سۆران

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-08-01-17:15:00 - کۆدی بابەت: 6127
سۆران

ناوه‌ڕۆك

قەزای سۆران

سۆران یه‌كێكه‌ له‌ شارەکانی هەرێمی کوردستان و ١١٥ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی پارێزگاری هەولێرەوە دوورە، ناوەندی کارگێڕی هەریەک لە قەزاکانی چۆمان و مێرگەسۆر و ڕەواندزە و بنەچەی قەزای سۆرانیش دەگەڕێتەوە بۆ ناحیەی دیانا، لە کۆندا مەسیحی بوون و دواتر لەگەڵ هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ئەوانیش ئایینەکەیان گۆڕیوە و دانیشتوانیشی زیاتر بووە، ساڵی ١٩٨٠ و دوای ڕاگواستنی گوندەکانی دەوروبەری لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ناوچەکە ئاوەدان کرایەوە و هەتاوەکو کاتی ڕاپەڕین ژمارەی دانیشتوانی کەمتر بوو لە ٥٠٠٠ کەس، کە ئێستا زیاترە لە ١٩٦ هەزار کەس.

ناوی سۆران

ناوی سۆران لە دەوڵەتی میرنشینی سۆرانەوە هاتووە، كە لە ساڵەكانی ١٨٣٠ میر محەمەد وەك دەوڵەت حوکمی کردووە و پایتەختەکەی ئەوکاتی ڕەواندز بووە.

جوگرافیای ناوەندی سۆران

شوێنی جوگرافی سۆران وەک سەنتەری قەزا لە پانتایەكی ڕووتەختی و بانەكاندا پێهاتووە، دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی هەولێری پایتەخت و ١١٥ بۆ ١٢٠ كلیۆمەتر دوورە و دەکەوێتە نێوان کێوی کۆڕەک و گۆرەز و حەسەن بەگ و برادۆست و هەندرێن، ساڵانی ١٩٢٨ بۆ ١٩٣٠ ڕێگای گشتی هاملتۆن دروستکرا کە سۆران لەت دەکات و لە هەولێرەوە بۆ حاجی ئۆمەرانە.

چیاکانی بە بەرزی زۆریان ناسراون و ناوچەی شاخاوی و سروشتی زۆر دڵڕفێنن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر بۆ خۆیان ڕادەکێشن.

لە ناوچەکەدا سێ ڕووبار بوونیان هەیە (باڵەک، باڵەکیان، بێخاڵ)، زستانێکی سارد و هاوینێکی گەرمی هەیە و هەریەک لە سەیرانگاکانی جوندیان و بێخاڵ و گەلی عەلی بەگ لە خۆی دەگرێت.

ئاووهەوایەکی شێداری هەیە و دوو ڕووباری پێدا ڕەت دەبێت و دەڕژێنە زێی بچووکەوە کە هەردوو ڕووباری شێخی و برادۆستن، یەکەمیان لە ئێرانەوە دێت و دووەمیان لە وڵاتی تورکیاوە، ئەم دوو ڕووبارەش سوودێکی زۆر دەگەیەنن بە بەنداوی بێخمبە لە داهاتوودا.

ڕووبەری گشتی

ڕووبەری قەزاکە ٨٠٩٦١٦ دۆنمە و زیاتر لە ٧٣٧ هەزار دۆنمی بە کەڵکی کشتوکاڵ دێت.

ژینگەی سروشتی

هەریەک لە قەزوان، بەڕوو، بڵالوك، كرۆسك، گێوژ، ڕێواس، قارچک لە بەرهەمە خۆڕسکەکانی ناوچەکەن، چەندین بەرهەمی دیکەی کشتوکاڵیشی هەیە وەک: (دانەوێڵە و دارگوێز و سپیندار و سێو هەرمێ‌ و هەڵوژە و هەنار و هەنجیر و ترێ‌).

خاوەنی هەریەک لە ئاژەڵەکانی (ورچ و گورگ و کەمتیار و سمۆرە و مار و پشیلەی کێوی و سەگی ئاوی و ماسی و بزنی کێوی و بەراز)ـە.

کارگێڕی

لە رووی كارگێڕیەوە قەزای سۆران هەر سێ‌ ناحیەی سیدەكان و دیانا و خەلیفانی هەیە، بە هەموویەوە زیاترە لە ٤٠٠ گوند و ١٧٥٠٠٠ کەسیش لە خۆیان دەگرن، سەنتەری قەزاکە ٣٦ گەڕەکە و زۆرینەیان خاوەنی پڕۆژەی ڕێگاوبان و شەقام و ئاو و کارەبان، خاوەنی ٦٥ بنکەی حکوومییە و لە ٤٥ بەڕێوبەرایەتیدا ئیشوکاری هەریەک لە سۆران و مێرگەسۆر و چۆمان و ڕواندز بەڕێدەکرێن، خاوەنی ١٤ بارەگای حیزبی سیاسییە و ١٠ ڕێکخراوی پێگەیاندن و کۆمەڵگەی مەدەنی تێدایە و خاوەنی پێنج بنکەی تەندروستی گشتییە.


سەرچاوەکان



3205 بینین