خوێنمەیینی خوێنهێنەرە قووڵەکان

له‌لایه‌ن: - ڕابەر محەمەد - به‌روار: 2021-09-06-13:58:00 - کۆدی بابەت: 6515
خوێنمەیینی خوێنهێنەرە قووڵەکان

ناوه‌ڕۆك

خوێنمەیینی خوێنهێنەرە قووڵەکان

ئەگەر خوێن بەهێواشی تێپەڕێت بە خوێنهێنەرەکاندا ئەوا ڕەنگە هۆکار بێت بۆ تۆپەڵبوونی خوێن و دروستبوونی حاڵەتێک پێی دەڵێن (Clot - خوێنی مەییو)، کاتێک ئەم تۆپەڵە خوێنە لەو خوێنهێنەرانەدا ڕوو بدات کە دەکەونە قوڵایی لەشەوە (بەشی هەرە ناوەوە) ئەوا دەبێتە هۆی حاڵەتێکی کێشە دروستکەری تەندروستی پێی دەوترێت (خوێنمەیینی خوێنهێنەرە قووڵەکان - DVT)، شوێنی ڕوودانی ئەم خوێنمەیینە زۆرینەی جار لە لاق (بەشی خوارەوەی قاچ) ڕوودەدات و لەوانەیە لە هەر جێیەکی دیکەی لەشدا بێت.

نیشانەکانی خوێنمەیینەکە چین؟

نیشانەکان لە هەموو حاڵەتەکاندا دەرناکەون بەڵام ڕەنگە ئەمانە زۆرینەی نیشانە تێبینیکراوەکان بن:

- ئاوسانی قۆڵ یان لاق.
- ئازار و سووتانەوە لە کاتی بەپێوەوەستان یان ڕێکردندا.
- گەرمبوونی ئەو شوێنەی لەش کە تۆپەڵبوونەکە تێیدا ڕوویداوە.
- گەورەبوونی خوێنهێنەرەکە.
- شینبوونەوەی پێست.

گەر تۆپەڵبوونەکە شکا ئەوا پارچەی تۆپەڵە خوێنەکە ڕەنگە بچێتە خوێنهێنەری سییەکان و ببێتە ھۆی بەرگیرانی سییەکان کە حاڵەتێکی کوژەرە و ئازاری سنگ و هەناسەکورتی بەشوێن خۆیدا دێنێت.

هۆکارەکان

- تەمەن: بەتایبەت پاش ٤٠ ساڵی.
- کەمجووڵەیی: کەمجووڵەیی بۆ ماوەیەکی زۆر.
- سکپڕی: درووستبوونی پاڵەپەستۆ لەسەر خوێنهێنەرەکانی حەوزەی سک بەهۆی بوونی کۆرپەلە.
- قەڵەوی.
- نەخۆشی دڵ: نەخۆشییە مەترسیدارەکانی پەیوەندیدار بە دڵەوە.
- جگەرەکێشان.
- میکرۆبەهەوکردن.

چارەسەر

ئەو ڕێگایەی پزیشکان گرتوویانەتەبەر بۆ چارەی ئەم حاڵەتە دەرمانە بەتایبەت ئەو دەرمانانەی پێیان دەوترێت خوێنڕوونکەرەوە یان خوێنخاوکەرەوە و بە نزیکەیی شەش مانگ پێویستە بەکاربهێنرێت کە وەکو هۆکارێک دەگیرێنەبەر تا توانای مەیینی خوێن نەهێڵێت، دەتوانرێت سوود لە وەرزشکردن و شێوازی خواردنی ڕێک و پێک ببینرێت وەک ڕێگرییەک لەم خوێنمەیینە.

لێکەوتەکانی چارەنەکردنی حاڵەتەکە

ئەگەر تۆپەڵبوونی خوێنەکە چارە نەکرێت ئەوا دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی قاچەکان و کاروباری ڕۆژانە ئەستەم و دژوار دەکات و وەک ئاماژەمان پێدا لە یەکێک لە ئەگەرە خراپەکاندا ڕەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تۆپەڵەکە لە لەشدا و بچێتە سییەکانەوە و نەخۆشەکە بمرێت.


سەرچاوەکان



776 بینین