تەها حسێن

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-08-29-16:41:00 - کۆدی بابەت: 6424
تەها حسێن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

گەورە نووسەر و ئەدیبی عەرەبی تەها حسێن لەدایکبووی ساڵی 1899ـی وڵاتی میسڕە، لە خێزانێکی هەژار پەروەردە بووە، بەهۆی نەزانی و دواکەوتووییەوە، لە تەمەنی شەش ساڵیدا توشی نەخۆشی دڕکە و مێکوتە دەبێت و هەردوو چاوی لەدەست دەدات و نابینا دەبێت، بەڵام زۆر زیرەک و بە توانا بووە، هەربۆیە لە تەمەنێکی کەمدا فێری نووسین و خوێندنەوە دەبێت و هەموو قورئانی پیرۆز لەبەردەکات لە ڕێگەی گوێگرتنەوە، لە تەمەنی لاویدا ڕوو دەکاتە شاری قاهیرە و لە مزگەوتی "ئەزهەر" لەوێ بنەمای زانستە ئاینییەکان دەخوێنێت و ئاشنای ئەدەبی عەرەبی دەبێت، لە قاهیرە کاریگەر بووە بە مامۆستایەکی خۆی بە ناوی "موحەمەد عەبدۆ" مامۆستایەکی نوێخواز و بیر فراوان بووە و بانگەشەی نوێگەری کردووە، هەر بۆیە تەها حسێن ياخی بووە و ڕەخنەی لە سەر شێواز و ڕێبازە ئایینیەکانی شێخەکانی ئەزهەر گرتووە، بەو هۆیەوە لە ئەزهەر دوورخرایەوە، لە ساڵی 1908 ڕووی کردووەتە زانکۆی میسڕ، شارستانی ئیسلامی و شارستانی میسڕی کۆن و زمانە دێرینەکانی خوێندووە، لە بارەی مێژوو و جوگرافیا و ئەدەب و فەلسەفەش خوێندوویەتی و شارەزایی وەرگرتووە، بە هۆی کاریگەر بوونی بە شاعیری عەرەبی"ئەبوو عەلا معری" (شاعیرێکی عەرەبییە شیعرەکانی بە ڕەخنەکانی لەسەر ئاینی ئیسلام ناسراوە) بابەتی دکتۆراکەی لە ئاداب لەسەر شیعر و کەسایەتی ئەو شاعیرە بووە، دەنگدانەوەیەکی گەورەی بە خۆیەوە بینی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆری کردەوە.

لە ساڵی 1914 بەرەو فەڕەنسا کۆچ دەکات بۆ درێژەدان بە خوێندن و دەچێتە زانکۆی "مۆنبلێیە"، ئەم سەفەرە کاریگەرترین ڕووداو دەبێت لە سەر ژیانی و دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە ژیانی، لە فەڕەنسا بە "سوازان برێسو" ئاشنا دەبێت، پاشان لە دوای چیرۆکی خۆشەویستی نێوانیان هاوسەرگیری لەگەڵدا کردووە، سەرەڕای دژایەتی خێزانەکەی بەهۆی جیاوازی ئاین و نەتەوەوە، سوزانی هاوسەری بووە ڕێنیشاندەر و هاوڕێ و ڕاوێژکاری، لە ڕێگەی چاوەکانی ئەوەوە دونیای دەبینی و کتێبی زۆری بۆ خوێندووەتەوە و بە شێوازی برێڵ کتێبەکانی بۆ نووسیوە (شێوە نووسینێکی تایبەتە بە نابینایان، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانن بخوێننەوە)، هەر ئەویش هاندەر و یارمەتیدەری بووە بۆ بەدەستهێنانی دکتۆرا لە زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە ساڵی 1919 لەسەر "ئیبن خەلدوون" بوونەتە خاوەن دوو منداڵ بە ناوەکانی ئەمینە و موئنس، لە هەمان ساڵدا بووە خاوەنی بڕوانامەی دبلۆم لە زمانی لاتینی، پاشان گەڕایەوە بۆ میسڕ وەکوو مامۆستای ئەدەب و مێژووی ڕۆمانی و یۆنانی لە زانکۆی میسڕ کاریکردووە، پاشان وەک ڕاگری کۆلێژی ئاداب دەستبەکار بووە، و دواتر لە ساڵی 1942 کراوە بە ڕاوێژکاری وەزیری ڕۆشنبیری ئەوکاتەی میسڕ، لە ساڵی 1950 پۆستی سەرۆك وەزیرانی ئەو وەزارەتەی وەرگرتووە بۆ ماوەی دوو ساڵ، پاشان دەستی لە هەموو پلە و پۆستە حکوومییەکان هەڵگرتووە خۆی تەرخانکرد بۆ نووسین و بەرهەمەکانی تا ئەو کاتەی کۆچی دوایی کردووە لە ساڵی 1973. 

بەرهەمەکانی 

-  کتێبی الأيام (ڕۆژگار) لە گرنگترین بەرهەمەکانی تەها حسێنە لە ساڵی 1929 بڵاویکردووەتەوە، لەم کتێبەدا بە شێوەیەکی زۆر تایبەت سەربوردە و یادەوەری خۆی نووسیوەتەوە، ئەم بەرهەمەی بۆ چەندان زمان وەرگێڕانی بۆ کراوە، هەروەها بۆ زمانی کوردیش وەگێڕاوە.

- لە چەندان ڕۆژنامە و گۆڤار کاری نووسینی کردووە و سەرنووسەری چەند ڕۆژنامەیەکیش بووە، لە ساڵی 1945-1948 گۆڤاری نووسەری میسڕی دانا و هەر خۆیشی بووە سەرنووسەری.

- لە بواری ڕەخنەگرتن و گوتار، ڕۆمان و کورتە چیرۆک، میژوو و شیعر، هەروەها فەلسەفە و وەرگێراندا کاریکردوە. 

کەسایەتی تەها حسێن 

کەسایەتییەکی بەهێز و کۆڵنەدەر بووە، هیچکاتێك نابینایی چاوانی نەبووەتە ڕێگر و کۆسپ لە ژیانی، تەها حسێن نازناوی ڕاگری ئەدەبی عەرەبی پێدراوە، یەکەمین کەس بووە لە ئەدەبی عەرەبی دکتۆرای هێناوە.

گرنگییەکی زۆری بە خوێندن و خوێندەواری داوە و هەمیشە هەوڵی داوە بۆ هەموو کەس فەراهەم بکرێت، لە ماوەی دوو ساڵی دەستبەکاربوونی وەکوو سەرۆكی وەزارەتی ڕۆشنبیری ئەو کاتەی میسڕ، مافی خوێندنی بنەڕەتی بۆ هەمووان کردووە بە خۆڕایی و چەندان زانکۆی درووست کرد. 


سەرچاوەکان



963 بینین