هۆکاری زۆر قسەکردنی منداڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-07-24-16:14:00 - کۆدی بابەت: 13658
هۆکاری زۆر قسەکردنی منداڵ و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

قسەکردنی منداڵ بەڕاستی شیرین و خۆشەویستە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەموومان  منداڵێکمان بینیوە کە بە بەردەوامی قسە دەکات. وایدانێ منداڵێکی بچووکت هەیە کە ڕۆژانە سەدان جار دەڵێت "دایکە" و پێداگری لەسەر ئەوە دەکات کە وەڵامی هەمووڕ ستەیەک بدەیتەوە کە دەیڵێت. ئەگەر گوێ لە دایک و باوکان بگریت کە منداڵی بچووکیان هەیە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە گلەیی ئەوە دەکەن کە منداڵەکەیان زۆر قسە دەکات.

زۆر قسەکردنی منداڵ نیشانەی چییە؟

منداڵان بە قسەکردنی بێ وەستان ئارامگری و خۆڕاگری دایک و باوک تاقیدەکەنەوە. هەر قۆناغێکی گەشەی منداڵ تایبەتمەندی تایبەتی خۆی هەیە، لەو قۆناغەی کە منداڵ فێری دروستکردنی ڕستەی مانادار دەبێت بەوشەی جیاواز، وردە وردە ڕێژەی قسەکردنی زیاد دەکات. قسەکردن و پرسیارکردن ئەو شێوازانەن کە منداڵ بەکاری دەهێنێت بۆ ئەوەی زیاتر ژینگەکەی و جیهانی دەورووبەری بناسێت.

هۆکاری زۆر قسەکردنی منداڵ چییە؟

١- دڵەڕاوکێ
ئەگەر منداڵ لە کاتی قسەکردندا بەردەوام شڵەژاوی پێوە دیار بێت، هۆکاری قسەکردنەکەی دڵەڕاوکێی دەروونیە. هەرچەندە بەگشتی دڵەڕاوکێی منداڵ پەیوەندی بە ڕەفتارەکانی وەکوو شەرمکردن و  گۆشەگیرییەوە هەیە، بەڵام هەندێکجار منداڵی بچووک بە قسەکردن دڵەڕاوکێی خۆیان نیشان دەدەن.

٢- زیرەکی 
زیادەڕەوی لە قسەکردنی منداڵ هەمیشە نیشانەی تێکچوونی ڕەفتاری جیاواز نییە، هەندێکجاریش ڕەنگە نیشانەی توانای زارەکی نائاسایی بێت، کە ئەمەش لە منداڵانی بەهرەمەنددا باوە.

٣- ئۆتیزم
ئەگەر قسەکردنی بێوچانی منداڵێک کێشەی کۆمەڵایەتی دیکەی لەگەڵدا بێت، وەکوو پەیوەندیه چاوی لاواز، زۆر پێداگری کردن لەسەر بابەتێک یان کێشەی پەیوەندیکردن لەگەڵ کەسانی دیکە، ئەوەڕ ەنگە نیشانەی تێکچوونی سپێکتری ئۆتیزم بێت. ئەگەر نیگەرانی زۆر قسەکردنی منداڵەکەتی، باشتر وایە ڕاوێژ بە پزیشکی منداڵان بکەیت.

چارەسەر بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زۆر قسەکردنی منداڵ

١- ئەو گفتوگۆیانە دیاری بکە کە پێویستە وەڵام بدرێنەوە
هەموو قسەکانی منداڵەکە بۆ تۆ نییە، هەندێک کات لەکات ییاریکردندا قسە لەگەڵ خۆی دەکات و بەڕاستی پێویستی بە وەڵامێک نییە لەلایەن دایک و باوکەوە. بە میهرەبانییەوە وەڵامی ئەوشتانە بدەرەوە کە منداڵەکە پێت دەڵێت و دەیپرسێت، بەڵام تێکەڵی قسەکردنەکەی لەگەڵ خۆی یان یارییەکانی مەبە، با فێری ببێت بەتەنیا یاریک بکات. 

٢- سنوور دابنێ
بە زمانێکی سادە و بەشێوەیەک منداڵ تێ بگات، بۆی ڕوون بکەرەوە کە لەڕۆژەکەدا کاری تریشت هەیە بیکەیت و یاریکردن لەگەڵ ئەویشدا لە لیستی کارەکانتدایە. لە ڕۆژدا کاتێک دیاری بکە بۆ ئەوەی لەگەڵ منداڵەکەت دابنیشیت و یاری و قسەی لەگەڵ بکەیت، لەم کاتەدا هیچ کارێکی تر مەکە و هەموو سەرنجەکانت لەسەر یاریکردن لەگەڵ ئەودا چڕبکەوە. بەمەش پێویستی منداڵەکە بۆ ئەوەی لەگەڵتدا بێت چارەسەر دەبێت، کاتێکیش سەرقاڵی شتەکانی تر دەبیت، بەردەوام بەدوای تۆدا ناگەڕێت.

٣- ئاگاداری تۆنی قسەکردنت بە
هەرگیز قسەکانت بە تۆنێکی توند و ڕستەی نەرێنی بە منداڵەکە مەڵێ. بیستنی شتی وەکوو "هەرگیز واز لە قسەکردن ناهێنیت” وێنایەکی نەرێنی لە مێشکی منداڵەکەرا دروست دەکات دەربارەی خۆی و وادەکات هەست بە شەرمەزاری بکات، لەبری ئەوەی بە تۆنێکی توند قسە بکەیت، بە منداڵەکەت بڵێ، “من زۆر حەزم لە گوێگرتن لە قسەکانتە، بەڵام کاری تریشم هەیە بیکەم، کاتێک تەواو بووم قسە دەکەین باشە؟" ئەم تۆنە قسەکردنە وا لە منداڵەکە دەکات تێبگات کە هەمیشە خۆشتدەوێت و تەنها ئەرکی ترت هەیە کە ناتوانیت بەردەوام لەگەڵیدا بیت.


سەرچاوەکان



121 بینین