ڕەشید عالی گەیلانی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-11-07-01:58:00 - کۆدی بابەت: 7116
ڕەشید عالی گەیلانی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و قۆناغەکانی ژیانی

ڕەشید عالی گەیلانی (بە عەرەبی: رشید عالي الكيلاني) سەرکردەی شۆڕش و سیاسەتمەداری عێراقی، لە ساڵی 1892 لە بەغداد لەدایکبووە، نەوەی ڕابەری ڕێبازی سۆفییەتی شێخ عەبدولقادری گەیلانییە، قۆناغی خوێندنی ئامادەیی لە بەغداد تەواوکردووە، پاشان لە کۆلێژی یاسا وەرگیراوە، دوای تەواوکردنی لە چەند پلە و پۆستێکی هەمەجۆر کاری کردووە، وەکوو مامۆستا لە کۆلێژی یاسا وانەبێژی کردووە، هەروەها وەکوو بەڕێوبەری گشتی ئەوقافی مووسڵ دەستبەکار بووە، پاشان بووەتە دادوەر لە دادگای تێهەڵچوونەوە، بەڵام دەستی لە هەموو کارەکانی کێشاوەتووە وەکوو پاریزەر کاری کردووە.

ژیانی سیاسی

ـ ڕەشید عالی گەیلانی بە کەسایەتییەکی ناسیۆنالیست دادەنرێت، هەمیشە دژی دەسەڵات و داگیرکاری بەریتانیا بووە لە عێراق و هەوڵێکی زۆری داوە کە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی دژی بەریتانیان هاوپەیمانییەک دروستبکات بۆ  دەرکردنی داگیرکاری ئینگلیز لە عێراق، هەروەها پاڵپشتییەکی زۆری فەڵەستینی کردووە.
ـ لە ساڵی 1924 لە تەمەنی 32 ساڵی کراوە بە وەزیری داد لە عێراق، بەڵام بەهۆی ڕاجیایی و ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ سیاسەتی ئینگلیز دەربارەی نەوتی عێراق دەستی لە کارکێشاوەتەەوە.
ـ لە ساڵی 1930 لەگەڵ یاسین هاشمی (کەسایەتی دیاری  سیاسی عێراقی ئەو سەردەمە، و یەکەمین سەروەزیرانی عێراقی کە بە کودەتای سەربازی لەسەر کار لادراوە لە ساڵی 1936) حیزبی برایەتی نیشتمانیان (الإخاء الوطني) دامەزراند.
ـ لە ساڵی 1932 بە سەرۆکی دادگای شاهانە و سکرتێری تایبەتی شا فەیسەڵی یەکەم دەستنیشان کراوە، لە سەردەمی شاغازی وەزارەتی دووەمی پێکهێناوە.
ـ لە ساڵی 1940 سێیەمین وەزارەتی هاوپەیمانی پێکهێناوە، کە ڕووبەڕووی ئینگلیزەکان بووەووە بەهۆی ڕەتکردنەوەی بڕینی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیتاڵیا

شۆڕش و جووڵانەوەکەی ڕەشید عالی گەیلانی

شۆڕشی ڕەشید عالی گەیلانی بە شۆڕشێکی نەتەوەیی دادەنرێت و یەکێکە لەو ڕووداوانەی کە کاریگەری لەسەر مێژووی عێراق دروست کردووە، لە مانگی شوباتی ساڵی 1941 دەستیپێکرد و لە مانگی ئایاری هەمان ساڵ کۆتایی پێهات، ڕەشید عالی گەیلانی لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا لە ساڵی 1941 حکوومەتی نوێی عێراقی پێکهێنا و ناوی لێنا حکوومەتی ڕزگاری نەتەوەیی لەگەڵ چوار ئەفسەر کە سەر بە ئەو کۆمەڵە نهێنییانە بوون کە بانگەشەی سەربەخۆیی عێراقیان دەکرد، بە چوار ئەفسەری ئازادیخواز ناسراون بە ناوەکانی عەقید صەڵاحەدین ئەلسەباغ، فەهمی سەعید، مەحموود سەلمان، کامل شەبیب و یونس سەبعاوی، لەگەڵ کۆمەڵێک سەربازی ناوداری ئەو کاتە، هەوڵی دروستکردنی هاوپەیمانییەکیان دا لەگەڵ وڵاتانی تەوەر کە لە ئیتاڵیا و ئەڵمانیا پێکهاتبوون و دژی بەریتانیا بوون بۆ وەدەرنانی بەریتانیا لە عێراق، ڕەشید عالی گەیلانی سەردانی بەرلینی کردووە و چاوی بە هیتلەر کەوتووە هەر لە بەرلین ڕادیۆیەکی عەرەبی دامەزراندووە بە ناوی "ڕادیۆی بەرلینی عەرەبی" بانگەشە و پشتیوانی عەرەبی و ئازادکردنی دەوڵەتە عەرەبییەکانی دەکرد کە ژێردەستەی دەسەڵاتی بەریتانیا و فەڕەنسا بوون، دژی سیاسەتی کۆچکردنی جوولەکە بووە بۆ فەلەستین، گەیلانی وەکوو سەرکردەیەی عەرەبی دەردەکەوت کە لێدوان و گوتاری فەرمی بۆ سەرکردە عەرەبییەکانی ناوچەکە و سووپاکان بڵاودەکردە و بانگەشەی ئازادیبوون و ڕزگاری دەکرد دژی هەژموونی بەریتانی و فەرەنسی، بەڵام لە پاش جەنگی جیهانیی دووەم تێکشکانی سووپای نازییەکان هەموو هەوڵەکانی ڕەشید عالی گەیلانی بە زایە چوو، بەریتانیا کۆتایی بە دەسەڵاتی هێنا و نووری سەعیدی لە جێگەی ئەو دانا، ئەویش لە عێراق هەڵهات. 

کۆچی دوایی

لە پاش کودەتای 14ی تەموزی ساڵی 1958 گەیلانی گەڕایەوە بۆ شاری بەغداد، پاشان تۆمەتبار کرا بە پلانگێڕان بۆ ڕووخاندنی دەسەڵاتی حکوومەتە نوێیەکەی عەبدولکەریم قاسم، زیندانی کرا تاکوو ساڵی 1961 بەر لێبووردنی گشتی کەوت، کۆچی کرد بۆ وڵاتی لوبنان و هەر لەوێش لە ساڵی 1965 کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەیان گواستەوە بۆ شاری بەغداد و لەمەنزڵگای قادرییەکان لە بەغداد نێژراوە. 


سەرچاوەکان



1341 بینین