ناساندنی پێنج زاراوەی گرنگ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت قورئانی پیرۆز لەبەربکەن

له‌لایه‌ن: - بەختەوەر بەهادین - به‌روار: 2021-07-12-14:49:00 - کۆدی بابەت: 5860
ناساندنی پێنج زاراوەی گرنگ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت قورئانی پیرۆز لەبەربکەن

ناوه‌ڕۆك

گرنگی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز

قورئانی پیرۆز کۆتا پەیامی خودای گەورەیە کە دابەزیوە بۆمان, پێویستە ئێمەی موسڵمانان کاتێکی زۆر باشی بۆ تەرخان بکەین و بچینە خزمەت قورئانی پیرۆز و چۆک دابدەین لە خزمەتیدا بە گوێگرتن لێی و خوێندنەوەی و لەبەرکردنی و زانینی ماناکانی و لێوردبوونەوەی و کارپێکردنی, وە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزيش ڕێخۆشکەرە بۆ کارکردن پێی.

ناساندنی پێنج زاراوەی گرنگ بۆ ئەوانەی دەیانەوێت قورئانی پیرۆز لەبەربکەن

التسخین (خۆگەرمکردن)

ئاشکرایە کاتێک ئێمە دەمانەوێت کە بچین وەرزش ئەنجامبدەین پێش ئەوە چەند ڕاهێنانیکی سووک ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی گەرم ببین و بە جوانی یاری بکەین, وە گەر نا لە پاش یاریەکە تووشی کەشەنگبوونی ماسولکەکان دەبین, هەر بەو شێوەیش بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز, پێویستە پێش پڕۆسەی لەبەرکردن ئێمە خۆمان ئامادەکردبێت و ڕاهێنانمان ئەنجامدابێت, باشە خۆ گەرمکردن و ڕاهێنان پێش لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز چۆن دەبێت؟

پێش ئەوەی دەستبکەین بە لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز واباشترە کە دەستنوێژمان هەبێت, پاشان گەر بتوانین دوو ڕکات نوێژ بکەین, پاش نوێژەکە چەند ویرد (زیکر) ـێک بکەین, لەوانە, (داوای لێخۆشبوون لە خودای گەورە (إستغفار), صەلاواتدان لەسەر پێغەمبەر ﷺ, و هتد..), پاش زیکرەکان دەستمان بەرز بکەینەوە و دووعا بکەین, داوا لە خودای گەورە بکەین کە هێز و توانامان پێببەخشێت بۆ ئەوەی بتوانین قورئانی پیرۆز لەبەربکەین.

لەوەچێ کەسێک بپرسێت باشە ئەم شتانە چ پێویست دەکات پێش ئەوەی قورئانی پیرۆز لەبەربکەین؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە ئێمە خۆمان گەرم دەکەین, ڕاهێنان دەکەین بەو چەند شتەی کە لە سەرەوە باسکرا بۆ ئەوەی ئامادەبین بۆ لەبەرکردنی قورئان, ئەمانە لە ڕووی ڕوحی و دەروونیەوە ئامادەمان دەکەن و وزەمان پێدەبەخشن, پاشان قورئان (مصحف)ـەکەمان دەهێنین, دەیکەینەوە, بۆ ماوەی چەند خولەکێک سەیری ئەو ئایەتانە دەکەین کە دەمانەوێت لەبەری بکەین, پاش ئەوەی سەیرمان کرد چەند هەناسەیەکی قوڵ هەڵەمژین, لە ڕێگەی لووتەوە هەناسە وەردەگرین, چەندێک بتوانین لە سنگماندا دەیهێلێنەوە, پاشان لە ڕێی دەمەوە دەیدەینەوە.

الحفظ (لەبەرکردن)

پاش ئەوەی کە ئێمە ئامادەبووین کە قورئانی پیرۆز لەبەربکەین, ئێستە دەست دەکەین بە لەبەرکردن, زۆر ڕێگە و شێوازمان هەیە بۆ لەبەرکردنی قورئانی پیرۆز, لەوانە: (رێگەی الحصون الخمسة, ڕێگەی احفظ القرآن كما تحفظ الفاتحة), وە زۆر ڕێگەی تر کە پێت دەڵێت هەر ئایەتێک چەند جار دوبارە بکەیتەوە هەر لاپەڕەیەک چەندێک بیڵێیتەوە بۆ ئەوەی لە مێشکتدا بچەسپێت و لەبیرت نەچێتەوە, بە پێی توانا و وزەی خۆت دەتوانیت ڕێگایەک هەڵبژێریت.

ئەوە سەلماوە کە پاش ماوەیەک لە لەبەرکردنی قورئان مێشکمان زۆر بەهێزدەبێت, زانایان دەفەرموون: "ئەوەی مانگێک قورئانی پیرۆز لەبەربکات توانای مێشکی دە هێندە زیاد دەکات".

پێویستە کاتێک کە ئێمە قورئانی پیرۆز لەبەردەکەین لەگەڵیشیدا تەفسیر (ڕاڤەی قورئانی پیرۆز) بخوێنینەوە لەگەڵیدا بۆ ئەوەی لە ماناکانی قورئان تێبگەین, کە لە ماناکانی تێگەیشتین ئەوکات ئاسانتر لەبەردەکرێت, پێویستە لە ماناکانی قورئان تێبگەین و لێی وردبینەوە و کاری پێبکەین, پێویستە پڕۆسەی لەبەرکردن زۆر بەهێزبێت چونکە بناغەیە, تا چەند پڕۆسەی لەبەرکردن بە باشی بکرێت, ئەوەندە لە دوایدا ئاسانتر دەبێت بۆ پێداچوونەوە و لەبیرنەچوونەوەی.

التکرار (زۆر دوبارەکردنەوە)

ئەو بەشە لەبەرکراوەی کە ئەمڕۆ لەبەری دەکەیت, زۆر بیڵێرەوە بۆ ئەوەی بچەسپێت و لەبیرت نەچێتەوە, وە بۆ ئەوەی لە یادگەی نزیک مەوداوە بیخەینە یادگەی دوور مەودا, وە هەر ئەم دووبارەکردنەوە گرتنە ڕێی پێشینە چاکەکانی ئومەتەکەمانە (السلف الصالح), ئەوانیش بەو شێوە هەرکاتێک زانستێکیان وەرگرتبێت زۆر دووبارەیان کردووەتەوە بۆ ئەوەی لەبیریان نەچێتەوە, وە هەر شتێکیش زۆر دووبارە بکرێتەوە ئەوا لە مێشکدا دەچەسپێت و لەبیر ناچێتەوە, پێویستە  ئەو بەشەی کە لەبەری دەکەین ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە 25 جار بە لەبەر بوترێتەوە بۆ ئەوەی بچەسپێت, زۆربەی زانایان دەفەرموون تا ڕێژەی دوبارەکردنەوە زۆرتر بێت ڕێژەی لەبیرچوونەوە کەم دەکات, لە وڵاتی مۆریتانیا شەنقیطیەکان بەوە ناسراون کە زۆر زیرەکن لە لەبەرکردندا, کە لێیان پرسین هۆکاری ئەم زیرەکیەی ئێوە چییە؟, وتیان لە پاش فەزڵی خودای گەورە زۆر دووبارەکردنەوەمان بۆ ئەو زانستە وای کردووە کە زۆر باش لەبەرمان بێت, پرسیاریان لێکرا هەر لاپەڕەیەک کە لەبەری دەکەن چەندێک دوبارەی دەکەنەوە؟, وتیان: هەر لاپەڕەیەک لەبەری دەکەین 400 جار بە لەبەر دوبارەی دەکەینەوە بۆ ئەوەی لەبیرمان نەچێتەوە, پاشان دەچینە سەر لاپەڕەیەکی تر.

التثبیت (چەسپاندن)

کە ئەمەش بە زۆر دوبارەکردنەوەی ئەو بەشە لەبەرکراوە دێت کە ئەنجاممان داوە, کەواتە زۆر دوبارەکردنەوەی ئایەتەکان دەبێتە هۆی چەسپاندن و لەبیرنەچوونەوەیان.

المراجعة (پێداچوونەوە)

پێویستە ئێمە پلانمان هەبێت بۆ پێداچوونەوەی ئەو بەشە قورئانەی کە لەبەرمان کردووە, جا ئایە پێنج جوزئە یا دە یا پازدە یا بیست یا سی, پێویستە پلانی ڕۆژانەمان هەبێت و ڕۆژانە بەپێی ئەو پلانەی دامان ناوە بەشێک لە قورئانی پیرۆز بە لەبەر پێداچوونەوەی بکەینەوە, زانایان دەفەرموون واباشترە هەرچەندت لەبەرە ئەوە بە ماوەی دە ڕۆژ پێداچوونەوەی بۆبکەیت, واتە گەر دە جوزئت لەبەربێت یا پازدە یا بیست یا سی ئەوە بە ماوەی دە ڕۆژ پێداچوونەوەی بۆ بکە, بەڵام هەندێک هەن کە ناتوانن لە ماوەی دە ڕۆژدا ئەنجامی بدەن, ئەوە دەتوانن بە ماوەی بیست ڕۆژ ئەوەی لەبەریانە پێداچوونەوەی بۆ بکەن, ئەگەر هەر نەبوو ئەوە پێویستە بە لایەنی کەمەوە لە ماوەی سی ڕۆژ جارێکدا (واتە مانگی جارێک) ئەوەی لەبەرتە پێداچوونەوەی بۆ بکەیت, چونکە پێداچوونەوەی قورئان ئەو بەڵێن و پەیمانەیە کە پێغەمبەرمان ﷺ دەربارەی فەرموویەتی: (تعاهدوا القرآن), بەڵێن و پەیمان بدەن بە قورئانی پیرۆز, دەستی پێوەبگرن و لە خزمەتیدابن, کەواتە بە پێداچوونەوە ئەوەی لەبەرمان کردووە دەچەسپێت و زۆر ئاسان دەبێت بۆمان, لە هەر کاتێک بمانەوێت لە هەر شوێنێک لە قورئانی پیرۆزەوە دەیخوێنین, کە ئەمەش تەنها ئەو کەسانە دەتوانن کە زۆر بە جوانی قورئانیان لەبەرە و زۆر پێداچوونەوەیان کردوەتەوە, وە هەروەها وەک شێخ دورەید ئیبراهیم موصلی دەگێڕێتەوە و دەفەرموێت: (وسیبارک الله فی وقتک إن صدقت), گەر ڕاست بکەیت ئەوە بە دڵنیاییەوە خودای گەورە بەرەکەت دەخاتە کاتتەوە, بۆیە پێویستە هەمیشە نیەتمان لە لەبەرکردن و پێداچوونەوەی قورئان تەنها لە پێناو خودای گەورە و خزمەتکردن بە ئاینی پیرۆزی ئیسلام بێت, هەروەها قورئان ڕەنگدانەوەی هەبێت لە ژیانماندا هەروەک چۆن لە ژیانی پێغەمبەرمان ﷺ رەنگدانەوەی هەبووە.


سەرچاوەکان



1082 بینین