هەشت سوودی بەتەنیا یاریکردن بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-07-18-21:52:00 - کۆدی بابەت: 13571
هەشت سوودی بەتەنیا یاریکردن بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕەنگە سەیر بێت، بەڵام بەتەنیا یاریکردن یەکێکە لە گرنگترین پێویستییەکانی منداڵان، کاتێک منداڵ بەتەنیا یاری دەکات، زۆرێک لە کارامەییە گرنگەکانی وەکوو پشت بەخۆبەستن و داهێنان تێیدا بەهێز دەبن. لەم بابەتەدا باس لە گرنگی یاریکردن بە تەنیا و سوودەکانی دەکەین. 

گرنگی بەتەنیا یاریکردن بۆ منداڵان

هەرچەندە یاریکردن لەگەڵ منداڵ یەکێکە لەو کارە گرنگانەی کە پێویستە ڕۆژانە ئەنجامی بدەن، بەڵام هەندێک جار پێویستە منداڵ بەتەنیا یاری بکات. یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکانی بەتەنیا یاریکردن بەهێزکردنی سەربەخۆیی منداڵە. سەربەخۆبوون یەکێکە لەو کارامەییانەی کە نەک تەنها لە منداڵیدا، بەڵکوو لە هەموو ساڵەکانی ژیاندا پێویستە. ئەو منداڵانەی بەتەنیا یاری دەکەن زیاتر متمانەیان بەخۆیان هەیە و داهێنەرترن. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، بوونی بەردەوامی دایک و باوک لە یارییەکاندا لەگەڵ منداڵ، توانای بەهێزکردنی کارامەییە بەسوودەکانی وەکوو سەربەخۆیی لە منداڵ دەسێنێت.

بۆچی دەبێت منداڵان بەتەنیا یاری بکەن؟

١- فێردەبن بۆخۆیان کات بەسەر ببەن
ئەو منداڵانەی بەتەنیا یاری دەکەن فێردەبن خۆیان سەرقاڵ بکەن، تێبگەن کە پێویستیان بە کەسێکی دیکە نییە بۆ یاریکردن و دڵخۆشبوون. ئەو متمانە بەخۆبوونەی کە منداڵ لەکاتی یاریکردنی بەتەنیادا بەدەستی دەهێنێت، دەستکەوتێکی بەنرخە. یەکێکی تر لە باشییەکانی منداڵ کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ یاری دەکات ئەوەیە کەپێویست ناکات بیانوو بۆ یاریکردن لەگەڵ کەسانی تر بخاتە ڕوو، توانای ئەوەی هەیە بە تەنیا خۆی سەرقاڵ بکات.

٢- بەهێزکردنی خەیاڵکردن
منداڵان پڕن لە خەیاڵی جیاواز. کاتێک منداڵەکە بەتەنیا یاری دەکات، چاودێری بکەن، تێبینی ئەوە دەکەن کە هەموو کەسایەتییە پاڵەوانەکانی و هاوڕێ خەیاڵییەکانی هێناوەتە ناو یارییەکەوە و کاتێکی خۆشیان لەگەڵدا بەسەر دەبات. تۆ دەپرسیت بەھێزکردنی خەیاڵی منداڵ چ سوودێکی ھەیە؟ داهێنان ئەنجامێکی بەنرخی بەهێزکردنی خەیاڵکردنی منداڵە.

٣- بەهێزکردنی سەربەخۆیی
بەتەنیا یاریکردن هەستێکی ناوازەی سەربەخۆیی بە منداڵ دەبەخشێت. سەربەخۆبوونی منداڵ وادەکات هەمیشە چاوەڕێی هاوبەشێک نەکات بۆ یارییەکەی و لە هەر بارودۆخیکدا هەست بە ئاسوودەیی بکات. یاریکردن بەتەنیا نابێتە هۆی ئەوەی منداڵ لە کەسانی تر بکشێتەوە یان گۆشەگیری بکات، بەڵکوو منداڵەکە سەربەخۆ دەکات بۆ ئەو کاتانەی کە دەبێت بەتەنیا یاری بکات.

٤- زیادکردنی ئارامی منداڵ
یاریکردن لەگەڵ منداڵانی تر وزە بە منداڵەکە دەدات و وادەکات کارلێکی پێویست بۆ گەشەکردنی جەستەیی و دەروونی بەدەست بهێنێت. هاوکات یاریکردن بەتەنیا ئارامی منداڵ زیاد دەکات و بێزاری و سەرسەختی منداڵ کەمدەکاتەوە.

٥- ڕاهێنانی خۆ ئارامکردنەوە
هەرچەندە هەرکاتێک منداڵ پێویستی بە ئێوە هەبێت لەلای دەبن، بەڵام بەتەنیا یاریکردن یارمەتی منداڵ دەدات فێربێت تا دەتوانێت پێداویستییەکانی خۆی دابین بکات، پشت بەخۆی ببەستێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و باشتر هەستەکانی بناسێت. یەکێکی تر لە سوودە گرنگەکانی بەتەنیا یاریکردن توانای گەیاندنی هەستەکانە بەشێوەیەکی باشتر.

٦- دڵنیاکەرەوەی سەلامەتی منداڵ
هەرچەندیش گرنگی بە منداڵ بدەیت، ڕەنگە بێ ئاگابوونێکی تۆ بە هەل وەربگرێت و هاروهاجییەک بکات. بەتەنیا یاریکردن وا دەکات منداڵ فێربێت ئاگاداری خۆی بێت و پشت بە دایک و باوکی نەبەستێت بۆ ئەنجامدانی هەموو کارێک.

٧- ئامادەکردنی منداڵ بۆ چوونە قوتابخانە
دایک و باوک هاوڕێی یەکەمی یاری منداڵن و یاریکردن لەگەڵ منداڵان یەکێکە لە گرنگترین پێویستییەکانی ڕۆژانەیان. لە هەمانکاتدا هەندێک جار پێویستە منداڵ بەتەنیا یاری بکات، کاتێک ئێوە دەکشێنەوە و دەرفەتی ئەوەی پێدەدەن بەتەنیا یاری بکات، تێدەگات کە ئێوە هەمیشە لەگەڵیدا نابن، سەربەخۆ دەبێت و کێشەی وەکوو زیادەڕەوی لە وابەستەبووندا بۆ دروست نابێت کاتێک دەچێتە قوتابخانە.

٨- کاتی زیاتر بۆ خۆتان دابین دەکەن 
یەکێک لە باشترین سوودەکانی بەتەنیا یاریکردنی منداڵان ئەوەیە کە کاتێکی زیاتر بۆ خۆتان بەدەست دەهێنن. بەم شێوەیە کاتێک منداڵەکە یاری دەکات، دەتوانن پشوو بدەن یان کارێکی دڵخوازتان ئەنجام بدەن. جگە لەوەش منداڵەکە تێدەگات بەتەنیا چێژ لە ئەنجامدانی کارەکان وەردەگریت و فێردەبێت کە پێویستی بە سەرنجی کەسانی دیکە نییە بۆئەوەی دڵخۆش بێت.


سەرچاوەکان



60 بینین