پەیوەندی گونجاو لەگەڵ مامۆستا لە زانکۆدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-18-23:39:00 - کۆدی بابەت: 6623
پەیوەندی گونجاو لەگەڵ مامۆستا لە زانکۆدا

ناوه‌ڕۆك

مامۆستا و خوێندکار 

پەیوەندی نێوان خوێندکار و مامۆستا لە هەر قۆناغێکی خوێندندا بێت پەیوەندییەکی گرنگ و پیرۆزە، بەڵام ئەم پەیوەندییە دەکرێت چەند ئاڵۆزییەک لە خۆ بگرێت و بۆیە گرنگە کە بزانیت ئەم جۆرە پەیوەندییە دەبێت چۆن بێت.

چەند ڕێنماییەک بۆ پەیوەندی گونجاو لەگەڵ مامۆستا لە زانکۆدا

ڕێک و پێکی لە ئامادەبوون لە وانەدا

کاتێک بەردەوام لە کاتی خۆیدا لە ژوورەوە دەبیت پیشانی مامۆستاکەتی دەدەیت کە وانەکەیت بۆ گرنگە و ڕێزی دەگریت، دواکەوتن و نەهاتنە ژوورەوە ڕێز دانەنانە بۆ مامۆستاکەت.

ڕەچاوکردنی ئەدەب

مەرج نییە تەنها لەگەڵ مامۆستاکەتدا ڕەچاوی ئەدەبت بکەیت و ڕێزی بگریت، بەڵکوو پێویستە لەگەڵ هەموو تاکێکدا وابیت، کاتێک مامۆستاکەت دەبینیت هەمیشە تۆ دەستپێشخەری بکە و سڵاوی لێبکە، بەو واتایە نا کە بەردەوام بێزاری بکەیت و هەواڵی بپرسیت و زۆر بڵێیت، تەنها سڵاو کردنێکی جوان بەسە، کاتێک لە شوێنێکدا پێکەوە دەڕۆن پێشی مەکەوە و ڕێگە بدە مامۆستاکەت پێش تۆ بڕوات، کاتێک دەتەوێت پرسیارێکی لێ بکەیت دەربارەی وانەیەک سەرەتا ئیزنی لێ وەربگرە بزانە کەی کاتی دەبێت بۆ وەڵامدانەوەت.

کەسێکی چالاک بە

مامۆستا خوێندکاری چالاکی خۆش دەوێت، کاتێک کە پرسیارێک دەکات و خێرا وەڵامی دەدەیتەوە بەمە دڵخۆش دەبێت و هەست بە گرنگی وانەکەی دەکات، هەروەها کاتێک کە دەڵێت کەس پرسیاری نییە واتە ئێوەی بەلاوە گرنگە و پێی خۆشە زیاتر مێشکتان بجوڵێنن بۆیە ئەگەر هەرچی ئاڵۆز و جێگای پرسیار بوو لەلاتان واباشترە کە بپرسن.

ڕێزگرتن و بوونی مەودایەکی گونجاو

لە ڕوانگەی کۆنەوە پەیوەندی ئێستای مامۆستا و خوێندکار زۆر گەرموگوڕتر و باشترە لە جاران، بەڵام گرنکە کە ئەگەریش زۆر پەیوەندیت باشە لەگەڵ مامۆستاکەتدا هەرگیز سنوور نەبەزێنیت و هەمیشە ئەوەت لە بیر بێت کە پێش ئەوەی هاوڕێت بێت مامۆستاتە، بۆیە سنوور نەبەزاندن و گاڵتەنەکردنی بێ مانا ئەرکی سەرشانتە.

خۆشەویستی لە نێوان خوێندکار و مامۆستادا

لە ڕوانگەیەکی لۆژیکییەوە پەیوەندی نێوان مامۆستا و خوێندکار بەگشتی پەیوەندییەکی یەک لایەنە بووە و زیاتر لەلایەن خوێندکارەکەشەوە بووە، بە هۆی هەڵە تێگەیشتن لە مامۆستاکەی یاخود خوێندنەوەی هەڵە بۆ سەیرکردن و سەرنجدانی و یارمەتیدانی لە وانەکاندا خوێندکارەکە دەخاتە هەڵەوە، و زۆر جار ڕێگایەکیش نییە تاکوو دڵنیا ببێتەوە لەم حاڵەتە و بەو شێوەیە دەمێنێتەوە کە زیانی زۆر دەدات لە خوێندکارەکە و بە تەواوی دوور دەکەوێتەوە لە وانەکانی، هەروەها دەکرێت مامۆستاکە ئەم هەستەی بۆ خوێندکارێکی خۆی هەبێت لەم کاتەدا لەوانەیە مامۆستاکە بتوانێت بە جۆرێک ئەمە بە خوێندکارەکەی بڵێت بەڵام زۆر جار ئەم پەیوەندییانە سەر ناگرن و یەک لایەنەن، بۆیە گرنگترین کار ئەوەیە کە پەیوەندیت لەگەڵ مامۆستادا سنوورێکی زۆر دیارکراوی هەبێت تاکوو دووربیت لەم جۆرە سەرئێشانە.

هاوسەرگیری خوێندکار و مامۆستا

زۆر جار تەمەنی خوێندکار و مامۆستاکە جیاوازییەکی زۆری هەیە بۆیە ئەگەر هەردوولاش ڕازیبن ماڵەوە و کەسوکار بەمە ڕازی نابن و بابەتەکە بەو شێوازە کۆتایی پێ دێت، یاخود ئەم هاوسەرگیریانە تەنها ئامانجێکی لە پشتەوەیە بۆ نموونە هەندێک کچ تەنها لە پێناو و بڕوانامە و پارەی مامۆستاکەیدا ئامادەیە شووی پێ بکات ئەگەر بێت و جیاوازی تەمەنیشیان زۆر بێت.
لە کاتی سەرگرتنی ئەم هاوسەرگیریانەشدا جیاوازی تەمەن کێشەی زۆر دروست دەکات بۆ پەیوەندییەکەیان و جیابوونەوەی بەدواوە دەبێت، لە کۆتایشدا ئەمە دەکەوێتەوە سەر بیرکردنەوە و ئاستی ڕۆشنبیری هەردوولا کە پەیوەندی هاوسەرگیرییەکەیان بە بەهێزی بهێڵنەوە یاخود نا.


سەرچاوەکان



705 بینین