کوندەپەپوو

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2021-09-25-12:58:00 - کۆدی بابەت: 6707
کوندەپەپوو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کوندەپەپوو یان پەپوو (بە عەرەبی: بومة، بە ئینگلزی: owl)، لە باڵندە دڕندە بریندارکەرەکانە، نزیکەی ٢٥٠ جۆری هەیە و لە هەموو جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، ئەم باڵندە تەمەنێکی درێژی هەیە و نزیکەی ٢٥ ساڵ دەژی، تەمەنی بە گوێرەی قەبارەکەی دەگۆڕیت، بە جۆرێک ئەو کوندەپەپووانەی کە قەبارەیان گەورەترە زیاتر دەژین لە بچووکەکان، هیچ کاتێک هێلانە و لانەی تایبەت بۆ خۆیان دروست ناکەن، بەڵکو دەگەڕێن بە دوای لانەیەکی چۆڵکراو یاخود هەبوونی کون لە درەختەکان و نێوان بەردەڵانەکان یان ئەشکەوت و باڵەخانەکان.

زانیاری لەسەر کوندەپەپووەکان

کوندەپەپووەکان هێما و ئاماژەن

بە گوێرەی شارستانیەتی گەل و نەتەوەکان کوندەپەپوو ئاماژە بووە بۆ چەندین بابەتی جیاواز، بە درێژایی مێژوو واتای بێدەنگییەکی پاشایانە و ژیرییەکی بێهاووتا و زیرەکیەکی توندی هەبووە، ئەمەش چونکە ئەم باڵندە یەکێکە لە ئەو جۆرانەی کە بیردەکاتەوە و بە شێوەیەکی مەزنیش ڕاودەکات، بۆ ڕاوکردن پلان دادەنێت نەک بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ئەنجامیبدات، لە کاتێکدا لە چەند شارستانیەتێکدا بە هێمای شووم و مردن و جادوو بووە بۆ سەر ئەو مرۆڤانەی کە نزیک بوون لە جێگەی نیشتەجێبوونییەوە، هەندێکی دیکە باوەڕیان وابووە کە زانستی پیرۆز دەزانێت وەک نهێنییەکانی ڕۆژی دوایی و جۆرەکانی کەش و هەوا، هەندێک لە هۆزە ڕەسەنەکانی ئەمریکا وایانزاینوە کە کوندەپەپووەکان هاودەمی مردووەکان دەکەن لە گەشتیان بۆ ڕۆژی دوایی، هەروەها چەند هۆزێکی دیکە ئەو بازنانەی بە دەوری چاویدا هەیە هاوتایان کردوە بە نینۆکی خێوەکان و ڕۆحە ونبووەکان.

جۆرە سەرەکییەکانی کوندەپەپوو

  • کوندەپەپووی حەبەشی
  • کوندەپەپووی مەدەغەشقەری گوێ درێژ
  • کوندەپەپووی باکووری ڕوخسار سپی
  • کوندەپەپووی ڕاوی بەڕەڵا
  • کوندەپەپووی بەفری
  • کوندەپەپووی شاخ گەورە
  • کوندەپەپووی ڕەساسی گەورە
  • هەڵۆ کوندەپەپووی ئۆراسی

شێوەی دەرەوەی

قەبارە و کێش و ڕەنگی کوندەپەپوو بە گوێرەی جۆرەکەی دەگۆڕێت، بۆ نموونە کوندەپەپووی بچووک وەک جۆری عەفریت درێژییەکەی دەگاتە ١٢.٧ سم، بەڵام کوندەپەپووی ڕەساسی گەورە درێژییەکەی دەگاتە ٦٠.٩ سم، مێینەکان کەمێک قەبارەکەیان گەورەترە لە نێرینەکان، هەردوو قەبارە بچووک و گەورەکانیش جەستەیەکی پڕ و پتەویان هەیە، هەروەها ئەم باڵندە ناسراوە بە چاوە گەورەکانی و کلکێکی کورت و دوو باڵی بەرین و فراوانی هەیە، کێشی جۆرە گەورەکان لە نێوان ٢.٧٢-٣.٩٩ کگم دایە، و بچووکەکانیش ٢٨-٤٢ گم دەبن، دەکرێت ڕەنگەکەی قاوەیی و ڕەش و سپی و ڕەساسی و پرتەقاڵی و خاڵداری سپی و هێڵداری ڕەش و هێڵداری قاوەیی بێت، کە ڕەنگەکەی بە گشتی لە دوو یان سێ لەو ڕەنگ و شێوانە پێکهاتووە.

خۆراک

باڵندەیەکی گۆشتخۆرە، و ئەم باڵندەیە ناسراوە بە فراوانی و زۆر جۆری خۆراک و نێچیرەکانی، بەهۆیەوە بە ئاسانی ژەمەکانی بەدەستدەهێنێت، بە گشتی خواردنی پەسەندیان مەمکداری بچووکی وەک مشکەکان و کەروێشکەکانە، کوندەپەپوو دەتوانێت نێچیرەکەی ڕاوبکات لە ناوچە بەردەڵانەکان و کێڵگە بەرز و نزمەکانیش، هەروەها دەکرێت کوندەپەپووەکان هەریەک لە بێبڕبڕە بچووکەکان و کرم و باڵندەی بچووک و قالۆنچە و جرج بخۆن، ئەم باڵندەیە کۆچەری نییە و هەموو ژیانی لە هەمان جێگەدا دەمێنێتەوە، تەنها لە ئەگەری نەبوونی خۆراکی پێویستدا ناوچەکانیان جێدەهێڵن بۆ مەودای نزیک و دوور، بەڵام ئەم بارودۆخانە دەگمەنن و زۆر کەم ڕودەدات.

یەکگرتن و زۆربوون

وەرزی یەکگرتنی کوندەپەپووەکان لە سەرەتای وەرزی زستانەوە دەسپێدەکات، بە درێژایی وەرزی یەکگرتنەکە نێرینە و مێینەکە پێکەوە دەمێننەوە، دەکرێت لە هەندێک جۆردا بە درێژایی ساڵێک بگرێتەوە، و هەندنێک جۆری دیکەش تەواوی ژیانیان پێکەوە دەبن، ژمارەی هێلکەکان کە مێینەکانی کوندەپەپوو دایدەنێت بە یەکجار زۆرترە لە مێینەی هەر جۆرێکی دیکەی باڵندە دڕندەکانە، و بێچووەکانیش دوای ٢-٣ هەفتە هەڵدێن لە هێلکەکان، هەتا پەڕەکانی دروست دەبن بۆ خۆراک پشت بە دایک و باوکی دەبەستێت، دوای پەڕدەرهاتنی هەموو کاتەکانی لە دووری چەند مەتریک لە هێلانەکەی بەسەردەبات، و دوای چەند هەفتەیەکش پەڕە بچووکەکانی دەگۆڕیت بۆ ئەو پەڕانەی کە هاوشێوەی پێگەیشتووەکانە، و قۆناغی پشت بەخۆبەستنی دەستپێدەکات.

پەیوەندیکردن

ماڵی کردن و پەروەردەکردنی کوندەپەپوو لەلایەن مرۆڤەکانەوە کارێکی نەخوازراوە چونکە ئەم باڵندە دڕندەیە و دەکرێت هێرش بکات لە کاتی نزیکبوونەوە و تەنانەت خواردن پێدانی، کوندەپەپووەکان بە شەودا چالاکن و دەنگیان دەبیسترێت، جگە لەئەو دەنگە باوەی کە هاوشێوەی قیژەیە دەکرێت دەنگی دیکەی هەبێت، وەک فیکە لێدان و خوێندن هاوشێوەی چۆلەکەکان و بۆڵەبۆڵکردن و وەڕین، بۆ پەیوەندیکردن لە نێوان یەکدیدا کوندەپەپووەکان ژمارەیەک دەنگی هاوشێوەی هاوار و قیژە بەکاردێنن، کە ئاماژەیە بۆ ئاگادارکردنەوە لە ئەگەری هەبوونی ڕاوچی دڕندە و وەڵامدانەوەی داگیرکاری یاخود لە کاتی وەرزی یەکگرتن، لە کاتێکدا هەندێک جۆری کوندەپەپوو هەیە هیچ کام لە دەنگەکانی نییە.


سەرچاوەکان



1224 بینین