چەند ڕێگایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵەکەتدا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-14:29:00 - کۆدی بابەت: 13036
چەند ڕێگایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵەکەتدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند ڕێگایەک بۆ دروستکردنی پەیوەندی هاوڕێیەتی لەگەڵ منداڵەکەتدا (بە ئینگلیزی: some way to become child's best friend، بە عەرەبی: طريقة ما لتصبح صديقًا لأطفالك) پەیوەندی هاوڕێیەتی پەیوەندییەکی جوان و بەهێزە، زیاتر لە پەیوەندییەکانی تر دەمێنێتەوە. بوون بە هاوڕێی منداڵەکەت بیرۆکەیەکی باشە و لە تێگەیشتینی حەز و ئارەزووەکانی منداڵەکەت یارمەتیدەر دەبێت. ئەمانە چەند ڕێگایەکن تاکوو لە دروستکردنی ئەم پەیوەندییە یارمەتیدەرت بن.

سەرەتا دایک و باوک بە

یەکەم هەنگاو بۆ دروستکردنی پەیوەندیەکی هاوڕێیەتی بەهێز لەگەڵ منداڵەکەتدا ئەوەیە کە  پێویستە منداڵەکان یاسا گرنگەکان بزانن، گرنگترین یاساش پێویستە منداڵەکان ئەوە لەبیر نەکەن کە تۆ دایک یان باوکیت پێش ئەوەی هاوڕێ بیت. هەندێک لە دایک و باوکان هەوڵدەدەن ببنە هاوڕێی منداڵەکانیان و بەتەواوی ئەوە لەبیر دەکەن کە ئەوان دایک و باوکن. هەرچەندە بوون بە هاوڕێی منداڵەکەت کارێکی باش بێت، بەڵام هێشتا منداڵەکان پێویستییان بە دایک و باوک دەبێت. هەرچەندە پێدانی ئازادی بە منداڵەکان کارێکی باش بێت، بەڵام ئەگەر ئەم ئازادییە زیاد لە پێویست و هیچ سنوورێکی نەبێت زیان بە منداڵەکان دەگەیەنێت. بەبێ بوونی سنووری خێزان ڕەنگە منداڵان بۆ خۆیان بڕیار بدەن و زیانیان پێ بگات.  

پێکەوە سەیری فیلم بکەن

سەیری ئەو فیلمانە بکەن کە منداڵەکان ئارەزووی دەکەن و فیلمی پەسەندکراوی ئەوانن، وەک ئەنیمەیشن و فیلمە سەرکێشییەکان. منداڵان لیستێکی زۆریان لەو فیلمانەی ئارەزووی سەیرکردنیان دەکەن هەیە، بەپێی توانا و کارەکانت هەوڵبدە کاتێک دیاری بکەیت تاکوو پێکەوە سەیری فیلیم بکەن.

پێکەوە بچنە ئەو شوێنانەی منداڵەکان ئارەزووی دەکەن

منداڵان ئارەزوویەکی زۆریان بۆ چونە دەرەوە هەیە، پرسیارییان لێ بکە دەربارەی ئەوەی لە کۆتایی هەفتە دەیانەوێت سەردانی چ شوێنێک بکەن. بهێڵە با پلان بۆ ڕۆژە پشووەکانیان دابنێن، دەتوانیت چەند پێشنیارێکی خۆتیان دەربارەی شوێنەکان پێ بڵێیت بەڵام ڕێگە بدە خۆیان شوێنەکانی خۆیان هەڵبژێرن. ئەمە ئەو هەستەیان بۆ دروست دەکات کە تۆ وەک دایک و باوک ڕێز لە هەڵبژاردنەکانیان دەگریت.

ڕێگەیان بدە لە کارەکانی ماڵەوە یارمەتیدەرت بن

ڕۆژانە لە ماڵەوە شتی زۆر ڕوودەدات، بهێڵە منداڵەکان ئاگادار بن. داوایان لێ بکە یارمەتیت بدەن، لەگەڵ خۆت بۆ بازاڕکردن و کڕینی پێداویستییەکان بیان بە و داوایان لێ بکە لە پاککردنەوەی ماڵەکەدا یارمەتیدەرت بن. ئەم کارانە وادەکات کاتێکی زیاتر پێکەوە بەسەر بەرن.

با هەوڵ و ماندووبوونەکانیان جێی گرنگی تۆ بن

منداڵان زۆر هەست بە دڵخۆشیی دەکەن کاتێک، نرخ بە هەوڵ و ماندووبوونەکانیان دەدرێت. ئەگەر دەتەوێت هاوڕێیەکی باشی منداڵەکەت بیت، کاتێک کارێکی باش ئەنجام دەدات نرخ بۆ کارەکەیان دابنێ و ستایشیان بکە. بەهۆی ئەمە هەست بە متمانە بەخۆبوون دەکەن و لە ئەنجامدانی کاری باش بەردەوام دەبن.

ئەو خواردنانە ئامادە بکە کە منداڵەکانت ئارەزووی دەکەن

ئەو خواردنانەی منداڵەکەت ئارەزووی دەکات دروست بکە و ڕێگە بدە لە کاتی ئامادەکردنی خواردنەکان یارمەتیت بدەن و پێکەوە ئامادەی بکەن.

هەوڵ مەدە تەنها پرسیارییان لێ بکەیت، بەڵکوو هەندێک شتیان لەگەڵ هاوبەشی پێ بکە

دایک و باوکان هەمیشە پرسیارێکی زۆر لە منداڵەکان دەکەن، بەڵام هەوڵبدە هەندێک شتیان لەگەڵ هاوبەشی پێ بکەیت بۆ نموونە هەندێک لەو کارانەیان بۆ باس بکە کە لە تەمەنی گەنجی ئەنجامت داون. چۆن کاتت لەگەڵ هاوڕێکانت بەسەر بردوە و هەندێک بەسەرهات و ڕووداو کە لە تەمەنی گەنجی و قوتابخانە بەسەرت هاتووە، یان هەر شتێکی تر کە دەزانیت منداڵەکان ئارەزوو دەکەن گوێی لێ بگرن.

بۆ ئەوەی ببیتە هاوڕێی منداڵەکەت پێویستت بە ئەنجامدانی کاری زۆر نییە، تەنها هەوڵبدە تێبگەیت کە منداڵەکەت چاوەڕێی چی لە هاوڕێکەی دەکات تۆ هەوڵبدە ببیتە ئەو کەسەی منداڵەکەت چاوەڕێی دەکات.  


سەرچاوەکان



211 بینین