ڕۆژنامەنووس

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-01-10-17:09:00 - کۆدی بابەت: 7553
ڕۆژنامەنووس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕۆژنامەنووس (بە عەرەبی: الصحفي، بە ئینگلیزی: Journalist) ئەو کەسەیە کە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات، کاری ڕۆژنامەوانیش بریتییە لە کۆکردنەوە و بڵاوکردنەوە و گەیاندنی زانیاری لەسەر ڕووداوە باوەکانی ڕۆژ و بارودۆخی خەڵکی، هەروەها ئامادەکردنی ڕیپۆرتاجی ژۆژنامەوانی و بڵاوکردنەوەی لە میدیای بینراو یان بیستراو و خوێندراوەوە نموونەی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان، ئەرکی سەرەکی ڕۆژنامەنووس بریتییە لەگواستنەوەی ڕاستییەکان بۆ ڕای گشتی و بواری کارکردنی ڕۆژنامەنووس فراوان و هەمەجۆرە.

ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی ڕۆژنامەنووس 

ـ ئامادەکردن و خوێندنەوەی ڕاپۆرت و وتاری ڕۆژنامەوانی.
ـ خوێندنەوەی هەواڵەکان، نووسین، ئامادەکردن، چاککردن، پێداچوونەوە، ڕێکخستنی دەق و بابەت و هەواڵەکان.
ـ ئەنجامدانی چاوپێکەوتنی ڕۆژنامەوانی.
ـ ئامادەبوون لە ئیڤێنت و چالاکییە هەمەجۆرەکانی کۆمەڵگا.
ـ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ ڕاستی و سەرچاوەی زانیارییەکانی.
ـ تیشک خستنە سەر کێشە و بارودۆخە سەختەکانی کۆمەڵگا و گەیاندنی ڕاوبۆچوون و کێشەکان بە دەسەڵاتداران.
ـ بایەخدان بە بوارە جیاواز و هەمەجۆرەکانی نموونەی بواری ئابووری و وەرزش و سیاسەت.
ـ پابەندبوون بە بەها ئەخلاقییەکان لە گواستنەوەی هەواڵ و ڕاستییەکان.
ـ ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵی ناڕاست و هەڵە و دەرەمۆک، ڕێگریکردن لە بڵاوکردنەوەیان. 

تایبەتمەندیی ڕۆژنامەنووسێکی سەرکەوتوو

ـ بڕوابەخۆبوون و بوونی تواناییەکی تەواو لە قسەکردن و گەیاندنی مەبەستەکەی.
ـ بوونی حەزی بەدواداچوون و گەڕان بەدوای زانیاری نوێ.
ـ بوونی حەزی کارکرنی خۆبەخشی.
ـ  بوونی توانایی و دەستی نووسین و لێهاتوویی لە ڕێزمانەوانی.
ـ خاوەن کەسایەتییەک و کاریزمایەکی بەهێز و توانای قسەکردن و ڕەوانبێژی باش بێت.
ـ توانای کارکردنی بۆ ماویەکی درێژ هەبێت.
ـ توانای گەشتکردن و سەفەری دووری هەبێت.
ـ لێهاتوویی لە بوارەکانی زمان و زانینی زمانێک زیاتر، بە تایبەتی زمانە ناوچەییەکانی شوێنی کارەکەی. 

ڕۆڵی ڕۆژنامەنووس لە گەیاندنی ڕاستییەکان

ڕۆژنامەنووس ڕۆڵێکی سەرەکی و گرنگی هەیە لە گەیاندن و گواستنەوەی ڕاستییەکان بۆ خەڵکی، بە تیشک خستنە سەر کێشە و نەهامەتییەکانی کۆمەڵگا و گەیاندنی بە لایەنی دەسەڵاتدار بە کەسێکی پێشەنگ دادەنرێت، بۆیە پێویستە کەسی ڕۆژنامەنووس ڕەچاوی بەها و ڕێساکانی کارکردن بکات و بەوپەڕی بەرپرسیارێتی و ڕاستگۆییەوە ڕووداوەکان بگوازێتەوە، نابێت لایەنگیریی و تایفەگەری بە کارەکانییەوە دیار بێت، یاخود مۆرکی حیزبایەتی یان لایەنگیری بۆ لایەنێکی دیاریکراوی دەسەڵات لە کارەکانیدا بەدی بکرێت، پێویستە بە هۆشیارییەوە بابەتەکانی هەڵبژێرێت و بەپێی ئەزموون و توانایی مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و پێشهاتەکانی کارەکەی بکات، هەروەها پێویستە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و میدیاکان بە ئاگاییەوە تواناکانی ڕۆژنامەنووس دیاری بکەن و هەر ڕۆژنامەنووسێک بەپێی پسپۆڕی خۆی لە بوارێکدا دایانمەزرێنن، پێویستە خولی ڕاهێنان و بەهێزکردنی هەمەجۆریان بۆ دابین بکەن تاکوو ئەزموونی پیشەیی ڕۆژنامەنووسان بەرەو پێش بەرن. 

پلەبەندیی پیشەیی و مووچەی ڕۆژنامەنووس

بەشێک لە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرە لێهاتووەکان هەڵگڕی بڕوانامەی بواری ڕۆژنامەوانی نیین، بەڵکوو بەپێی ئەزموون و کارکرنی هەمەجۆر بوونەتە ڕۆژنامەنووسێکی بەتوانا، بەڵام ڕۆژنامەنووسی پسپۆڕ پێویستە هەڵگری بڕوانامەی بەکالوریۆس بێت لە کۆلێجی ڕاگەیاندن، یان لە کۆلیجی زمان.
پلەبەندی پیشەیی ڕۆژنامەنووس بەندە بە ئەزموونی کارکردن و پلەی خوێندن و بوونی بڕوانامە و توانایی و لێهاتووییەکانی ڕۆژنامەنووس خۆیەوە.
مووچەی ڕۆژنامەنووس لە دەزگایەکەوە بۆ دەزگایەک دەگۆڕێت، تەنانەت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت و جێگیر نییە، بە گشتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست مووچەی ڕۆژنامەنووس نزمە، جگە لە وڵاتانی کەنداو کە تاڕادەیەک مووچەی مامناوەند تاکوو بەرز بۆ ڕۆژنامەنووس دابین دەکەن، بەڵام لە وڵاتانی ئەورووپا مووچەی ڕۆژنامەنووس بەرز و جێگیرە.


سەرچاوەکان



1408 بینین