ئامێدی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2022-02-08-15:16:00 - کۆدی بابەت: 7781
ئامێدی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و شوێنی جوگرافی

شارۆچکەی ئامێدی (بە عەرەبی: عمادية، بە ئینگلیزی: Amedy) شارۆچکەیەکی سەر بە پارێزگای دهۆکی هەرێمی کوردستانە 70 کیلۆمەتر لە دهۆکەوە دوورە، هەروەها بە دووریی 570 کیلۆمەتر لە باکووری بەغدادی پایتەختەوە دوورە، نزیکی سنووری تورکیایە و 10 کیلۆمەتر لێوەی دوورە.
ئامێدی لەسەر تاشە بەردێکی گەورە بنیاتنراوە کە نزیکەی 1000 مەتر بەرزترە لە زەوییەکانی دەوروبەری، وێنایەکی سەرنجڕاکێش و دڵگیری بە شارۆچکەکە بەخشیوە و هاوشێوەی قەڵایەکی گەورەی بنیاتنراوە، بۆیە فراوان بوون و گەشەسەندنی لە ڕووی جوگرافییەوە سنووردارە.
لە ڕووی کارگێڕییەوە هەریەک لە ناحیەکانی سەرسەنگ، دێرەلووک، جەمانکێ، بامەرنێ، شیلادزێ، کانی ماسی سەر بە کارگێڕی شارۆچکەی ئامێدین.

مێژووی ئامێدی 

ـ لە ڕابردوودا ناوی زۆر لەم شارۆچکەیە نراوە نموونەی "ئامات"، "ئاماتی"، دوو کۆنترین ناون کە بە شارەکە وتراون، مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشوورییەکانی لەنێوان ساڵانی 823-810 پێش زایین، چەند ناوێکی تریشی بۆ بەکارهێنراوە نموونەی، "ئافاهی میدیا"، "ئاشەب"، "عەمادییە".
ـ بەپێی بەڵگە مێژووییەکان ئامێدی ناوچەیەکی دێرینە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەشتەمی پێش زایین، کە ناوەندێکی گرنگ بووە بۆ مادەکان و ئاشوورییەکان.
ـ لە سەردەمی میرنشینە کوردییەکان، ئامێدی پایتەختی میرنشینی بادینان بووە و ناوچەیەکی بایەخدار بووە بۆ میرنشینەکە.
ـ ئامێدی لە ڕابردوودا خاوەن شوێنێکی جوگرافی گرنگ بووە، بۆیە خاوەن سێ دەروازە و دەرگای سەرەکی بووە کە بە ناوچەکانی تری پەیوەست کردووە.
ـ دەروازەی یەکەم بریتییە لە دەرگای زیبار، دەروازەیەکی ناوخۆییی بووە و شارۆچکەکەی بە پارێزگای هەولێرەوە بەستووەتەوە.
ـ دەروازەی دووەم یان دەرگای پادشا، نەخش و سیمبوولی "خێزانی پادشا" لەسەری نەخشێنراوە و لەو ڕێگەیەوە ئامێدی پەیوەست بووە بە شاری "گلمیرک"ـی تورکیا.
ـ دەروازەی سێیەم کە دەکەوێتە ڕۆژئاواوە، بریتییە لە دەرگای بادینان، یان دەرگای ئامێدی کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بە "کەلا ئامێدی" ناسراوە، ئەم دەروازەیە لە ڕابردوودا دەرگای مووسڵیشی پێ وتراوە، چونکە شوێنی هاتوچۆی کاروانە بازرگانییەکانی مووسڵ بووە، لە ساڵی 1914 بۆ ئاسانکردنی هاتووچۆ هەموو ڕێگاکانی قیرتاوکران، هەروەها ئەم شوێنەوارە لە ساڵی 1952 وەک شوێنەوارێکی دێرین لەناو لیستی کەلەپووری عیراقیدا تۆمار کراوە.

دانیشتوان

زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، بەپێی خەمڵاندنی سەرژمێرییەکانی ساڵی 2009ـی عێراق ژمارەی دانیشتوانی 8000 کەسن، بەهۆی شوێنی جوگرافی ناوچەکە و فراوان نەبوونی، ژمارەی دانیشتوانی دیاریکراو و کەمن، بە گشتی پەیڕەوی ڕێبازی سوننەی ئایینی ئیسلامن.

شوێنەوارە دێرینەکانی ئامێدی 

ـ قوتابخانەی قوبەهان: قوتابخانەی "قوبەهان" یەکێکە لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئامێدی، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی 1534 بۆ 1576زایینی و بە دیاریکراوی لە سەردەمی میرنشینی بادینان لەلایەن میر حسێنەوە دروستکراوە.
ـ مزگەوتی گەورەی ئامێدی: مێژووی دروستكردنی دەگەڕێتەووە بۆ ساڵی 573ـی کۆچی لە كۆتایی سەردەمی دەسەڵاتی دەوڵەتی ئەمەویییەکان دروستکراوە، منارەی مزگەوتی گەورەی ئامێدی درێژیەكەی 30ـی مەترە، پانی بنكەكەی سێ مەترە و درێژی دەرگاكەی یەك مەتر و نیوە، لەناو منارەكە 103 پەیژە ھەیە كە دەگەنە لوتکەی منارەكە، منارەکەی لە سەردەمی "سوڵتان حسێن" پێش شەش سەدە دروستكراوەتەوە دووبارە نۆژەنکراوەتەوە.
رووبەری مزگەوتی گەورەی ئامێدی 2000 مەتری چوارگۆشەیە، لە حەرەمێكی گەورە پێكدێت كە چەندین قوبەی تیایدایە و بە بەرد و قوڕ دروستكراون.

شوێنە گەشتیارییەکانی ئامێدی

گەلی زاوێتە
ئانیشکێ
سۆلاڤ


سەرچاوەکان

110 بینین