یازدە یاری خۆشی دایک و منداڵ

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-07-20-17:37:00 - کۆدی بابەت: 13610
یازدە یاری خۆشی دایک و منداڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پێویست ناکات زۆر توند بیت لە کاتی یاریکردن لەگەڵ کۆرپەکەت، منداڵ لەگەڵ هەموو کارلێکێکدا شتێک لە جیهان فێر دەبێت، تەنیا پێویستە کە ئارامگر و داهێنەر و بێگومان دەم بە خەندە بیت.

یازدە یاری خۆشی دایک و منداڵ

١- چاوشارکێ
یەکێک لە باشترین و ئاسانترین یارییەکان بۆ دایک و کۆرپە چاوشارکێیە. ڕووخسارت لە پشت دەستەکانتەوە بشارەوە و پاشان دەستەکان دوور بخەرەوە، دواتر خۆت دەربخە و دەنگێک بەکاربهێن، کۆرپەکان تا تەمەنی ٩ مانگی پێیان وایە بە داپۆشینی ڕووخسارت ون دەبیت. لە ئەنجامدا منداڵەکەت عاشقی ئەم یارییە دەبێت. بە تێپەڕبوونی کات منداڵەکەت هەوڵدەدات تۆ بدۆزێتەوە بەدوورخستنەوەی دەستەکانت لەیەک، ئەمەش نیشانەی گەشەکردنە. ئەم یارییە تاقی بکەرەوە لەکاتی هەندێک کاری وەکوو گۆڕینی دایبی و پۆشینی جلوبەرگ بۆ  کۆرپەکەت، تاکوو کارەکە ئاسانتر و خۆشتر بێت.

٢- لاسایی کردنەوەی دەنگی کۆرپە
هەروەک چۆن دەتوانیت بە سەرنجدان لە لە حاڵەت و ڕەفتارەکانی کۆرپەکە، کاتێکی گونجاو بۆ یاریکردن لەگەڵی بدۆزیتەوە، دەتوانیت بیرۆکەی نوێی بۆ یاری کردن لێ وەربگریت. بۆ نموونە کاتێک کۆرپەکە دەنگی گڕوگاڵی دەرکرد، هەوڵبدە لاسایی ئەو دەنگانەی بکەیتەوە. ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی بناغەی تواناکانی قسەکردنی، بەهەمان شێوە کاتێک زەردەخەنە دەکات، تۆش زەردەخەنە بکە، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیادکردنی متمانە بەخۆبوونی. کۆرپەکە بە هەستەوەرەکانی خۆی تێدەگات کە چێژ لە لەگەڵ ئەو بوون وەردەگریت.

٣- یاریکردن بە ئاوێنە
نیشاندانی وێنەی کۆرپە لە ئاوێنەدا، یارییەکی سادەیە بەڵام کاریگەرە بۆ بەهێزکردنی خود ئاگایی و لێهاتوویی کۆمەڵایەتی کۆرپەکە. کۆرپەکان چێژ لە بینینی وێنەکەیان لە ئاوێنەدا وەردەگرن و هەوڵدەدەن مامەڵەی لەگەڵیدا بکەن. ئەم یارییە دەتوانێت یارمەتی کۆرپە بدات بۆ ئەوەی خۆی بناسێت، هەروەها کاردانەوەی کۆمەڵایەتی وەکوو زەردەخەنە و لاسایی کردنەوەی ئاماژەکان ئەزموون بکات.

٤- لووتت لەکوێیە؟
بۆ پەرەپێدانی توانای زمانەوانی منداڵ و پێکەنینی، یاری "لووتت لەکوێیە؟" تاقی بکەنەوە. بە ئاوازەوە بپرسە: "لووتت لەکوێیە؟" پاشان بە نەرمی دەستی لێبدە و بە خۆشحاڵییەوە بڵێ "لوتت لێرەیە”دووبارەکردنەوەی ئەم یارییە لەگەڵ ئەندامە جیاوازەکانی جەستە یان شتەکانی دەورووبەری، یارمەتی منداڵەکەت دەدات بۆ فێربوونی مانای وشەجیاوازەکان.

٥- یاریکردن بە قوماش
بەو پێیەی ئەزموونە هەستییەکان بۆ کۆرپە تازەن، حەز دەکەن بەچاوی زانخوازییەوە سەیری دەوروبەریان بکەن، هەوڵبدەن بۆ ناسینی جیهانە نەناسراوەکەیان. یاریکردن بە پارچە قوماشەکان کەپێکهاتەی جیاوازیان هەیە وەکوو کەتان، سەتەن و مەخمەڵ، دەرفەتی ئەوە دەڕەخسێنێت کۆرپەکە هەستی دەست لێدانی بەهێز بکات. گرتن و جوڵاندنی پارچە قوماشەکان یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هێزی ماسولکەکان و هاوسەنگییان.

٦- شیعر و گۆرانی
کۆرپەکام زۆر حەز بە بیستنی دەنگی دایک و باوکیان و دووبارەکردنەوەی دەنگەکان دەکەن. یارمەتی منداڵەکەت باشتر لە زمان تێبگات، بە بەردەوامی وتنەوە گۆرانی و ئاوازی سادەی منداڵان. دەتوانیت لەهەر کاتێکی ڕۆژدا ئەم چالاکییانە ئەنجام بدەیت، ئەمەش یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی توانای زمانی منداڵ.

٧- یاریکردن بە تۆپ
یاریکردن بە تۆپ لەگەڵ منداڵێکی ساوا تەنانەت پێش ئەوەی بتوانێت تۆپ بگرێت، زۆر خۆش دەبێت، با تۆپەکان پێکهاتە و ڕەنگی جیاوازیان هەبێت کە بۆ کۆرپە دیزاین کراون. تۆپەکە بدە بە کۆرپەکەت و بزانە چی لێدەکات، دەتوانیت بە خلکردنەوەی تۆپەکە ڕێگەی جیاوازی یاریکردنی پیشان بدەیت، یان دانانی لەناو دەفرێکدا. لەگەڵ زیادبوونی هێزی ماسولکەکان، کۆرپەکە دەست دەکات بە لاساییکردنەوەی تۆ و داهێنانی یاری نوێ.

٨- گوێ لە مۆسیقا بگرن و گۆرانی بڵێن
کۆرپەکان حەزیان لە مۆسیقایان، لە گۆرانییە هێورکەرەوەکانەوە تا گۆرانییە بە ریتم و بێماناکان. تەنانەت ئەگەر پێت وابێت ناتوانیت بەباشی گۆرانی بڵێیت، کۆرپەکەت چێژ لە بیستنی دەنگت وەردەگرێت و ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی پەیوەندی دایک و باوک و منداڵ. دەرفەت بدە بە منداڵەکەت کە گوێ لەجۆرە جیاوازەکانی مۆسیقا بگرێت و جۆری مۆسیقا دڵخوازەکەی بەکاردانەوەکانی بناسێتەوە.

٩- یاریکردن بە پەنجە
یاری پەنجە ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ پەرەپێدانی توانای جووڵەی ورد و هەماهەنگی دەست و چاو لە کۆرپەدا. دەتوانن سوود لە شیعر و گۆرانی خۆش لەگەڵ جووڵەی دەست و پەنجە وەربگرن بۆئەوەی ئەم یارییە سەرنجڕاکێشتر بێت.

١٠- یاری ختوکە
ختوکە هەم پێکەنیناوییە و هەم خۆشە، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ بەهێزکردنی هەستی دەست لێدان و پەیوەندی سۆزداری نێوان تۆ و کۆرپەکەت. بەنەرمی بەشە هەستیارەکانی جەستەی کۆرپەکە ختوکە بدە و گرنگی بە کاردانەوەکانی بدە. پێکەنینە شادەکەی ئەوە دەردەخات کە ئەویش چێژ لەم یارییە وەردەگرێت.

١١- لاسایی کردنەوەی دەنگی ئاژەڵ و ئۆتۆمبێل

توانای خەیاڵ کردن و توانای زمانی منداڵ بەهێز بکە، بە لاساییکردنەوەی دەنگی ئاژەڵە جیاوازەکان وەکوو سەگ، پشیلە، مانگا یان ئۆتۆمبێل، شەمەندەفەر و فڕۆکە


سەرچاوەکان



87 بینین