خڕۆکە سوورەکانی خوێن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-06-21-19:02:00 - کۆدی بابەت: 9115
خڕۆکە سوورەکانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

خوێن

خوێن بنچینەی ژیانی مرۆڤە، لەڕێگەی دڵەلوولە کۆئەندامەوە بەناو لەشی مرۆڤدا دەسوڕێتەوە و ماددە سەرەکییەکانی وەک ئۆکسجین و ماددەی خۆراکی بە خانەکانی لەش دەگەیەنێت، هەروەها پاشماوەی زیندەپاڵیش لە هەمان خانەوە دەگوازێتەوە بۆ بەشێکی تری لەش. خوێن هیچ جێگرەوەیەکی نییە و ناتوانرێت دروست بکرێت. تاکە هۆکاری دەستکەوتنی خوێن مرۆڤێکی ترە کە وەکوو بەخشەر خوێنی خۆی دەبەخشێت بە ئەو کەسەی پێویستییەتی. پێکهاتە سەرەکییەکانی ناو خوێن بریتیین لە خڕۆکە سوورەکانی خوێن (٤٠٪ بۆ ٤٥٪ قەبارەی خوێن پێکدەهێنێت)، خڕۆکە سپییەکانی خوێن (لەگەڵ پەڕەکانی خوێن ١٪ قەبارەی خوێن پێکدەهێنن)، پەڕەکانی خوێن و پلازما (٥٥٪ قەبارەی خوێن پێکدەهێنێت).

خڕۆکەی سوور

خڕۆکە سوورەکانی خوێن (بە ئینگلیزی: Red Blood Cell یان RBC) کە پێشی دەوترێت ئێریترۆسایت (بە ئینگلیزی: erythrocyte) پێکهاتەی خانەیی و توخمێکی گرنگی ناو خوێنن، کە لە سوڕی خوێنی مرۆڤ و ئاژەڵە مەمکدار و بڕبڕەدار و خشۆک و ماسی و باڵندەکاندا بوونیان هەیە، تایبەتمەندیی ڕەنگ دەدات بە خوێن و کاری هەڵگرتن و گواستنەوەی ئۆکسجینە لە سییەکانەوە بۆ شانە و خانەکانی لەش. خڕۆکە سوورەکانی خوێن بە چینێک پەردەی پێکهاتوو لە لپید و پڕۆتین داپۆشراون، ناوکیان نییە، هەروەها لە هیمۆگڵۆبین پێکدێن کە پڕۆتینێکی سووری دەوڵەمەندە بە ئاسن کە پەیوەست دەبێت بە ئۆکسجینەوە. خڕۆکەی سووری پێگەیشتووی لەشی مرۆڤ بچووک و خڕە و دوولاقوپاوە، ئەم خانانەی خوێن نووشتاوە و نەرمن و کاتێک بەناو دەمارە خوێنە زۆر بچووکەکاندا تێپەڕ دەبن شێوەی  زەنگۆڵە وەردەگرن. 

بەرهەمهێنان لەلایەن لەشەوە

خڕۆکە سوورەکان پێیان دەوترێت ڕووباری ژیان، ئەو ماددە جیاوازانە دەگوازنەوە کە پێویستە لە بەشێکی لەشەوە بگوازرێنەوە بۆ بەشێکی تری لەش. خڕۆکە سوورەکان لە مۆخی ئێسکدا دروست دەبن، خانە بنچینەییەکانی ناو مۆخی سووری ئێسک پێیان دەوترێت هیمۆسایتۆبلاست (بە ئینگلیزی: hemocytoblasts)، کە هۆکاری دروستبوونی هەموو خانەکانی خوێنن. کاتێک خانەیەکی بنچینەیی ناچاردەکرێت ببێت بە خانەیەکی تەواو ئەوکات پێی دەوترێت پڕۆئیریترۆبلاست (بە ئینگلیزی: proerythroblast)، کە ئەم خانە بنچینەییە گەشەدەکات و دەبێت بە خڕۆکەیەکی سووری نوێ.
دروستبوونی خڕۆکەیەکی سووری خوێن بە نزیکەیی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لەش لە هەر چرکەیەکدا نزیکەی دوو ملیۆن خڕۆکەی سوور بەرهەم دەهێنێت.

فەرمانی خڕۆکە سوورەکان

کاتێک مرۆڤ هەناسە هەڵدەمژێت، ئۆکسجین دەچێتە سییەکانییەوە، خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەرپرسن لە گواستنەوەی ئۆکسجین لە سییەکانەوە بۆ شانەکانی لەش. شانەکانی لەش بە بوونی ئۆکسجین وزە بەرهەم دەهێنن و پاشماوە دەردەکەن، کە ئەم پاشماوەیە پێی دەوترێت دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، خڕۆکە سوورەکان دووەم ئۆکسیدی کاربۆنی پاشماوە دەگوازنەوە بۆ سییەکان، پاشان سییەکان لەڕێگەی هەناسە دانەوەوە دەیکەنە دەرەوەی لەش.

هیمۆگڵۆبین چییە؟

هیمۆگڵۆبین (بە ئینگلیزی: hemoglobin یان haemoglobinپڕۆتینێکی پێکهاتوو لە ئاسنە لە خڕۆکە سوورەکانی خوێندا، کە کاری گواستنەوەی ئۆکسجینە بۆ شانەکانی لەش. هەر خڕۆکەیەکی سووری خوێنی مرۆڤ بەنزیکەیی ٢٧٠ ملیۆن گەردی هیمۆگڵۆبینی تێدایە. هیمۆگڵۆبین لەگەڵ ئۆکسجیندا بەندی لە گۆڕان‌هاتووی ناجێگیر دروست دەکات. لە دۆخی بە ئۆکسجین کراودا پێی دەوترێت ئۆکسی هیمۆگڵۆبین و ڕەنگێکی سووری ڕووناکی هەیە، بەڵام کاتێک ئۆکسجینی لێدەکرێتەوە ڕەنگێکی شینی مۆرباوی دەبێت. هیمۆگڵۆبین لە خانەکانی ناو مۆخی ئێسکدا دروست دەبێت و دەبێت بە خڕۆکەی سوور، کاتێک خڕۆکەیەکی سوور لەناو دەچێت، هیمۆگڵۆبین تێکدەشکێت، لە ئەنجامدا ئاسن سەربەست دەبێت و لەڕێگەی پڕۆتینی گوێزەرەوەی ترانسفێرینەوە دەگوازرێتەوە بۆ مۆخی ئێسک، پاشان ئەم ئاسنە دووبارە بۆ بەرهەمهێنانی خڕۆکەی سووری نوێ بەکاردێت.

ژمارەی خڕۆکە سوورەکان

پشکنینی ژمارەی خڕۆکە سوورەکان دەتوانێت پێت بڵێت کە چەند خڕۆکەی سوور لە لەشتدا هەیە. بڕی ئۆکسجینی گوازراوە بۆ شانەکانی لەش پشت دەبەستێت بە ژمارەی خڕۆکە سوورەکان و چۆنیەتی کارکردنیان. ژمارەی خڕۆکە سوورەکان ئاساییانە وەک بەشێک لە ژماردنی هەموو خانەکانی خوێن دەدۆزرێتەوە. ئاساییانە خانمان ژمارەی خڕۆکە سوورەکانیان لە پیاوان کەمترە، هەروەها بە زیادبوونی تەمەن ژمارەی خڕۆکە سوورەکانیش لە لەشدا کەم دەکات.

ژمارەی ئاساییی خڕۆکە سوورەکانی خوێن:

پیاوان - ٤٫٧ بۆ ٦٫١ ملیۆن خانە لە یەک مایکرۆلیتر (cells/mcL)

ئافرەتان - ٤٫٢ بۆ ٥٫٤ ملیۆن خانە لە یەک مایکرۆلیتر (cells/mcL)

ڕێژەی نائاسایی

ئەنجامی ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن دەتوانێت یارمەتیدەربێت بۆ دیاریکردنی نەخۆشییەکانی پەیوەست بە خوێن، وەک کەمخوێنیی کەمیی ئاسن ( کە لە ئەم حاڵەتەدا ڕێژەی خڕۆکە سوورەکان لە ڕێژەی ئاسایی کەمترە). کەمبوونەوەی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکان دەکرێت نیشانەش بێت بۆ کەمیی ڤیتامینەکانی B6 یان B12 یان B9.
هەروەها دەکرێت نیشانە بێت بۆ خوێنبەربوونی ناوەکی، نەخۆشیی گورچیلە یان بەدخۆراکی.

لەگەڵ ئەوەشدا بەرزیی ژمارەی خڕۆکە سوورەکان دەکرێت بەهۆی چەند کێشە و حاڵەتێکی تەندروستییەوە بێت، وەک:

  • جگەرەکێشان
  • نەخۆشیی بۆماوەیی دڵ
  • وشکبوونەوەی لەش (بۆ نموونە تووشبوون بە سکچوونی توند)
  • کەمیی ئاستی ئۆکسجینی خوێن
  • بەڕیشاڵبوونی سییەکان


سەرچاوەکان



4800 بینین