ئەدەبیاتی عەرەبی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-14-16:29:00 - کۆدی بابەت: 12900
ئەدەبیاتی عەرەبی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبیاتی عەرەبی (بە عەرەبی: الٲدب العربية، بە ئینگلیزی: Arabic Literature) ئەدەبیاتی عەرەبی یەکێکە لە دیارترین و گرنگترین و کۆنترین ئەدەبیاتی وڵاتانی ڕۆژهەڵات، کە مێژووییەکی دێرینی هەیە کە درێژ دەبێتەوە بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ ساڵ. ئەدەبیاتی عەرەبی بە لقێکی دەوڵەمەند دادەنرێت لە ناو ئەدەبیاتی ڕۆژهەڵاتیدا ئەمیش بەهۆی ئەوەی لە بنەڕەتدا زمانی عەرەبی زمانێکی دەوڵەمەندە بە وشەسازی و هاو واتا و دەربڕینەکان، کە بە کەمترین وشە دەکرێت زۆرترین واتا بگەیەرێت. 

ئەدەبی عەرەبی تایبەتە بە گەلانی عەرەب، هەر بۆیە هیچ نەتەوەیەکی جگە لە عەرەب ناتوانێت پەیڕەوی بنەما و ڕێسا گشتییەکانی ئەدەبی عەرەبی بکات. کاتێک ئەو گەل و نەتەوانەی پەیڕەوی یاساکانی ئەدەبی عەرەبیان دەکرد و بە زمانی دایک دەیان نووسی دەبوو وشەی عەرەبی لە ناوەڕۆکی نووسینەکانیان هەبێت هەر بۆیە ئەو کەسانەی زمانی دایکیان عەرەبی نەبوو بە ئەستەم لە پەیامی بەرهەمەکە دەگەیشتن. هەر ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەدەبیاتی عەرەبی تەنها موڵکی گەلانی عەرەبی زمانە. 

مێژووی ئەدەبیاتی عەرەبی

بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان لە بارەی ئەدەبیاتی عەرەبی، مێژووی ئەدەبیاتەکە زیاتر لە ١٤٠٠ ساڵە و لە ڕووی سەردەمیشەوە دابەش دەبێت بۆ دوو سەردەم ئەوانیش: 

یەکەم: سەردەمی پێش ئیسلام (سەدەی چوارەمی زایینی تا هاتنی ئایینی ئیسلام

دووەم: سەردەمی هاتنی ئایینی ئیسلام و دواتر 

وەکو لە سەرچاوەکاندا ئاماژەی پێدراوە لە ناو گەلانی ڕۆژهەڵاتیدا ئەدەبیاتی عەرەبی دەوڵەمەندترین لقی ئەدەبییە. ناوەڕۆکی بەرهەمەکان لە سەردەمی پێش ئیسلامدا زیاتر بابەتی هۆنراوە و غەزەل بووە لە سەردەمی دوای هاتنی ئیسلامیشدا بابەتی چیرۆک و ڕۆمان و بابەتی دانایی و فەلسەفە گەشەیان پێدرا لەسەر دەستی نووسەر و فەیلەسوفانی وەک (ئیبن ڕوشد، فارابی و چەندان نووسەر و بیرمەندی تر). 

گرنگترین ژانەرەکانی ئەدەبیاتی عەرەبی

لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا بابەتێکی جیاواز هەبوو کە لە هی گەلانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاواییدا نەبوو ئەویش دانایی بوو، هەرچەندە بابەتی دانایی لە ئەدەبیاتی چینیدا هەبوو بەڵام هەڵقوڵاوی ڕۆحی بوون نەوەک دانایی لە ڕووی ئەقڵەوە. ئەو کەسانەی پێشڕەوی بابەتی دانایی بوون لە هەمان کاتدا شارەزایی تەواویان لە زانستە شەرعییەکاندا هەبوو بە تایبەتیش زانستی کەلام. شارەزابوون و قووڵبوونەوە لە ئایینی ئیسلام گەیاندنی بە پلەیەکی بڵندی دانایی کەوا لە گفتوگۆیە ژیرییەکاندا سوودیان دەبینی لەو زانستەی فێری بوون. 

جگە لە ژانەری دانایی، لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا بابەتی داستان و ژانەری ئەفسانەیی و ڕاستەقینە بوونی هەیە کە شێوازەکەی جیاوازە لە هی گەلانی ڕۆژاوا. سەبارەت بە هۆنراوە لە عەرەبیدا جۆرە ژانەرێک هەیە پێی دەوترێت "داشۆرین" کە لە سەردەمی پێش هاتنی ئایینی ئیسلامدا باو بوو و کۆڕی تایبەتی بۆ ساز دەکرا و هۆزانڤانان یەکتریان بە هۆنراوە دادەشۆری بە شێوازێکی ئەدەبیانە کە ئەم شێوازی هۆنراوەیە لە نێو گەلانی تردا نییە. هونەری داشۆرین لە نێو بابەتی ئەدەبیشدا ڕەنگدانەوەی هەبووە و نووسەر هەبووە تەواوی بەرهەمەکەی بریتی بووە لە داشۆرینی کەسایەتییەکی تر. 

گرنگترین سەردەمی ئەدەباتی عەرەبی

ئەدەبیاتی عەرەبی تا ئەم سەردەمەش بەردەوامە لە پێشکەوتن و گەشە سەندن بەڵام گرنگترین سەردەمی ئەدەبیاتەکە هاوکات بووە لەگەڵ سەردەمی ڕووناکی یاخود سەردەمی زێڕینی ئایینی ئیسلام کەوا پەیامی ئایینەکە گەیشت بە ئەورووپا و ئاڵای ئیسلام گەیشتە ئەندەلوس (ئیسپانیای ئەم سەردەمە). لەو ماوەیەدا لە وڵاتانی ئیسلامیدا خانەی ڕۆشنبیری و زانستی و شەرعی کرانەوە وەکو (دار الحکمة) و (بیت الحکمة) و قوتابخانەکانی موستەنسڕیە و شارەکانی تری عێڕاق. ئەم خانانە ماڵی پێگەیاندنی ڕۆشنبیر و زاناکان و فەیلەسوفان بوون. 

جگە لەوە شەوان لەم خانە ڕۆشنبیریانە کۆڕی شعری و گفتوگۆی دانایی ساز دەکران و خەڵکانێکی زۆر بە جۆش و خرۆشەوە سەردانی کۆڕەکەیان دەکرد و تا درەنگانی شەو بە ئاواز و مۆسیقا و گۆرانی عەرەبی و هۆنراوە و گفتوگۆی ژیری شەوەکەیان بەڕێ دەکرد. ئەم کۆڕانە هەندێک جار وەزیر و خەلیفەی موسڵمانانیش تێیدا بەشدار دەبوون و گوێیان دەگرت بۆ گفتوگۆ ژیری و داناییەکان. 

ئەم سەردەمە ڕۆشنەی ئەدەبیاتی عەرەبی لە نێوان سەدەی هەشتەم تا سەدەی ١٣یەمی زایینییە. کە هاوکاتە لەگەڵ دەسەڵاتی خەلافەتی عەباسی. لەم ماوەیەدا بابەتی هۆنراوە، فەلسەفەی عەرەبی، زانست، هونەری عەرەبی وەک مۆسیقا و بابەتی ئەدەبی وەک چیرۆک گەیشتنە ئاستێکی تری پێشکەوتن. 

مەبەست لە ژانەری هۆنراوەی عەرەبی کلاسیک چییە؟

ژانەری هۆنراوەی کلاسیک لە عەرەبیدا مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی ئیسلام، دوای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامیش کاڵ نەبووەوە و زیاتر گەشەی سەند. ئەم شێوازی هۆنراوەیە خۆی دەبینێتەوە لە بەکارهێنانی کێش و سەروایەکی تایبەت کە پێی دەوترێت کێش و سەروای عەرەبی یاخود (عروزی عەرەبی) کە کۆتایی هەر دوو نیوە دێڕێک دەبێت لەسەر هەمان کێشی وشەیەکی عەرەبی بێت کە لە زمانی عەرەبی بەم وشانە دەوترێت (وزن) یاخود کێش. 

لە سەردەمی پێش ئیسلامدا هۆنراوەکان دەبوو پەیڕەوی یاسای موعەلەقە بکەن کە هەر هۆنراوەیەک ئەم یاسایەی تێدا پەیڕەو نەکرابایە ئەوا هۆنراوەیەکی ناتەواو دەبوو. پوختەی پەیامی موعەلەقە ئەوەیە دێڕێک تەواوکەری دێڕی پێش خۆیەتی. یاخود دەبێت هۆنراوەکە بەش بکرێت بەشی یەکەم تەوەرێک بێت و بەشی دووەم تەوەرێکی تر. ئەم بابەتە زیاتر لە غەزەلدا پەیڕەو دەکرێت چونکە ناتوانرێت یەکەم دێڕی هۆنراوەکە تاوەکو کۆتایی دێڕەکە هەمان بابەت بێت بۆیە جیا دەکرێنەوە و دەکرێت بە چەند تەوەرێک تاوەکو هۆزانڤانەکە بتوانێت پەیامەکەی بە ڕوونی بگەیەنێت و خوێنەریش چێژ لە گوێگرتنی بگرێت. لە هۆنراوەی عەرەبیدا کۆتایی هەر دێڕێکی شعری دەکرێت درێژ بکرێتەوە لە گۆ کردندا و ئاوازی پێ بدرێت یاخود وشەی یەکەم دووبارە بکرێتەوە هەروەکو خوێندنەوەی قورئان بە مەقامی تەجوید کە دووبارە کردنەوەی وشەکانی تێدایە. دیارترین هۆزانڤانی عەرەبی ئەم چەشنە (موتەنەبی و ئەلمەعەری)ن.

نووسراوی عەرەبی چییە؟ 

نووسراوی عەرەبی ژانەرێکی ئەدەبی عەرەبییە و لە هیچ گەل و نەتەوەیەکی تردا بەرجەستە نییە. ئەم جۆرە ژانەرە لە ڕووی قەبارەوە دەچنە سەروو چەند بەرگێک و بە شێوازی ئەدەبی دەنووسرێن جا بابەتەکان دەکرێت مێژوویی بن، یاخود ئایینی، فەلسەفی، زانستی، گەشت کردن، بابەتی ئەفسانەیی، ژیانامە و چەندان بابەتی تر. دیارترین نووسەرەکانیش: ئیبن خەلدوون بە کتێبی "پێشەکی ئیبن خەلدوون" و ئیبن بەتوتە بە کتێبی "گەشت" و ئیبن توفەیل بە کتێبی فەلسەفی "حەیی ئیبن یەقزان". ئەم ژانەرە ئەدەبییە دەوڵەمەندە بە کتێب و جگە لەوە لە بابەتی زانستیشدا عومرو ئیبن جاحز بە کتێبی "ئاژەڵەکان" پێشەنگی ئەم بابەتەیە. 

ئەدەبیاتی عەرەبی مۆدێرن

ئەدەبیاتی عەرەبی پێشکەوتوو یان مۆدێرن لە سەدەی ١٩یەمی زایینی دەستی پێکرد و لە سەدەی ٢٠دا بەردەوامی هەبوو، کە بە سەردەمی ڕۆشنگەری یاخود ڕێنیسانسی عەرەبی ناسراوە لە ئەدەبیاتدا، لەم سەردەمەدا وڵاتانی عەرەبی زمان کەوتنە بەرکاریگەری ئەدەبیاتی ڕۆژاوایی و بیرۆکەیان لێ وەرگرت بەتایبەتیش ئەدەبیاتی ئینگلیزی و فەڕەنسی لە بوارەکانی هۆنراوە، شانۆ، کورتە چیرۆک، چیرۆک، ڕۆمان. ئەمەش بەهۆی گۆڕان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری وڵاتانی عەرەبی. 

ئەدەبی ڕەخنەگری عەرەبی و بیردۆز داڕێژی 

ئەم بەشەی ئەدەبی عەرەبی پێشکەوتنی زۆری بەخۆوە بینیوە، کە نووسەرەکان بە شێوەی ئەکادیمیانە دەستیان کرد بە لێکۆڵینەوە و ڕەخنە گرتن لە بەرهەمە ئەدەبییەکان، نووسەرەکان بە شێوەیەکی زانستیانە شرۆڤەی بەرهەمەکانیان دەکرد وەک شرۆڤە بۆ هۆنراوە و واتا کردنی، شرۆڤە و خوێندنەوە بۆ کتێب لە چەندین گۆشە نیگاوە، وەکو دیاریکردنی پەیامی کتێبەکە، چیرۆک، کارەکتەر و سمبولی کارەکتەرەکان، شێوازی گێڕانەوەی چیرۆک. ئەم جۆرە خوێندنەوانە بوونە هۆی ئەوەی وڵاتانی ڕۆژاواش سوود ببینن لە ڕەخنەگرە عەرەبی زمانەکان و بەرهەمەکانیان وەربگێڕنە سەر زمانی خۆیان. 

قووڵبوونەوە

لە پاڵ ڕەخنەگریدا بابەتێکی تر هەیە کە مێژوویەکی دێرینتری هەیە، ئەویش قووڵبوونەوە بوو لە نووسەرێک، بەرهەمێکی شعر یان کتێب. پاشان نووسینی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە بە شێوەیەکی سادەتر لە بارەی ئەم نووسەرە تاوەکو خوێنەران کە دەیخوێننەوە لە ڕەهەندەکانی کتێبەکە تێ بگەن. بۆ نموونە کاتێک ڕۆمانی "تاوان و سزا" وەرگێڕدرا بۆ زمانی عەرەبی کەسانێک هەبوون لە مەبەست و پەیامی کتێبەکە بەباشی تێنەدەگەیشتن بۆیە ناچار نووسەرەکان بە شێوەی قووڵبوونەوە توێژینەوە و وتار و لێکۆڵینەوەیان لە بارەی کتێبەکە نووسی کە بە کوردی دەچێتە قاڵبی شرۆڤە، کە تیایدا نووسەر بە بۆچوونی خۆی بیردۆزی دادەڕشت و ڕووداو بە ڕووداو لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاودەکرانەوە و خوێنەرانیش سوودیان لێ دەبینی. 

دیارترین نووسەرانی بواری قوڵبوونەوە (جاحز، ئەلموتەنەبی، مەعری، نەجیب مەحفوز، تەیب ساڵح و چەندانی تر). ئەدەبیاتی عەرەبی لە هەر سەردەمێکدا بە بابەتێک ناوبانگی دەرکردووە و جەخت لەسەر بابەتێک کراوەتەوە هەروەکو ئەدەبیاتی فەڕەنسی کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەکانی وڵاتی فەڕەنسا ئیلهام بەخش بووە بۆ نووسینی بەرهەمە ئەدەبییەکان، بەهەمان شێوە گۆڕانکارییە یەک لە دوای یەکەکانی وڵاتانی عەرەب و گۆڕانی نەخشەی ڕامیاری وڵاتەکان و داگیرکاری ڕۆژاواییەکان لە خاکی عەرەبدا ئیلهام بەخش بووە بۆ نووسەران تا بیرۆکەی نوێ بهێننە ناو ئەدەبیاتی عەرەبی.

بۆ نموونە ڕۆمانی سیاسی کە لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەم بووە بابەتێکی دیار بەهۆی جەنگی وڵاتانی عەرەب و قەوارەی ئیسڕائیل، کە گەلی فەڵەستین لەم جۆرە ڕۆمانانە وەکو پاڵەوان نیشان دەدران کەوا تۆپ و فڕۆکە و فیشەک ناتوانن خۆڕاگریان ببەزێنێت. 

بواری وەرگێڕان لە ئەدەبیاتی عەرەبیدا 

بۆ ئەوەی بواری ئەدەبی وڵاتێک پێش بکەوێت گرنگە وەرگێڕان بۆ ئەو بەرهەمانە بکرێت کەوا هەڵگری پەیامێکی جوانن و سوودی کۆمەڵگەیان تێدایە، تاوەکو کەلێنەکانی کتێبخانەی پێ پڕ بکرێتەوە و ببنە ڕێبەرێک بۆ نووسەران کە بابەتی هاوشێوە بنووسن. 

گەلانی عەرەبی زمان ئەم بابەتەیان هەر زوو درک پێ کردووە کە گرنگی بدەن بە بواری وەرگێڕان لە پاڵ نووسیندا، بەرهەمی ئەدەبی چەندان نووسەریان بە تەواوی وەرگێڕاوە و لەگەڵیدا شرۆڤە و لێکۆڵینەوەشیان نووسیوە، بۆ نموونە نووسەرە ڕووسەکان وەک فیۆدۆر دۆستۆیڤسکی و لیۆ تۆڵستۆی و چیخەڤ و مەکسیم گۆرکی و تارلە و چەندانی تر. جگە لەوە نووسەرە ئینگلیەکانی وەک ڕۆبەرت لویس ستیڤنسن، چارلز دیکنز، ستێڤن کراین، جاک لاندن، شکسپیر. و نووسەرە فەڕەنسییەکانی وەکو ئەلبێرت کامۆ، ڤیکتۆر هوگۆ، جان جاک ڕۆسۆ، مۆنتیسکۆ، جان پۆڵ سارتەر و چەندان نووسەری تر لە وڵاتان و زمانەکانی تر. 

وەرگێڕانی بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەرە ناودارەکان بوونە ڕێبەرێک بۆ نووسەرە عەرەبەکان تا بیرۆکەی داهێنەرانە دابهێنن و چیرۆک و ڕۆمان بنووسن. جگە لەوە بەرهەمە ئەدەبییەکانیان بە شێوەی شانۆ بەرجەستە کردووە وەکو شانۆکانی شکسپیر بەتایبەتی لە وڵاتانی عەرەبی شانۆی "بازرگانی ڤێنیسیا" ناوبانگێکی زۆری هەبوو لە سەدەی بیستەمدا کە پاش وەرگێڕانی بۆ زمانی عەرەبی بە ماوەیەکی کەم لە هۆڵی شانۆدا بەرجەستەکرایەوە. 

توێژینەوەی زانستی و تێزی خوێندنی باڵا

زۆرێک لە نووسەرانی عەرەب لەم سەردەمەدا گرنگیان داوە بە نووسینی توێژینەوەی زانستی لە بارەی بەرهەمە ئەدەبییەکان لە تێزی خوێندنی باڵا وەک ماستەر و دکتۆرا، چەندان بەرهەمی ئەدەبی هەن کە بەهۆی توێژینەوەی زانستی خوێنەریان زیادی کردووە لە وڵاتە عەرەبییەکان بۆ نموونە ڕۆمانەکانی جۆرج ئاڕ ئاڕ مارتن کە لەگەڵ پەخش کردنی زنجیرەی تەلەفزیۆنی "یاری تەختە پاشایەتییەکان" بەراوردێکی زانستیانە کرا بە زمانی عەرەبی لە بارەی بەرهەمە ئەدەبییەکە و بەرهەمە سینەماییەکە کە وای کرد خوێنەران بۆ تێگەیشتنی زیاتر لە ڕۆمانەکە بینەری زنجیرە تەلەفزیۆنییەکە ببن کە لە وڵاتی میسڕ لە ڕووی ژمارەی بینین لە ماڵپەڕەکانی سەیرکردنی فیلم و زنجیرەی ئەو وڵاتە پلەی یەکەمی گرتبوو. 


سەرچاوەکان



4198 بینین