هەڵبژاردنی فڵچەی ددانی گونجاو

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-12-23:24:00 - کۆدی بابەت: 6864
هەڵبژاردنی فڵچەی ددانی گونجاو

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شۆردنی ددان کارێکی پێویستی ڕۆژانەی مرۆڤە کە هەر لە سەرەتای دروستبوونی ددانەکانییەوە دەبێت پارێزگاری لە ددانەکانی بکرێت، هەروەها یارمەتیدەرە بۆ ڕێگریکردن لە زوو خراپ بوون و کلۆربوونی ددانەکان، بۆیە هەڵبژاردنی فڵچەی ددانی گونجاو یەکێکە لە هەنگاوە گرنگەکانی پاراستنی دەم و ددان، چونکە جۆری جیاواز و شێوازی جیاوازی فڵچەی ددان بوونی هەیە، بۆیە هەڵبژاردنی فڵچەی ددانی گونجاو کارێکی ئاسان نییە بۆ ئەو کەسانەی تەندروستی ددانەکانیان بۆ گرنگە.

کەی پێویستە فڵچەی ددانەکەت بگۆڕیت؟

فڵچەیەکی ددانی نوێ بە ڕێژەی زیاتر لە ٣٠٪ کلس لادەبات بە بەراورد بە فڵچەیەکی ددان کە ٣ مانگ بێت بەکارهاتبێت، بۆیە پسپۆڕانی بواری دەم و ددان پێشنیاری گۆڕینی فڵچەی ددان دوای ٣ مانگ یان دوای خراپ بوون و تێکچوونی دانەکانی فڵچەکە بە کارێکی پێویست دەزانن بۆ پاراستنی تەندروستی ددان.

لەکاتی کڕینی فڵچەی دداندا پێویستە ڕەچاوی چی بکرێت؟

بەم پەیڕەوکردنی ئەم ڕێگایانە دەتوانرێت فڵچەیەکی گونجاو هەڵبژێردرێت:

قەبارەی سەری فڵچەکە

فڵچە بە چەندین قەبارەی جیاواز بوونی هەیە، بەڵام هەڵبژاردنی فڵچەی سەر بچووک مانای ئەوەیە کە فڵچەیەکی گونجاوت هەڵبژاردووە چونکە دەتوانێت بەباشی بچێتە هەموو سووچێکی ناو دەمەوە، لەبەر ئەم هۆکارە پزیشکانی ددان ئەو جۆرە فڵچەی ددانانە پێشنیار دەکەن کە سەرەکەیان شێوە بازنەییە، چونکە ئەو فڵچانە هیچ گۆشەیەکیان نییە تاکوو ئازاری پووک بدات یان ڕێگربێت لە گەیشتنی فڵچەکە بۆ هەموو سووچێکی ناودەم.

دیزانی دانەکانی فڵچەی ددان

دیزانی دانەکانی فڵچە بە هەمان شێوە گرنگی خۆی هەیە لەکاتی هەڵبژاردنی فڵچەی دداندا، بەهۆی زۆری کارگەکانی بەرهەم هێنانی فڵچەی ددانەوە، چەندین جۆر و قەبارەی جیاواز لە دانەکانی فڵچە بوونی هەیە، بەڵام ئەو فڵچانەی کە بە شێوازێک دیزاینکراون قەبارەی دانەکانیان جیاوازە لە یەکتر باشترن، چونکە زۆر بەسوودن بۆ چونە ناو کەلێنە جیاوازەکانی نێوان ددانەکان، تەنانەت ئەو کەلێنانەشی کە گەیشتن پێیان قورسە. 

نەرمی فڵچەی ددان

نەرمی و زبری فڵچەی ددان یەکێکی دیکەیە لەو شتانەی کە پێویستە گرنگی پێ بدرێت، زۆربەی کەس بەهەڵەدا چوون و پێیان وایە کە فڵچەی زبر دەتوانێت باشتر ددان پاک بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا فڵچەی زبر دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە ددان و پووک، لە هەمان کاتدا فڵچەی نەرم هیچ زیانێک بە ددانەکە ناگەیەنێت و بە تەواوی ڕووکاری ددانەکە پاک دەکاتەوە، هەروەها پووک بریندار ناکات.

دەسکی فڵچەی ددان

لە کاتێکدا کە ڕۆژانە بە لایەنی کەمەوە مرۆڤ ٢ خولەک خەریکی شۆردنی ددانەکانی دەبێت، بۆیە گرنگە کە بە هەڵگرتنی دەسکی فڵچەکەی ئاسوودە بێت و بتوانێت بە ئاسانی ددانەکانی پاک بکاتەوە.


سەرچاوەکان



711 بینین