مێژووی فەلسەفەی ستۆیسیزم

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-16-23:40:00 - کۆدی بابەت: 11303
مێژووی فەلسەفەی ستۆیسیزم

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مێژووی فەلسەفەی ستۆیسیزم (بە عەرەبی: تاريخ الفلسفة الرواقية، بە ئینگلیزی: the history of Stoicism philosophy) ڕێبازی فەلسەفی ستۆیسیزم ( الرواقية ) لەلایەن فەیلەسووف (زینۆن) سێ سەدە پێش زایین لە ئەسینای کۆن دامەزرا بەڵام ڕێبازەکە ئەو سەرنج و تێڕامانەی ڕانەکێشا بۆ لای خۆی بە تایبەتی کە سەردەمەکەی هاوکات بوو لەگەڵ سوقرات و ئەفلاتوون و دواتریش ئەرستۆ . یۆنان بەرەو پاشەکشە چوو و فەلسەفە و زانست بارگەیان گواستەوە بۆ ڕۆمای پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی کە بەردەوام لە گەشەکردندا بوو. 

ناوەڕۆک

لە گرنگترین بیروباوەڕەکانی ئەم ڕێبازە ئەوەیە کە پرەنسیپە ئەخلاقییەکان لە سروشتەوە وەردەگرێ و کاری چاکە دەخاتە پێش هەموو شتێکەوە و پێی وایە کە پاداشتی کاری چاکە هەر خودی کارەکە خۆیەتی ، هەروەها ئەم ڕێبازە پێی وایە کە هیچ شتێک ناتوانێ دەروونی مرۆڤ ئازار بدات بەڵکو ئەوەی دەروونی مرۆڤ ئازار دەدات دەروونی مرۆڤەکە خۆیەتی واتا ئەو ڕووداوانەی لە دەوروبەر ڕوودەدەن توانای گەیشتنیان نییە بە ئەقڵ بەڵکو چۆنییەتی کاردانەوە بۆ ئەو ڕووداوانە وامان لێ دەکات کاریگەری ئەرێنی یان نەرێنی هەبێت بەسەر هزر و ئەقڵماندا.
چەندین قەیسەر و ئیمپڕاتۆری یەک لە دوای یەک حووکمی ڕۆمایان کرد و تا دەهات سنووری ئیمپڕاتۆرییەتەکە فراوانتر دەبوو، بەڵام ئەوەی سەرنجی مێژوو ڕادەکێشێ (پێنج ئیمپڕاتۆڕە باشەکە) ن. لە سەردەمی حووکمڕانیی ئەم پێنج ئیمپڕاتۆرەدا گوزەرانی هاوڵاتیانی ڕۆم لە باشترین دۆخدا بوو و ساڵانێکی زۆری بێ شەڕی ناوخۆ و گەشەکردنی زۆر بوو. ئەم سەردەمە لە ساڵی ٩٦ ی زاینییەوە بە هاتنە سەر تەختی ئیمپڕاتۆر (نیرڤا) دەست پێ دەکات و بە مردنی پێنجەم ئیمپڕاتۆر (ماکۆس ئۆریلیۆس) لە بەهاری ساڵی ١٨٠ ی زایینی کۆتایی دێت. لەم سەردەمەدا زۆرترین گرنگی بە فەلسەفە و خوێندن و زانستەکان درا و لە ماوەی حووکمڕانیی مارکۆس ئۆریلیۆسدا گەیشتە لوتکە. 

مارکۆس ئۆریلیۆس کێیە؟ 

مارکۆس ئۆریلیۆس ١٦یەمین ئیمپڕاتۆری ڕۆما و پێنجەم و دوایینە لەو ئیمپڕاتۆرانەی کە لە مێژووی ڕۆمادا بە (پێنج ئیمپڕاتۆرە باشەکە) ناسراون. لە ساڵی ١٢١ ی زایینی لە خێزانێکی خانەدان لە ڕۆما لە دایک بووە و هەر لە منداڵییەوە باوکی مردووە و باپیری هەڵی گرتۆتەوە. باپیری مارکۆس سیناتۆر بووە لە ئەنجوومەنی پیرانی ڕۆما. لە سەردەمی گەنجیەتیدا زۆرترین کاتی بۆ خوێندن و فێربوون تەرخان کردووە. لە ساڵی ١٣٨ زایینیدا ئیمپڕاتۆری ڕۆما (هادریان) نەخۆش دەکەوێت و لە سەرەمەرگدا هاوسەری پووری مارکۆس  (ئەنتۆنیۆس) دەکات بە جێنشینی خۆی بە مەرجێک کە ئەوەیش دوای خۆی مارکۆس بکات بە جێنشین.
مارکۆس لەو کاتەدا و لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا کاروباری ئابووریی دەوڵەتی بەڕێوە دەبرد و تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکانی ئاسایی و جوتیار زۆر بوو و دڵخۆش بوو بە کارەکەی وهەواڵی هەڵگرتنەوە و دیاریکردنی وەکو جێنشین بۆ ئەو زۆر دڵخۆشکەر نەبوو. پاشان هادریان خاڵی مارکۆسی کردە جێنشین و بە هەمان مەرج کە ئەویش مارکۆس هەڵگرێتەوە و بیکات بە جێنشینی خۆی.  هادریان مرد و ئەنتۆنیۆس بوو بە جێنشین و مارکۆسی هەڵگرتەوە و کردی بە هاوسەری کچەکەی خۆی و لە ساڵی ١٦١ ی زایینیدا مارکۆس بوو بە ئیمپڕاتۆری ڕۆما. 
ئۆریلیۆس لەگەڵ ئەوەی کە ئیمپڕاتۆرێکی دادپەروەر و سەرکردەیەکی سەربازیی سەرکەوتوو بوو فەیلەسووفێکی گرنگی مێژووە و لەو سەردەمەدا کاتی زۆری بۆ فێربوون و گەشەدان بە فەلسەفە تەرخان کردبوو، مارکۆس هەر لە سەرەتای گەنجییەوە کەوتبووە ژێر کاریگەریی فەلسەفەی ستۆیسیزمەوە و بە تایبەتی هەردوو فەیلەسووف (زینۆن) و (سێنیکا).
مارکۆس ئۆریلیۆس بەدەم پێشڕەویکردنی هێزەکانی ئیمپڕاتۆرییەتەکەیەوە و لە شوێن و کاتی جیاوازدا دەچووە خەڵوەتێک و لە سروشت ڕادەما و تێڕامانەکانی دەنووسیەوە لە بەرگی نامیلکەی دەستنووسدا و لە کۆتاییدا کۆی نامیلکەکانی گەیشتە دوازدە دانە و لە کتێبێکدا بە ناوی (تێڕامانەکان) کۆ کرانەوە. 
ئەم کتێبە لە ساڵی ١٧٥ ی زایینیەوە واتە نزیکی ١٨٥٠ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە و بووە بە یەکێک لە گەورەترین و کاریگەرترین کارە ئەدەبی و فەلسەفییەکانی مێژوو و هاوکات وەک دەستوورێک ناسراوە بۆ ڕێبازی ستۆیسیزم.  ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە مارکۆس لە کاتێکدا ئەم بەرهەمەی نووسیوە کە ئیمپڕاتۆری یەکێک لە بەهێزترین و ڕێکخراوترین دەوڵەتی سەر زەوی بووە.  سنووری دەسەڵاتی لە ڕۆژاواوە دوورگەی بەریتانیا و ئەڵمانیا بووە تا نزیکی ئێران و کوردستان لە ڕۆژهەڵات. لە باکووریشەوە سنووری دەسەڵاتی لە سویسرا و ڕۆمانیاوە تا میسڕ و تونس و مەغریب لە باشوورەوە ، واتا تەواوی وڵاتانی چواردەوری دەریای ناوەڕاستی لەژێر دەستدا بووە.

لەگەڵ ئەو توانا و دەسەڵاتەدا هێشتا لە (تێڕامانەکان) دا باس لە سادەیی و خاکیبوون دەکات و جەختی لەسەر دەکاتەوە. مێژووش ئەوەی سەلماندووە کە مارکۆس ئەم خەسڵەتانەی لە ژیانی خۆیدا جێبەجێ کردووە هەرچەندە لە خێزانێکی خانەدان گەورە بووە و دواتریش بووە بە ئیمپڕاتۆر ، بەڵام هەمیشە بێزی لە مەرایی و ماستاوچێتی و دووڕوویی سیاسییەکان کردۆتەوە و لە ژیانیشدا زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ سەربازەکانی بەسەر بردووە. زۆرێک لە کۆلێژەکانی پزیشکی دەروونی و دەروونزانەکان لە جیهاندا کتێبی (تێڕامانەکان) وەکو چارەسەر بۆ ئەو کەسانەی بە دوای واتایەک بۆ ژیان و ئاسوودەیی ڕۆحی دەگەڕێن پێشنیار دەکەن.
لە سەردەمی مارکۆسدا ئیمپڕاتۆرییەتەکە بووژایەوە و بەرەو فراوان بوون دەچوو، هێرشی فارسەکانی بۆ سەر خاکی سووریای ئێستای شکست پێ هێنا و گرنگی زۆری بە بوارەکانی خوێندن و تەلارسازی و دیپلۆماسیەت داوە.  ئەوەی جێی باسە لە مێژووی مارکۆسدا ئەوەیە کە لە سەردەمی ئەودا وشکەساڵی و نەخۆشی بڵاوبۆتەوە و ئەویش موڵکە تایبەتیەکانی خۆی و کۆشک و باخەکانی فرۆشتووە و پارەکەی داوە بە دەوڵەت تا بتوانێ لە ئازار و برسێتی هاوڵاتیانی ڕۆما کەم بکاتەوە. 
لە ساڵی ١٨٠ ی زایینی کاتێک مارکۆس سەرکردایەتیی شەڕی دەکرد لە دژی بەربەریە ئەڵمانەکان و لە نزیک شاری ڤییەننا ، (کۆمۆدۆس) ی کوڕی کوشتی و کۆتایی بە دەسەڵاتی مارکۆس ئۆریلیۆس هێنا و دواتر کۆمۆدۆس بە یەکێک لە خراپترین ئیمپڕاتۆرەکانی ڕۆما لە مێژوودا ناسرا.



1509 بینین