عیمران دەقنیش - منداڵی سووری

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-09-03-15:05:00 - کۆدی بابەت: 6488
عیمران دەقنیش - منداڵی سووری

ناوه‌ڕۆك

عیمران دەقنیش

عیمران دەقنیش کە لەدایکبووی ساڵی ٢٠١١ـیە، منداڵێکی سورییە بەهۆی شەڕی ناوخۆی سوریاوە ناوبانگی پەیداکرد، لە ڕۆژی ١٨/٨/٢٠١٦ لە میدیاکانی جیهانەوە وێنەکەی بڵاوبوویەوە کە لە نێو ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن دانیشتووە و هەموو ڕووخساری خوێن و خۆڵە و بەوپەڕی نائومێدی و سەرسوڕمانەوە سەیری چواردەوری دەکات، ئەو وێنەیەش وەک بۆمبێک تەقییەوە بە ڕووی جیهاندا.

لەپاش بڵاوبوونەوەی وێنەکە لە تەواوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان چەندین هەزار جار بڵاوکرایەوە و خەڵکی سەرسامکرد، هەواڵبێژی کەناڵی CNN لەکاتی بڵاوکردنەوەی وێنەکە و باسکردنی دەستی کرد بە گریان، دوابەدوای ئەوەش ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز نازناوی "ئەو منداڵەی بووە نیشانەی ئازاری حەلەب"ـی پێبەخشی، (Became a Symbol of Aleppo’s Suffering).

ڕووداوەکە

لە ١٧/٨/٢٠١٦ فڕۆکەکانی ڕووسیا و سوپای سوریا هێرشێکی ئاسمانییان کردە سەر هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی شاری حەلەب و بەهۆیەوە بۆمبێک لە ماڵی خێزانی دەقنیش دەدات و بەسەریاندا دەڕوخێت، دوای ئەوە بنکەی ڕاگەیاندنی حەلەب گرتەی دەرهێنانی خێزانەکەی بڵاوکردەوە و کاتێک عەمار حەمامی تەندروستکار عیمرانی ٥ ساڵ لەژێر خانووەکەیاندا دەردەهێنێت و دەیخاتە نێو ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنەکەوە بەبێ ئەوەی بگری یان هاواربکات یان فرمێسک لە چاوەکانی بێنە خوارەوە، دوای ئەوەش تەنیا سەیردەکات و چاوەکانی دەسڕێت بەهۆی خوێنەوە و سەیری دەستەکانی دەکات و دەستە بچووکەکانیشی دەسڕێت بە کورسییەکەی کە لەسەری دانیشتووە، دواتریش منداڵانی دیکە یەک لەدوای یەک دەردەهێنن لە تەنیشتی دایدەنێن.

دوای ڕووداوەکە

عەلی دەقنیشی برای عیمران بەهۆی خوێنبەربوونی ناوەکی و لەناوچوونی هەندێک ئەندامەکانی جەستەی لە نەخۆشخانە لە ڕۆژی ٢١/٨/٢٠١٦ گیان لەدەستدەدات لە تەمەنی ١٠ ساڵی.

کاردانەوەکان

سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی لوبنان سەعد حەریری لە تویتەر نووسی: "کێ تیرۆرستە؟ بەشار ئەسەد و هاوپەیمانەکانی؟ عیمران؟ ئالان کوردی؟ یان ئەو کەسانەی بێدەنگن بەرامبەر بەشار ئەسەد؟".

ڕاگەیاندنە جیهانییەکانیش لەسەریان نووسیبوو: "دنیای گریاند، بەڵام خۆی نەگریا".


سەرچاوەکان



3223 بینین