ناوکی منداڵی تازە لەدایکبوو

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-23-13:23:00 - کۆدی بابەت: 6389
ناوکی منداڵی تازە لەدایکبوو

ناوه‌ڕۆك

ناوکە پەتەک

منداڵ ماددەی خۆراکی و ئۆکسجین لە منداڵدانەوە لە ڕێگەی وێڵاشەوە و ناوکە پەتەکەوە وەردەگرێت، دوای ئەوەی کە منداڵەکە لە دایک بوو ناوکەکە لە نزیک لە جەستەی منداڵەکەوە دەقرتێنن و بە گیرەیەک دەیگرن، دواتر وردە وردە وشک دەبێتەوە و دەکەوێت.

کاتی کەوتنی ناوکی منداڵی تازە لەدایکبوو

ڕیشەی ناوک به گشتی دوای تێپەڕبوونی ٣ ڕۆژ تەڕایی نامێنێت و دەست دەکات بە وشکبوونەوە، لە حەوتەم ڕۆژ یاخود دەیەم ڕۆژدا دەکەوێت و جیادەبێتەوە ئەگەر هاتوو لەم ماوەیە زیاتری خایاند نابێت دەستکاری بکەیت و دەبێت هەر چاوەڕێبیت تاکوو خۆی بکەوێت، ئەم جیابوونەوەیە دەبێتە هۆی دروستبوونی برینێکی بچووک، کە ئەویش دوای چەند ڕۆژێک نامێنێت و لادەچێت، کاتێک کە ڕیشەی ناوکەکە جیادەبێتەوە لەوانەیە کەمێک خوێن ببینیت کە ئاساییە، و هەندێک کاتیش لەوانەیە دەردراوی سپی یاخود زەردیش بێتە دەرەوە و یاخود بڕێک گۆشتی مردووش لەوێدا بمێنێتەوە، کە ئەمانە خۆیان باش دەبن، و هەندێک کاتیش ئەو گۆشتە مردووە لەوانەیە پێویست بکات کە لەلایەن پزیشکەوە دەربهێندرێت کە ئەمەش شتێکی ئاساییە و جێگای دڵگرانی نییە.

چاودێریکردنی ناوکی منداڵی تازە پێگەیشتوو

- ڕیشەی ناوکی منداڵەکە بە پاکی و وشکی بهێڵەوە و بەڵام بە هیچ ماددەیەک پاکی مەکەرەوە.

- دایبییەکە زۆر مەهێنەرە سەرەو و لەسەر ناوکی منداڵەکە مەیبەستە.

- تا کاتێک کە ئەم ناوکە نەکەوتووە نابێت منداڵەکەت بخەیتە ناو ئاوەوە و تەڕی بکەیت.

- کاتێک هاوینە و هەوا گەرمە تەنها دایبییەک و کراسێکی فێنک بکە بەر منداڵەکەت تاکوو ناوکەکە زوو وشک ببێتەوە.

- جلێک مەکە بەر منداڵەکەت کە تەسک بێت و یاخود گیر بکات لە ناوکەکەی

- هەرگیز هەوڵ مەدە ناوکەکە جیابکەیتەوە لە منداڵەکەت ئەگەر تەنانەت بەقەد مویەکیشی مابێت، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی خوێنبەربوون، بهێڵە تاکوو خۆی بکەوێت.

- بوونی کەمێک دەردراو ئاساییە بەڵام دەبێت وردە وردە وشکی بکەیتەوە بە هێواشی.

- بۆ پاککردنەوەی ناوکەکە دوورکەوە لە بەکارهێنانی هەموو ماددەیەک، بە پێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە کە ئەو ناوکەی بە بێ هیچ ماددەیەکی کیمیایی پاکدەکرێتەوە زووتر وشک دەبێتەوە و دەکەوێت، چونکە کاتێک ماددەی کیمیایی بەکاردەهێنیت بۆ پاککردنەوەی ئەم ماددە کیمیایانە دەبنە هۆی کوشتنی ئەو بەکتریا سوودبەخشانەی کە یارمەتیدەرن بۆ زووتر کەوتنی ناوکەکە.

چ کاتێک پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

- ئەگەر دەردراوی ناوکەکە زۆر بوو

- ئاوسان و سووربونەوەی دەوروبەری ناوکەکە

- تا و بێتاقەتی منداڵ

- بۆنی ناخۆشی ناوکەکە

- درەنگ کەوتنی (واتە ئەگەر زۆری بەسەردا چوو و تاکوو زیاتر لە پانزە ڕۆژ نەکەوت)

- پێش یاخود پاش کەوتنی ناوکەکە خوێنبەربوونی ناوکەکە زۆربوو، کاتێک ناوکەکە دەکەوێت بینینی کەمێک خوێن ئاساییە، بەڵام کاتێک دڵۆپێک خوێن دەسڕیت و خێرا دۆڵپێکی دیکە دێت، هیچ ئاسایی نییە و دەبێت خێرا سەردانی پزیشک بکەیت.


سەرچاوەکان



6720 بینین