پێچەڵپێچی مانگەشەو

له‌لایه‌ن: - محەمەد تاهیر - به‌روار: 2021-08-03-22:33:00 - کۆدی بابەت: 6161
پێچەڵپێچی مانگەشەو

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی پێچەڵپێچی مانگەشەو

پێچەڵپێچی مانگەشەو (بە ئینگلیزی: Moonlight Maze) بریتیبوو لە لێکۆڵینەوەیەکی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەساڵی 1999 کە بووە هۆی دۆزینەوەی دزینی ڕێژەیەکی زۆر لە دزرانی داتای پارێزراو و نهێنی، ئەم هێرشە سەرەتا لە ساڵی 1996 دەستیپێكرد و کاریگەری لەسەرچەندین دامەزراوە هەبوو وەک ناسا، پێنتاگۆن، هاوپەیمانانی سەربازی، ئەکادیمیا مەدەنییەکان، وەزارەتی کارەبای ئەمریکا (DOW) هەروەها چەندین ئاژانسی حکومی ئەمریکی، لە کۆتایی ساڵی 1999 هێزێکی تایبەت پێکهێنرا بەناوی پێچەڵپێچی مانگەشەو کە پێکهاتبوو لە 40 کەسی شارەزا لە بوارەکانی یاسا و سەربازی و حکومەت، لێکۆڵەرەوان ڕایانگەیاند گەر هەموو ئەو زانیارییانەی کە براون چاپ بکرێن و لەسەر یەک ڕیزبکرێن ئەوا سێ ئەوەندەی مۆنۆمێنتی واشنتۆن بەرزە کە بەرزییەکەی 169 مەترە، واتە بەرزی زانیارییە چاپکراوەکان نزیکەی 510 مەتر دەبێت، هەرچەندە لەسەرەتادا بەڵگەی تەواو بەردەست نەبوو بەڵام حکومەتی ڕووسیا تاوانبارکران بۆ هێرشەکە، پێچەڵپێچی مانگەشەو یەکێکە لە یەکەمین هێرشی سیخووڕی ئەلیکترۆنی لە مێژووی جیهاندا، تەنانەت بە هەڕەشەی پێشکەوتووی بەردەوام هەژمێردەکرا، کە هێرشێکی نهێنی مەترسیداری کۆمپیوتەرییە.

ڕێگاکانی هێرشکردن

ئەم هاکە سەرەتا بەوە دەستیپێکرد کاتێک هاککەرەکان هەستان بە دروستکردنی دەرگای پشتەوە یاخود باک دۆر (بە ئینگلیزی: back door)، کە یارمەتی هاککەرەکان دەدات بە دووبارەچوونەوە بۆ ناو ئەو سیستمانەی کە هاککراون بەمەبەستی زیاتر بردنی زانیاری، هەروەها چەندین کەرەستەیان بەجێهێشتبوو کە داتای بەناو ڕووسیادا ڕاوت دەکرد، هاککەرەکان هەموو ئەو کەرەستانەی کە بەکاریان دەهێنا پێشتر لە سەرچاوە کراوەکاندا هەبوو، واتا هیچی لە داهێنانی خۆیان نەبووە، هەروەها سیستمەکان لەو کاتەدا زۆر گرنگی بە لایەنی پارێزراوییان نەدەدرا، هەندێکجار نوێکردنەوەکان 6 مانگ بۆ ساڵێکی دەخایاند بۆیە هاککردنیان ئاسانبوو، هەروەها یەکێک لە هۆکارەکانی تر ئەوەبوو کە ئینتەرنێت نوێ بوو و نەدەزانرا کە دەکرێت زیانێکی هێندە گەورە دەکرێت لەڕێگەی ئینتەرنیتەوە ئەنجامبدرێت، بۆیە پێچەڵپێچی مانگەشەو بە گەورەترین دزینی زانیاری نهێنی و شاراوە دادەنرێت لە مێژوودا.

دەرئەنجام و کاریگەری

جایمس ئادامس لەبەردەم کۆنگرێسدا باسی هێرشەکە دەکات و دەڵێت: "زانیارییەکان کە دزرابوون لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە گوازرابوونەوە بۆ مۆسکۆ و پاشان لە زیادکردندا (مزایەدە) فرۆشرابوون"، هەروەها دەڵێت: "نرخی زانیارییە دزراوەکان زیاترە لە ملیۆنان دۆلار"، ئەو زانیارییانەی کە لە هێرشەکەدا برابوون لەوانەیە چەندین زانیاری گرنگی تێدابووبێت دەربارەی سیستمی مووشەکی ئاڕاستەکراو، هەروەها چەندین زانیاری سەربازی گرنگ، هەروەها لە هێرشەکەدا هەزارەها فایل دزراون کە توێژینەوەی تەکنیکی تێدابووە لەگەڵ نەخشەی سەربازی و ڕێکخستنی سەربازانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەگەڵ دیزاینی ڕەقەواڵەی سەربازی و چەندین تەکنیکی نهێنیکردن (encryption technique)، هەروەها زانیاری هەستیار دەربارەی پلاندانانی جەنگی پێنتاگۆن کە دەکرێت بفرۆشرێن بە دوژمنەکانی ئەمریکا، ئەم هێرشەی کە ئانجامدرا زیانی زۆر گەورەی هەیە لەسەر بەرگری وڵاتی ئەمریکا، کە زانیارییە دزراوەکان دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ لەکارخستنی سیستمی بەرگری مووشەکی وڵاتەکە.


سەرچاوەکان



813 بینین