسەر هاتووە، تێستی DNA دایکی و ئەو لاشەیە بوو کە لە قەڵای سەمنەر کە گوایە گۆڕی هێنری بوو، کە ساڵی ٢٠١٢ ئەم تێستە ئەنجام درا، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٤ کۆمەڵێک توێژەر گوتیان ئەوە گۆڕی هێنری نییە، لە ئەنجامدا دەرکەوت هیچ پەیوەندییەکی خزمایەتی لە نێوان ئەو دوو ئێسک و پروسکەدا نییە. 


سەرچاوەکان



4088 بینین