نەرمەواڵە

له‌لایه‌ن: - محمد تاهیر - به‌روار: 2021-07-24-23:13:00 - کۆدی بابەت: 6035
نەرمەواڵە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەرمەواڵە یاخود سۆفتوێر  بریتییە لە کۆمەڵە داتا و ڕێنمایی کە چۆنییەتی کارکردن و ئەنجامدانی کارەکان بە کۆمپیوتەر دەڵێت، بۆیە دەتوانین بڵێین کە نەرمەواڵە پێچەوانەی ڕەقەواڵەیە (hardware)، کە بریتین لەو پارچانەی بۆ کارپێکردنی کۆمپیوتەر پێویستن، لە زانستی کۆمپیوتەر و ئەندازیاری پڕۆگرامسازیدا نەرمەواڵە لەو زانیاریانەی کە لەلایەن سیستمی کۆمپیوتەرەوە چارەسەر (process) دەکرێت، وەک پڕۆگرام و داتاکان. ڕەقەواڵە و نەرمەواڵەی کۆمپیوتەر پێویستیان بە یەکترییە بۆ کارکردن ناتونرێت بە تەنها بەکاربهێنرێن.

لە نزمترین ئاستی زمانی پڕۆگرامیندا، کۆدی کارپێکراو (executable code) پێکدێت لە زمانی ئامێر کە زانیاری و ڕێنمایی دەبەخشێت بە یەکە چارەسەرکارەکانی کۆمپیوتەر، کە دەکرێت یەکەی چارەسەرکەری ناوەکی (CPU) بێت، یاخود کارتی شاشە (GPU) بێت، زمانی کۆمپیوتەر کۆمەڵە نرخێکی باینەری کە چەندین ڕێنمایی لەخۆدەگرێت بۆ یەکەی چارەسەرکەری کۆمپیوتەرەکە و هەروەها دەبێتە هۆی گۆڕینی دۆخی کۆمپیوتەرەکە، بۆ نموونە ڕێنماییەک لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕینی یەکێک لەو نرخانەی کە لە بیرگەی کۆمپیوتەرەکەدا هەیە، بەڵام ئەم گۆڕانکارییانە زۆرجار بەکارهێنەر نایانبینێت، یان لەوانەیە ئەو ڕێنماییانە ببێتە هۆی کارکردنی یەکێک لە یەکەکانی وەرگر و دەرکەر (Input/Output) یەخود هەردوکیان پێکەوە، بۆ نموونە وەک نیشادانی وێنە یان هەر زانیارییەک بێت لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکە یان وەرگرتنی زانیاری کە تەختەکلیلی کۆمپیوتەرەکە و لەهەمان کاتدا نیشاندانی لەسەر شاشەی کۆمپیوتەرەکە، یەکەی چارەسەرکەری کۆمپیوتەر ڕێنماییەکان بە ڕیز دەخوێنێتەوە و تێناپەڕێتە سەر زانیارییەکی تر، مەگەر یەکێک لە ڕێنامییەکان داوای لێبکات یان لەلایەنی سیستمی کارپێکەرەوە ڕێنماییەکان بوەستێنرێت.

زۆربەی نەرمەواڵەکان بە زمانە ئاست بەرزەکانی پڕۆگرامین دەنوسرێن، چونکە ئەم زمانانە ئاسانتر و نزیکترن لە زمانی مرۆڤەکانەوە، زمانە ئاست بەرزەکانی پڕۆگرامین وەردەگێڕدرێن بۆ زمانی ئامێر یاخود کۆمپیوتەر (machine language) لەڕێگەی بەکارهێنانی کۆکەرەوە (compiler) یان وەرگێڕ (interpreter) هەروەها لەهەندێک حاڵەتدا هەردوکیان پێکەوە بەکاردێن، نەرمەواڵەکان دەکرێت بە زمانی ئەسێمبڵی بنووسرێن، زمانی ئەسێمبڵی نزیکترە لە زمانی کۆمپیوتەرەوە و لەڕێگەی (assembler)ـەوە وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی کۆمپیوتەر.

مێژوو

یەکەمین نەرمەواڵە یاخود پڕۆگرام لە سەدەی 19ـی زاینی لەلایەن ئادا لۆڤلایسەوە نوسرا، کە بریتیبوو لە ئەلگۆریذمێک بۆ ئامێرێک کە پێیدەوترا بزوێنەری شیکاری (Bernoulli Numbers)، ئەم پڕۆگرامە هەڵدەستا بە شیکارکردنی ژمارەکانی بێرنۆلێ، بۆیە ئادا لۆڤ لایس بە یەکەمین پڕۆگرامەر دادەنرێت.

لە ساڵی 2000 فرێد شاپیرۆ، بەرپرسی کتێبخانە بوو لە قوتابخانەی یالێ، نوسینێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا لاپەڕەیەکی جۆن تووکی تێدابوو بەناوی "بناغەی فێرکردنی بیرکاری (The Teaching of Concrete Mathematics)"، کە ئەم نوسینە وشەی نەرمەواڵە (software)ـی تێدا بەکارهاتبوو، گرنگی ئەم پەڕەیە لەوەدابوو کە لە ساڵی 1958 بڵاوکرابوویەوە کە دەکاتە دوو ساڵ پێش دروستکردنی فەرهەنگی ئینگلیزی ئۆکسفۆرد، بۆیە جۆن بە داهێنەری وشەی نەرمەواڵە دەنرا، بەڵام کۆنترین بڵاوکراوە کە وشەی نەرمەواڵەی تێدا بەکارهاتووە بریتییە لە بابەتێک دەربارەی ئەندازیاری کە لەلایەن ڕیچارد کارهاردەوە لە ساڵی 1953 نوسراوە، بۆیە ڕیچارد بە داهێنەری وشەی نەرمەواڵە دادەنرێت.

جۆرەکانی نەرمەواڵە

نەرمەواڵەی ئەپڵیکەیشن

ئەو جۆرە نەرمەواڵەیە کە سیستمی کۆمپیوتەرەکە بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی چەند کارێکی تایبەت بکات یان کاتێکی خۆش بە بەکارهێنەرەکە ببەخشێت، نەرمەواڵەی ئەپڵیکەیشن وەک یارییەکان، وێبگەڕەکان، نەرمەوەڵەکانی دەستکاری کردنی وێنە و ڤیدیۆکان، هتد...

نەرمەواڵەی سیستم

ئەو جۆرە نەرمەواڵانەن کە بەکاردێن بۆ ڕێکخستنی ڕەفتار و شێوازی کارکردنی ڕەقەواڵەکان (hardware)ـی کۆمپیوتەرەکە، هەروەها بۆ یارمەتیدانی نەرمەواڵەکانی تر و دڵنیابوونەوە لە کارکردنیان و شێوەیەکی تەواو، نەرمەواڵەی سیستم چەند بەشێکی تر لەخۆ دەگرێت کە بریتین لە:

سیستمی کارپێکەر

سیستمی کارپێکەر کۆمەڵە نەرمەواڵەیەک لەخۆدەگرێت کە بەشەکانی کۆمپیوتەرەکە ڕێکدەخات و یارمەتی ئەو نەرمەواڵەنە دەدات کە لەسەری کاردەکەن، سیستمی کارپێکەر لەچەند بەشێکی سەرەکی پێکدێن کە بریتین لە پڕۆگرامی چاودێریکەر (Supervisory program)، boot loaders، شێڵ (Shell) لەگەڵ سیستمی پەنجەرەکان (window systems)، زۆر جار سیستمە کارپێکەرەکان لە کاتی دابەزاندنیاندا کۆمەڵە نەرمەواڵەیەکیان لەگەڵدایە کە هەندێکیان نەرمەواڵەی ئەپڵیکەیشنن، بۆ ئەوەی بەکارهێنەر بتوانێت کۆمپیوتەرەکە بەکاربهێنێت کە تازە سیستمی لەسەر دانراوە.

ناساندنەکانی ئامێر (تەعریف - drivers)

ئەم جۆرە نەرمەواڵەن هەڵدەستن بە کۆنترۆڵکردنی یەک جۆر ئامێر کە بە کۆمپیوتەرەکەوە دەبەسترێت، ئەم نارمەواڵانە پێویستن بۆ ئەوەی کۆمپیوتەر بتوانێت ئەو ئامێرە وەرگر و دەرکەرانە بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی زانیاری بکات.

نەرمەواڵە خزمەتگوزارییەکان

بریتین لە نەرمەواڵەی کۆمپیوتەر کە یارمەتی بەکارهێنەر دەدەن بۆ پشکنین و چاککردنەوەی کۆمپیوتەرەکانیان.

نەرمەواڵەی گوماناوی (malware)

ئەم جۆرە نەرمەواڵەیە بەکاردەهێنرێت بۆ تێکدانی و زیان گەیاندن بە کۆمپیوتەرەکان، هەروەها نەرمەواڵەی گوماناوی چەندین تاوانی کۆمپیوتەری لەخۆدەگرێت و هەندێک لەو تاوانانە سزای رۆز قورسیان لەسەرە، هەروەها چەند جۆرە نەرمەواڵەیەکی گوماناوی هەن کە وەک گاڵتە بەکاردەهێنرێن.


سەرچاوەکان



2067 بینین