ناوهڕۆك
ناساندن
هەوکردنی پووک (بە ئینگلیزی: Gingivitis، بە عەرەبی: التهاب اللثة) جۆرێکی باو و سووکی نەخۆشیی پووکە (نەخۆشی ددان) کە دەبێتە هۆی ڕووشاندن، سووربوونەوە و هەوکردنی پووک، ئەو بەشەی پووک لە دەوری بنکەی ددانەکان. بە گشتی هەوکردنی پووک هەوکردنی ئەو بەشەی شانە راگرەکانی ددانە کە دەوری بەشی دەرکەوتووی ددان لە ناو دەمدا داوە. هەرچەند دەستنیشان کردنی جۆر و هۆکاری ئەم هەوکردنە جۆراوجۆرو ئالۆزە و چەندین هۆکاریان هەیە بەلام بە گشتی لە ئەنجامی دروست بوونی چینی پلاک (dental plaque) (کە بریتیە لە کۆبوونەوەی بەکتریای ناو دەم و خۆراک و لیک بە تێپەربوونی کات) کە دەلکێن بەسەر رووی ددانەکانەوە هۆکاری یەکەمینن، ئەم چینی پلاکە دەتوانرێت لا ببرێت بە بەکارهێنانی فلچە و هەویری ددان لانی کەم رۆژی دووجار، لەگەل بەکارهێنانی پەتی نێوان ددانەکان گەر ئەم چینە لا نەبرێت دەبێتە هۆی هەوکردنی پووک کە بریتیە لە ئاوسان و سوربوونەوە و خوێن لێهاتن لە کاتی خواردن یاخود بە بێ هۆکار (وەک بەیانیان لە دوای لە خەو هەڵسان)وە رەنگە ببێتە هۆی جیا بوونەوەی ئەم شانەیە لە ددانەکان و دروست بوونی بۆشایەکی لەبار بۆ کۆبوونەوە و گەشەی بەکتریاکان، گەر بە شێوەیەکی گونجاو لا نەبرێت ئەم چینی پلاکە ئەوا بە تێپەربوونی کات توانای ئەوەی هەیە ببێتە چینێکی رەق کە پێی ئەوترێت کلسی ددانەکان (dental calculus). گەر بێت و لەم کاتەدا ئەم نەخۆشییە پشتگوێ بخرێت ئەبێت هۆی تێکشاندنی شانە راگرەکانی دەوری رەگی ددانەکان تەنانەت ئەشێت ببێتە هۆی داخوراندنی ئێسکی راگری ددانەکان و لە پاشان ئەگەری کەوتنی ددانەکان.
نیشانەکانی ئەم هەوکردنە
نیشانەکانی نەخۆشییەکە هەمیشە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئاشکرا نین، بۆیە لەوانەیە هەتبێت و نەزانیت. کاتێک دۆخەکە بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، دەتوانیت هەست بکەیت بە:
- بۆنی ناخۆشی ناودەم بە بەردەوامی و نەڕۆشتنی هەتا دوای شوشتنی ددانەکان
- سووربوونەوە و ئاوسانی پووک و زۆر بە ئاسانی برینداربوونی بۆ نموونە لە کاتی ددان شتن یاخود پەتکردنی نێوان ددانەکان
- هەستیاری بۆ خواردنە سارد و گەرمەکان
- بوونی ئازار لەکاتی جوینی خۆراکدا
- خوێن بەربوونی پووک بەتایبەت لەکاتی شووشتنی ددانەکان
- داکەوتنی پووک
هۆکارەکانی هەوکردنەکە
باوترین هۆکاری هەوکردنی پووک کەڵەکەبوونی پلاکی بەکتریایە لە نێوان ددانەکان و دەوروبەری ددان. ئەم پلاکە دەتوانێت ڕەق بێت بۆ بوون بە کلس یان بەڵخی ددان، نزیک لە پووک لە بنکەی ددانەکان. ئەمە ڕەنگێکی سپی و زەردباوی هەیە. تەنها پسپۆڕانی ددان دەتوانن کلس لاببەن. کۆبوونەوەی پلاک و بەڵخی ددان دەتوانێت وەڵامی بەرگری دروست بکات کە دەبێتە هۆی لەناوچوونی شانەی پووک. لە کۆتاییدا، لەوانەیە ببێتە هۆی ئاڵۆزی زیاتر، لەوانە لەدەستدانی ددان.
هۆکارەکانی تر و هۆکاری مەترسییەکان
چەند بارودۆخێکی بنچینەیی و هۆکاری دەرەکی دەتوانن پێکهێنانی پلاک یان مەترسی هەوکردنی پووک زیاد بکەن:
- گۆڕانکاری لە هۆرمۆنەکان: ئەمە لەوانەیە ڕووبدات لە کاتی هەرزەکاری، سوڕی مانگانە، و دووگیانی. لەوانەیە پووک هەستیارتر بێت، مەترسی هەوکردنی زیاد ببێت.
- هەندێک نەخۆشی: شێرپەنجە، شەکرە و ئایدز پەیوەندییان هەیە بە مەترسییەکی زیاتری هەوکردنی پووکەوە.
- دەرمان: ئەو دەرمانانەی کە بەرهەمهێنانی لیک کەم دەکاتەوە دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەندروستی دەم هەبێت.
- کەمی ڤیتامین: کەمی ڤیتامین سی پەیوەندییەکی بەهێزی هەیە بە هەوکردنی پووک، هەروەها کەمی ڤیتامین دی و ڤیتامین بی ١٢.
- جگەرەکێشان: ئەو کەسانەی جگەرە دەکێشن زیاتر ئەم هەوکردنەیان تێدا ڕوودەدات بە بەراورد بە جگەرەنەکێشەکان.
- تەمەن: مەترسی تووشبوون بە هەوکردنی پووک لەگەڵ تەمەندا زیاد دەکات.
- مێژووی خێزان: ئەو کەسانەی کە دایک و باوکیان یان کەسێکی دیکەی خێزانەکەیان تووشی هەوکردنەکە بوون مەترسی تووشبوونیان زیاترە.
دەست نیشانکردنی
ئەگەر نیشانەکانی نەخۆشییەکەت هەیە، پێویستە سەردانی پزیشکێکی ددان بکەیت بۆ پشکنین. دکتۆری ددانت پشکنینی دەمت دەکات بۆ:
- خوێن بەربوون
- نیشانەکانی هەوکردن وەک سووربوونەوە و هەڵئاوسان
- پووک وا دەردەکەوێت کە لە ددانەکان جیابوبێتەوە
ئەگەر پزیشکی ددان گومانی لە نەخۆشیی پووک هەبوو، تیشکی ئێکسی ددان دەتوانێت نیشانی بدات کە ئایا کاریگەری لەسەر ئێسکی پووک هەبووە لە ژێرەوە یاخود نا.
چارەسەرکردن و کەمکردنەوەی ئەم هەوکردنەوە
چارەسەر بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەوکردنەکە و چاککردنەوەی ددان و پووکە تەندروستەکان. پزیشکی ددان بە تەواوی خاوێنی دەکاتەوە بۆ لابردنی بەکتریای زیانبەخش وەک پلاک و بەڵخی ددان. چارەسەرەکانی تری هەوکردنەکە بریتین لە:
- کڕاندن و پاکردنەوە ددان: ئەم پرۆسەیە هاوشێوەی پاککردنەوەی ڕۆتینی ددانە، بەڵام دەگاتە قووڵایی ژێر پووک. کڕاندن بەکتریا و بەڵخی ددان لادەبات. پاکردنەوە لای دکتۆر ددانەکانت نەرم دەکاتەوە و ڕێگری لە بەکتریا دەکات لە چەسپاندن.
- پاکوخاوێنی دەم: شتنی ددانەکان بە فڵچە و هەویری ددان، لانی کەم رۆژی دووجار، وە هەر جارێك دوو بۆ سێ خولەک کەمتری پێنەچێت.
- پەتکردن و پاککردنەوەی نێوان ددانەکان، لانی کەم رۆژی یەک جار.
- سەردانی کردنی پزیشکی ددان بە شێوەیەکی رێک و پێک (٦ مانگ جارێک) بۆ پشکێن و کۆنترۆل کردنی هەر حاڵەتێک پێویست بێت.
- دەم شووشتن بە دژە میکرۆبەکان دەکرێت یارمەتی دەربێت لە لەناوبردنی ئەو بەکتریانەی دەبنە هۆی نەخۆشیی ددان.