ئاگرکوژێنەوە

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-22-23:54:00 - کۆدی بابەت: 7674
ئاگرکوژێنەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئاگرکوژێنەوە (بە ئینگلیزی: Firefighter) ڕزگارکەرێکی تەواو ڕاهێنان پێکراوە لە کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگردا، بەتایبەت ئەو جۆرە ئاگرانەی کە مەترسیدارن و دەبنە هۆی هەڕەشە بۆ سەر ژیان و کەلوپەل و ژینگە، هەروەها کاری ڕزگارکردنی خەڵک و ئاژەڵە لە دۆخی مەترسیدار، پیاوانی ئاگرکوژێنەوە هەندێک جار پێیان دەوترێت پیاوانی ئاگر و ژنانی ئاگرکوژێنەوە پێیان دەوترێت ژنانی ئاگر.
بنکەی ئاگرکوژێنەوە کە لە هەندێک وڵاتدا پێی دەوترێت خزمەتگوزاری ئاگر یەکێکە لە سێ خزمەتگوزارییەکەی باری لەناکاو.
لێهاتوویی ئەم بوارە پێویستی بە ئامادەکاری سەلامەتی و ڕاهێنانی بەردەوامە لەماوەی کۆرسی فێربووندا، کاری ئاگرکوژێنەوەکان لەگەڵ بنکە لەناکاوەکانی تری وەک بنکەی پۆلیس و تەندروستی لە نزیکەوە کاردەکەن و ڕۆڵی ئاگرکوژێنەوە دەکرێت لەگەڵ هەردووکیان تێکەڵ ببێت و پێکەوە کاربکەن، ئەگەر ئاگرەکە بە ئەنقەست یان بەهۆی پشتگوێ خستنەوە ڕووی دابێت دەکرێت کاری ئاگرکوژێنەوە لەگەڵ یاسادا تێکەڵ ببێت.

ئەرک

دامرکاندنەوەی ئاگر

ئاگر بەهۆی بوونی هەرسێ توخمی گەرمی و سووتەمەنی و ئۆکسجینەوە دەسووتێت، زۆرجار ئەم سێ هۆکارە پێکەوە پێیان دەوترێت سێگۆشەی ئاگر، هەندێک جاریش ئەگەر چوارەم توخم زیاد بکرێت بە چوارڕووی ئاگر دەناسرێت، توخمی چوارەم زنجیرەیەک کارلێکی کیمیاییە کە دەتوانێت جۆری ئاگرەکە بەردەوامی پێ بدات.
ئامانجی ئاگرکوژێنەرەوە ڕێگریکردنە لە یەکێک لەو توخمانە، لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم کارە بە کپکردنی ئاگر بە ئاو ئەنجام دەدەرێت، بەڵام هەندێک جۆری ئاگر پێویستی بە کەرەستەی تری وەک کەف یان کارای وشک هەیە.
ئاگرکوژێنەرەوەکان بۆ ئەم مەبەستە چەندین جۆری جیاوازی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوەیان بۆ دەستەبەر دەکرێت.

کوژاندنەوەی ئاگری گەورە

لە کاتێکدا کە هەندێک جار ئاگر لە شوێنێکی سنوردار دەکەوێتەوە، هۆکاری باوی ئاگری فراوانتر زۆرجار بریتییە لە جگەرە  یان ژیلەمۆی سووتاو، هەروەها گاز و کارەبا هۆکارێکی تری کەوتنەوەی ئاگری گەورەن، کاتێک لەو شوێنەدا کە ئاگرەکەی لە کەوتووەتەوە ماددەی مەترسیدار بەکارهاتووە یان هەڵگیراوە، دەستەی ئاگرکوژێنەوە پێویستییان بە شێواز و کەلوپەلی تایبەتی ئاگر کوژاندنەوە دەبێت.
ئاگری گەورە دەکرێت بە سەرچاوەی ناوەکی یان دەرەکی یان هەردووکیان بکوژێنرێتەوە، لە سەرچاوەی ناوەکیدا یاسای (دوو لە دەرەوە و دوو لە ناوەوە) پەیڕەو دەکرێت، کە دەکرێت تێیدا سۆندەی ئاگر کوژێنەوە بەناو باڵەخانەکەدا ببرێت و ئاگرەکە بدۆزرێتەوە و بە ئاو سارد بکرێتەوە و بکوژێنرێتەوە.
لە سەرچاوەی دەرەکیشدا ئاگرکوژێنەوەکان ئاو ئاڕاستە دەکەن بۆ ناو پەنجەرە و شوێنە کراوەکانی باڵەخانە یان شوێنی گڕگرتوو، یاخود بۆ ئەو شوێنە نزیکەی کە سووتەمەنی لێیە و سەرچاوەی ئاگرەکەیە.
ئەو باڵەخانە و بینایانەی کە لە ماددەی گڕگرتووی وەک دار دروست کراون جیاوازن لەوانەی کە لە کۆنکرێت دروست کراون، هەندێک شێوازی ئاگرکوژاندنەوەی ئاگرکوژێنەوە دەکرێت وێرانکەر بێت، بەڵام زۆرجار ئەم وێرانکارییە بۆ مەبەستێکی تایبەتە، بۆ نموونە، لە کاتی هەواکێشیدا ئاگرکوژێنەوەکان پەستان دەکەن تاکوو کوونەکانی بنمیچ یان زەوی شوێنی گڕگرتوو بکەنەوە کە پێی دەوترێت هەواکێشی ستوونی، یان هەوڵ دەدەن پەنجەرە و دیوارەکان بکەنەوە کە پێی دەڵێن هەواکێشی ئاسۆیی، ئەم کردارە بۆ لابردنی دووکەڵ و گازی گەرمی ناوەوە و لابردنی هەڵمی گەرمیی شوێنە گڕگرتووەکەیە، هەروەها ئەم هەواکێشییە بەکاردێت بۆ زیاتر دەرکەوتنی بەشی ناوەوە و زووتر دیاریکردنی شوێنی قوربانییەکان و ڕێگریکردن لە تەقینەوەی شوێنەکە، چەندین کەلوپەلی سەلامەتی دابین دەکرێت بۆ کەسی ئاگرکوژێنەوە چونکە سەلامەتی ئاگرکوژێنەوەکان لەپێش هەموو شتێکەوەیە.

ئاگرکوژێنەوەی سروشتی

ئاگری سروشت دەستەیەکی تایبەت لە سازدان و شێوازی دەوێت، لە زۆربەی وڵاتەکانی وەک ئوسترالیا و ئەمریکادا ئەم ئەرکە بە یارمەتی ئاگرکوژێنەوەی خۆبەخشی ناوخۆیی ئەنجام دەدەرێت.
ئاگری سروشت هەندێک ڕۆڵی ژینگەیی هەیە کە ڕێگا بە ڕووەکی نوێ دەدات گەشە بکات، بۆیە لە هەندێک حاڵەتدا ڕێگا دەدرێت بە سووتانی، ئەرکی کوژاندنەوەی ئاگری سروشتی ڕێگریکردن لە کەوتنەوەی زیانی گیانی و ژینگەییە.

ڕزگارکردن

ئاگرکوژێنەوەکان خەڵکی و ئاژەڵەکان ڕزگار دەکەن لە بارودۆخی ترسناکی وەک باڵەخانە و شوێنی گڕگرتوو و ڕووخاو و ئەشکەوت و تونێل و بەرزکەرەوەی مەترسیدار و مەترسی ئاو و سەهۆڵ، هەروەها ڕووداوی پیشەسازی و کارەبایی، لەبەر ئەم هۆکارە هەندێک بەشی ئاگرکوژێنەوە وەک بەشی ئاگرکوژێنەوەی وڵاتی بەریتانیا پێیان دەوترێت بەشی خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوە و ڕزگارکەر.

فڕۆکەخانە

فڕۆکەخانە ئاگرکوژێنەوەی تایبەت بەخۆی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پێشهاتی لەناکاوی زەمینی، لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخی لەناکاو ئاگرکوژێنەوەکانی فڕۆکەخانە داوایان لێدەکرێت بەخێرایی دڵنیا ببنەوە لە سەلامەتی فڕۆکەکە و دەستەی فڕۆکەوان و گەشتیاران لە هەموو مەترسییەک بەتایبەت ئاگر، ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانە ڕاهێنانیان پێدەکرێت بۆ بەکارهێنانی کەفی ئاگرکوژێنەوە و ماددە وشکەکان و پاککەرەوەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگر لە کاتی فڕیندا.


ڕێگریکردن لە ئاگر

بەشەکانی ئاگرکوژێنەوە زانیاری دەدەن بە خەڵکی گشتی لە چۆنیەتی ڕێگریکردن و خۆپاراستن لە کەوتنەوەی ئاگر لە ژینگەی ماڵەوە و شوێنی کار.

شێوازی کارکردن

لە زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە خزمەتگوزاری ئاگرکوژێنەوەی گشتگیریان هەیە، بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە دەبێت لە هەر کاتژمێرێکی لەناکاوی ڕۆژ یان شەودا ئامادەباش بن بۆ ناردنی ئاگرکوژێنەوە بۆ گەیشتنە شوێنی مەبەست لە کاتی پێویستدا.
لە ناوچە شارستانییەکاندا ئاگرکوژێنەوەکان بە ڕێکخراوی کاردەکەن و لە هەفتەکەدا چەند شەوێک بە بێداری دەمێننەوە، لەبەر ئەم هۆکارە هەندێک لە ئاگرکوژێنەوەکان جگە لە کاری ئاگرکوژێنەوە کاری تریش دەکەن.
لە کوردستاندا هیچ بەشێکی ئەکادیمی بوونی نییە بۆ وەرگرتنی بڕوانامە لە بواری ئاگرکوژێنەوەدا، بەڵکوو ئەوەی هەیە کۆرسێکی دیاریکراوە بۆ ڕاهێنان پێکردنی ئاگرکوژێنەوەکان و پێدانی ڕێنمایی دەربارەی کارەکەیان.

لە کاتی دۆخی نەخوازراوی ئاگرکەوتنەوەدا دەتوانیت پەیوەندی بە ژمارە ١١٥ بکەیت لە هەر کاتێکدا بۆ داواکردنی هاوکاری لە تیمی ئاگرکوژێنەوە.


سەرچاوەکان



2147 بینین