توێژینەوە لەسەر مافەکانی منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2024-07-18-21:42:00 - کۆدی بابەت: 13569
توێژینەوە لەسەر مافەکانی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

منداڵ لە زمانەوایددا بە واتای منداڵێکی تازە لەدایکبوو دێت، بەپێی بۆچوونی زانا ئیبن حزم پێناسەی بۆ منداڵ کردووە بەوەی کە مرۆڤ کاتێک لە سکی دایکی لەدایک دەبێت تاکوو دەگاتە تەمەنی باڵغبوون پێی دەوترێت منداڵ. سەبارەت بە زانایانی دەروونناس و کۆمەڵناس لەسەر سەرەتای تەمەنی منداڵی کۆک بوون بەڵام لە کۆتاییەکەیدا جیاواز بوون، هەندێکیان وا دەبینن کە لەکاتی لەدایکبوونەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە تەمەنی دوازدە ساڵی، هەندێکی تریش وەکوو پێیان وایە لە لەدایکبوونەوە دەست پێدەکات و کۆتایی دێت لەگەڵ تەمەنی گەورەییدا. لەکاتێکدا یاسا نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی ڕێککەوتننامەی مافەکانی منداڵەوە کە لە ساڵی ١٩٨٩ دەرچوون، منداڵی پێناسە کردووە بەەی  کەسێک کە تەمەنی لە هەژدە ساڵی تێپەڕ نەکردووە و هێشتا نەگەیشتووەتە تەمەنی گەورەیی.

مافی منداڵ بۆ ژیان و سەلامەتی جەستەیی

ئەو مافەیە کە ژیانی منداڵەکە دەپارێزێت و ناهێڵێت کەسانی تر زیانی پێ بگەیەنن، تەنانەت خودی منداڵەکەش. ڕێگە نادات منداڵەکە بکوژرێت یان ئازار بدرێت ئەگەر خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، هەروەها دروست نییە پەلە بکرێت لە بەدنیا هێنانی بە مەبەستی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بەسەر دایکیدا، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی منداڵان پەسەندی کۆمەڵێک مافیان کردووە بۆپاراستنی ژیانیان، کە بریتین لە:

  • مافی هەموو منداڵان بۆ ژیان.
  • ئەرکی دەوڵەتەکانە گرنگی بە منداڵ و گەشەکردنی بدەن، بەخستنەڕووی هەموو پێداویستییەکانی.
  • پاراستنی منداڵ لە خراپ بەکارهێنانی بۆ هەر مەبەستێک.
  • نابێت ئەشکەنجە بدرێت، نابێت سوکایەتی پێ بکرێت، نابێت مامەڵەی نامرۆڤانەی لەگەڵ بکرێت، نابێت سزای بەندکردنی هەمیشەیی بەسەردا بسەپێندرێت و نابێت پێش تەمەنی هەژدە ساڵی لە سێدارە بدرێت.
  • بەڕێزەوە مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی بێبەش لە ئازادی و  پاراستنی شکۆی، نەپچڕاندنی پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی و ڕێگەدان بە سەردانکردن و نامەنووسین بۆیان، ئەمە جگە لە مافی تانەدان لە بڕیاری بێبەشکردنی ئازادی.
  • بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی چاودێری تەندروستی و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی، هەروەها دەبێت هەوڵبدەین بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی مردنی کۆرپە و منداڵ، هەروەها سنووردارکردنی ئەو نەخۆشی و بەدخۆراکییانەی کە منداڵان بەدەستیەوە دەناڵێنن.

مافە مەدەنییەکانی منداڵ

منداڵان کۆمەڵێک مافی مەدەنییان هەیە کە لەلایەن ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانەوە دانپێدانراون، کە بریتین لە:

  • جیاکاری نەکردن لە نێوان منداڵان، پێدانی هەموو مافەکانیان بەبێ جیاوازی لە بنەمای ئایین، ڕەنگ، ڕەگەز.
  • ڕەخساندنی دەرفەت بۆ منداڵ بۆ دەربڕینی بۆچوونەکانی بە ئازادی و بەشێوەی جۆراوجۆر وەکوو نووسین، وێنەکێشان و قسەکردن، بە مەرجێک پێشێلکردنی یاسا نەبێت و ڕێزگرتن لە کەسانی تر و ئاسایشی نەتەوەیی تێدابێت.
  • مافی پەیوەستبوون و پێکهێنانی کۆمەڵە و ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاشتییانە بەپێی یاسا و پاراستنی ئاسایش.
  • پاراستنی منداڵ لەوەی دەست لە ژیانی تایبەتی وەربدرێت، پاراستنی لە زیان گەیاندن بە ناوبانگ و شەرەفی.
  • مافی منداڵ بۆ بەدەستهێنانی سەرچاوەی کولتووری، هاندانی میدیا بۆ بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی سوودبەخشی ئەدەبی و کولتووری بۆ منداڵ، جگە لە دەرکردن و بڵاوکردنەوەی کتێبی منداڵان.
  • ئازادی لە پەیڕەوکردنی ئایین و پەیڕەوکردنی ڕێوڕەسمی ئایینی لەگەڵ لەمافی گۆڕینی ئایین.
  • پاراستنی منداڵ لە بەرکەوتنی توندوتیژی، بەکارهێنان، ئازاردان، یان دەستدرێژی جەستەیی و دەروونی و پێشکەشکردنی پشتیوانی پێویست بۆی.
  • لێپرسینەوە لەو کەسانەی کە ماددە هۆشبەرەکان بۆ منداڵان دابین دەکەن و تووشی دەکەن، هەروەها ڕێگریکردن لە منداڵ بۆ چوونی بۆ ئەو جۆرە شوێنانە. 
  • پاراستنی منداڵ لەو چالاکییانەی کە مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەکەن، یان دەبنە هۆی بەربەست لەبەردەم خوێندنی.
  • دیاریکردنی کەمترین تەمەن کە منداڵێک ڕێگەی پێدەدرێت کار بکات، لەگەڵ سیستمێکی گونجاو سەبارەت بە بارودۆخی کارکردن و ژمارەی کاتژمێرەکان.
  • مافی منداڵ بۆ پشوودان، کات بەسەربردن، ڕاهێنانی یاری و چالاکییەکان کە لەگەڵ تەمەنی خۆیدا بگونجێت.
  • تۆمارکردنی ناوی منداڵ ڕاستەوخۆ دوای لەدایکبوونی و دانانی ناوێکی گونجاو، مافی بەدەستهێنانی ڕەگەزنامەیەک کە سەر بە وڵاتێکی دیاریکراو بێت.
  • بەرەنگاربوونەوەی ئەو منداڵانەی کە بەشێوەیەکی نایاسایی گەشت دەکەن بۆ دەرەوەی وڵات.
  • خوێندن ناچارییە، لانی کەم بۆ ئاستە سەرەتاییەکان بەبێ بەرامبەر دابین دەکرێت.

پاراستنی منداڵ لە گێچەڵی سێکسی

گێچەڵی سێکسی لە جیهاندا چەندین شێوەی هەیە وەکوو لەشفرۆشی، واتە بەکارهێنانی منداڵ لە کردەوەی سێکسیدا لەبەرانبەر قەرەبووکردنەوە یان بڕە پارەیەک، لەشفرۆشی لە ئەنجامی هەژاری و جەنگەوە بەربڵاوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گێچەڵکردن بە منداڵ و بە تایبەتی کچان، ئەم گێچەڵکردنە دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە تووشی نەخۆشییە گوازراوە سێکسییەکان ببێت، ئەمە جگە لە بێزاری و ئەگەری گرتنەبەری ڕێگای توندوتیژی و تاوان. جۆرەکانی گێچەڵی سێکسی بریتین لە بڵاوکردنەوەی وێنەی پۆرنۆگرافی منداڵان، گەشتیاری سێکسی، بەهۆیەوە هەندێک وڵات بڕێکی زۆر سامان دەچنن لە ئەنجامی گێچەڵی سێکسی منداڵان لە بواری گەشتیاریدا. بەم پێیە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک هەنگاویان پێشنیار کرد بۆ نەهێشتنی ئەم دیاردەیە: 

  • ڕێگریکردن لە ناچارکردنی منداڵ بۆ ئەنجامدانی هەر چالاکیەکی سێکسی نایاسایی.
  • کارێکی کاریگەر بۆ نەهێشتنی هەموو جۆرەکانی گێچەڵی سێکسی و بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە.
  • بڵاوکردنەوەی بەرنامەی پەروەردەیی بۆ هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە زیانەکانی گێچەڵی سێکسی.
  • یاسادانان بۆ ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ئینتەرنێت بۆ بازرگانیکردن بە منداڵان و بەکارهێنانیان لە لەشفرۆشیدا.

پاراستنی منداڵان لە گێچەڵ لە شوێنی کار

لەئەنجامی ئەو هەژارییەی کە بەشێک لە خێزانەکان بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی لە ئاسیا، ئەفریقا و ئەمریکای باشوور، منداڵان دەنێردرێن بۆ کارکردن بەمەبەستی باشترکردنی داهاتی خێزانەکە، ئەمەش لەڕووی تەندروستی و دەروونییەوە زیان بەمنداڵەکان دەگەیەنێت و ڕێگری لە فێربوونیان دەکات. بۆیە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک یاسایان بۆ ڕێکخستنی کاری منداڵان داناوە، کە بریتین لە: 

  • کەمترین تەمەن کە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنی کار دیاری کردووە، تەمەنی پازدە ساڵییە، بەمەرجێک منداڵەکە قۆناغی خوێندنی ناچاری تەواو کردبێت.
  • کاتی کارکردن نابێت لە چل کاتژمێر زیاتر بێت لە هەفتەیەکدا، بۆ ئەو منداڵانەی کە ناچنە قوتابخانە، بە ئامانجی دۆزینەوەی کاتێکی پێویست بۆئەوەی منداڵەکە پشوو بدات و یاری بکات و گەشە بکات لەڕووی دەروونی و جەستەییەوە.
  • ڕێگریکردن لە کارکردنی منداڵانی خوار تەمەنی شازدە ساڵ لەشەودا، بەمەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە بەشی پێویست دەخەون.
  • ئەو منداڵەی کار دەکات، کرێی گونجاو بۆ ئەو کارە وەردەگرێت کە ئەنجامی دەدات، بەو پێیەی کرێ ئامانجی سەرەکی کارەکەیە، بۆیە دەبێت سروشتی کارەکە و مووچەکە لە ڕێگەی گرێبەستی نێوان منداڵ و خاوەنکارەوە دیاری بکرێت.
  • منداڵەکە لەناوەڕاستی ڕۆژی کارکردنەکەیدا پشوویەکی هەبێت بۆ نان خواردن، جگە لەوەی مافی پشوودانی هەیە بۆئەوەی لەئەنجامی کارە بەردەوامەکانەوە تووشی ماندووبوونێکی زۆر نەبێت نەبێت.


سەرچاوەکان



128 بینین