فەلسەفەی یۆنانی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-14-16:44:00 - کۆدی بابەت: 12901
فەلسەفەی یۆنانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

فەلسەفەی یۆنانی (بە عەرەبی: الفلسفة الیونانیة، بە ئینگلیزی: Greek Philosophy) فەلسەفەی یۆنانی یاخود فەلسەفەی گریکیشی پێ دەوترێت. فەلسەفە بە شێوەیەکی گشتی بناغەکەی دەگەڕێتەوە بۆ یۆنانی دێرین کە چەندین بیرمەند ڕۆڵیان لە دانانیدا هەبووە لەوانەش (سۆکرات، ئەفڵاتون، هیرۆدۆت، هۆمیرۆس، ئەرستۆ، چەندان بیرمەندی تر). 

وشەی فەلسەفە بە واتای چی دێت؟ 

لە ڕووی شیکاری واتا و پەیامی فەلسەفە، بیرمەندان چەند بۆ چوونێکیان داڕشتووە لە بارەی واتای گشتی فەلسەفە. فەلسەفە بە واتای ئەوە دێت کەبەها بدرێتە شتەکان و لە هۆکار و مەبەستی دروست بوون و ڕوودانیان بکۆڵدرێتەوە، هەروەها پرسیار کردن و دۆزینەوەی لۆجیکی بابەتەکان، گەڕان بە دوای دانایی و ژیری هەروەها تێگەیشتنی زیاتر لە ژیان لە ڕێگەی بنەما سەرەکییەکانی ژیان کردن و گەڕانی زیاتر و شرۆڤەکردنی زیاتر لە بارەی ئەوەی ژیان چییە؟ بۆچی پێویستە بژین؟ فەلسەفە دەروازەی ڕەخنە گرتنی ژیرانە دەکاتەوە بە ڕووی مرۆڤەکاندا و فێرت دەکات چۆن شتەکان لە باشەوە بگۆڕیت بۆ باشتر و باشترین.

پێکهێنەرەکانی فەلسەفەی یۆنانی چین؟ 

فەلسەفە دوایین ئاستی زانست و فێربوونە، هەروەک چۆن مرۆڤ کاتێک دەچێتە قوتابخانە لە ئاستی سەرەتایی و بنەڕەتی دەست پێ دەکات تا دەگاتە زانکۆ. ئاواش بۆ خوێنەرێک نامیلکە و کورتە چیرۆک قۆناغی سەرەتایی خوێندنەوەن و فەلسەفەش ترۆپکی خوێندنەوەیە کە ئەزموونی هەموو جۆرەکانی کتێب بە قووڵتر دەخرێتە ڕوو، بوارێک دەڕەخسێنێت تاوەکو بیر لە ڕاستی شتەکان بکەیتەوە و پرسیار بکەیت. فەلسەفەی یۆنانی بە نموونە قووڵبوونەوەیەکی زۆری تێدایە لە شتەکان و پێکهێنەرەکانی کۆمەڵێک بواری جیاوازن کەوای کردووە ببنە بنەما و بناغە بۆ فەلسەفەی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی.

گرنگترین پێکهێنەرەکانی فەلسەفەی یۆنانی

مێتافیزیک

ڕاستی سروشت چییە؟ پەیوەندی نێوان هزر و جەستە چییە؟ مرۆڤ بۆچی دروست بووە؟ هەڵبەتە فەلسەفەی یۆنانی لە کات و ساتێکدا بووە کە یۆنانییەکان لە سەردەمێکی میسۆلۆجیدا ژیاون و زنجیرەیەک خواوەندیان هەبووە، مێتافیزیک ڕۆڵی کارای هەبووە لە تێگەیشتن لە بارەی ئەوەی بۆچی زیاتر لە خواوەندێک پەرستراوە و بۆچی تەنها یەک خواوەند بوونی نەبووە؟ 

زانستناسی "بیردۆزی فێربوون" 

بنەمایەکی فەلسەفەی یۆنانی لێکۆڵینەوەیە لە فێربوون کە پرسیار دەکات لە بارەی "زانستناسی چییە؟ فێربوون چییە؟ بە چ شتێک دەوترێت فێربوون؟ ئایا دەتوانین باوەڕ بە هەستەکانمان بکەین؟ چ شتێک وا دەکات فێربوون سنووردار بێت؟

ڕەوشت یاخود "ئیتیک" 

واتای ڕاستەقینەی ڕاست و هەڵە چییە؟ بۆچی شتانێک هەن ڕاستن و شتانێکیش هەن هەڵەن؟ حووکمدان لە چییەوە سەرچاوە دەگرێت؟ بۆچی مرۆڤ تەنها لەسەر هەڵەکانیان سەرزەنشت دەکرێن بە تایبەتی کاتێک کە شکست دێنن ئینجا سەرزەنشت دەکرێن؟ بنەما گرنگەکانی  ڕەوشت و بڕیاردانی یاسایی چییە؟ 

لۆجیک 

لۆجیک بنەمایەکی گشتییە لە هەموو ڕێبازە فەلسەفییەکاندا، واتای لۆجیک ئەوەیە وەڵامێکی دڵنیاکەرەوە بێت و لەگەڵ ڕاستیدا بگونجێت، وەک لەم شێوازە پرسیارانەدا خۆی دەبینێتەوە. بنەما گشتییەکانی وەڵامی لۆجیکی چییە؟ چۆن دەتوانیت لە گفتوگۆی ژیریدا وەڵامێکی لۆجیکی بدەیتەوە؟ پەیوەندی نێوان ڕاستی و یەک دەنگی لۆجیکی چییە؟ 

جوانکاری 

جوانی چییە؟ چۆن لە هونەر ڕازی بین؟ ڕۆڵی هونەر لە ژیانی مرۆڤدا چییە؟ بۆچی مرۆڤ جوانی لە تابلۆکاندا دەبینێت بەڵام لە سروشتی شتەکەدا نایبینێت؟ بۆ نموونە خانمێک کە ڕوخسارێکی شۆخ و شەنگی هەیە جوانییەکەی نابینێت بەڵام کاتێک نیگارسازێک وێنەی هەمان خانم دەکێشێت ئەوا تێڕامان دروست دەبێت لە جوانی ڕوخساری خانمەکە؟ بەشێوەیەکی گشتی ئەمانە پێکهێنەرەکانی فەلسەفەی یۆنانین یاخود فەلسەفەی گریکین. بەتایبەتیش هەردوو بابەتی جوانی بینین و لۆجیک بۆ سەردەمانێک کاریگەریان هەبوو بەسەر ڕەوتە فەلسەفییەکانی ڕۆژاوا. 

مێژووی فەلسەفەی یۆنانی

فەلسەفەی یۆنانی بە دیاریکراوی مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی شەشەمی پێش زایینی کە کاریگەرییەکەی بۆ چەندین سەدە مایەوە لە نێو گەلانی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژاوایی. فەیلەسوفە یۆنانییەکان بە شێوازێکی فراوان لە هەموو بوارەکاندا لێکۆڵینەوەیان کرد و هەوڵی زانینی وەڵامی پرسیارەکانیان دەدا بە شێوازێکی لۆجیکیانە. هاوکات ئەو وڵات و هەرێمانەی میسۆلۆجی بوون وەک (یۆنان، ڕۆم، میسڕ، نۆڕس) گەڕان بە دوای وەڵامەکان شوێنی سەرەکی بوون بۆ دروست بوونی فەلسەفە، فەلسەفەش لە یۆنان وەکو یاخی بوونێک بوو لە سیستمی میسۆلۆجی ئەو وڵاتە. کە یەکەم پرسیار ئەوە بوو "بۆچی زیاتر لە خواوەندێک هەیە؟" ئەم پرسیارانە وای کرد مرۆڤ بە دوای ڕاستی ژیاندا بگەڕێت و کۆت و بەندی کۆیلایەتی بپچڕێنێت و هەوڵی فێربوون و زانین بدات.

فەیلەسوفەکانی یۆنان بەتەنها لە بوارێکدا کاریان نەکردووە بەڵکو هەوڵیان داوە پارێزگاری لە هەمە چەشنی بابەتەکان بکەن، بۆ نموونە ئەفڵاتوون زیاتر لە بواری سیاسەتدا قووڵبووەتەوە. ئەرستۆ زیاتر لە بابەتی سروشت لێکۆڵینەوەی کردووە و هەوڵی دەدا وەڵامی ئەو پرسیارەی دەست کەوێت "بۆچی لە سروشتدا هەمە چەشنی زیندەوەر هەیە؟ بۆچی گیانداران جیاوازن لە یەکتر؟ حیکمەتی ئەم بابەتە لە چیدایە؟".

دابەشبوونی فەیلەسوفە یۆنانییەکان بە پێی سەردەم

فەیلەسوفەکانی پێش سۆکرات 

ئەمانە دەستەیەک بیرمەندی قۆناغە سەرەتاییەکانی فەلسەفەی یۆنانی بوون، کە پێش لەدایکبوونی سۆکرات ژیاون. کە هەوڵی تێگەیشتنیان داوە لە دیاردە فەلەکی و بابەتە فیزیاییەکان. بنەمای گشتییان داناوە دیاردە فەلەکییەکان. دیارترین بیرمەندەکانیش "تالیس، ئاناکسیماندەر، هێراکلیتۆس، پارمێندیس، دۆمۆکریتۆس". 

فەلسەفەی سۆکراتیک ٤٦٩-٣٩٩ پێش زایینی

گرنگترین و کاریگەرترین ماوەی فەلسەفەی یۆنانی بوو کەوا کاریگەرییەکەی هەموو ئەورووپای گرتبووەوە، لەم ماوەیەدا فەیلەسوفەکان دەیان ویست بگەنە تێگەیشتنی زیاتر لە بابەتی ژیری و دانایی گرنگترین بابەتیش لۆجیک بوو. 

سەردەمی ئەفڵاتوون ٤٢٧-٣٤٧ پێش زایینی 

ئەفڵاتوون یان پلاتۆ خوێندکاری سۆکرات بوو، دامەزرێنەری ئەکادیمیا بوو لە ئەسینا. هەروەها، یەکێک بوو لە ڕێکخەرانی قوتابخانەی فەلسەفی لە یۆناندا. فەلسەفەی ئەفڵاتوون بریتی بوو لە دیالۆگ و گرنگترین دانراویشی کتێبی "کۆمار" کە لە بارەی شێوازی حووکمڕانی و دادگەری و یەکسانی و تێگەیشتنە لە ڕۆح. هەروەها بیردۆزی فۆرمەکانی داڕشتووە، کە تیایدا دەڵێت ژیانی فیزیایی کاردانەوەی هەیە لەسەر ناخ. 

سەردەمی ئەرستۆ ٣٨٤-٣٢٢ پێش زایینی 

خوێندکاری ئەفڵاتوون بوو، لەگەڵ ئەوەشدا مامۆستای ئەسکەندەری مەکدۆنی بوو. قوتابخانەی خۆی دامەزراند بەناوی لیسیۆم، لە چەندین بواردا کاری کردووە وەک: لۆجیک، مێتافیزیک، ئیتیک، زیندەزانی، ڕامیاری. ئەرستۆ لە مامۆستاکەی زیاتر ڕۆچووبووە کڕۆکی بابەتەکان و گریمانە و پرسیارەکانی لۆجیکی تر بوون وەک لە ئەفڵاتوون. بیردۆزی لۆجیکی گۆڕی بۆ سیستمێک و چەندین یاسا و ڕێسای بۆ دانا کە تا ئەم سەردەمە قوتابخانە فەلسەفییەکان سوودی لێ دەبین. 

فەلسەفەی هێلینستیک 

لە دوای کۆتایی هاتنی سەردەمی ئەرستۆ، لە یۆنان سەردەمێکی تر دەستی پێکرد ئەویش سەردەمی هێلینستیک بوو کە لە بنەڕەتدا ئایینێکی نوێ بوو بەڵام بیرمەندان لە ڕووی فەلسەفی مامەڵەیان لەگەڵیدا دەکرد وەکو ئایینێکی فەلسەفی هاوشانی بودا کە ئایینێکی فەلسەفییە. 

لەم قۆناغەدا ژمارەیەکی زۆر ئەکادیمیا و قوتابخانەی فەلسەفی بنیاد نران وەکو ستۆیسیزم، ئیپیکوریزم، سکێپتیسیزم. قوتابخانەی ستۆیسیزم لەلایەن زینۆی سیتیوم دامەزرا. قوتابخانەی ئیپیکوریزم لەلایەن ئیپیکویوس دامەزرا. قوتابخانەی سکێپتیسیزم لەلایەن پیرۆ ئیلیس دامەزرێنرا. ئەم قوتابخانە فەلسەفیانە گرنگیان دەدا بە خوێندنەوەی ناخی کەسەکان و سروشتی ناخی مرۆڤەکان چۆنە بە پێی بارودۆخە جیاوازەکان. هەروەها گرنگیان داوە بەوەی چی وادەکات زانین سنووردار بێت و تا ئاستێکی دیاریکراو مرۆڤ لە کتێبەوه فێردەبێت، دوای ئەوە پێویستی بە ئەزموون کردنی ڕاستەقینە دەبێت لە بری نووسینی ناو کتێبەکان.

تایبەتمەندییەکانی فەلسەفەی یۆنانی 

فەلسەفەی یۆنانی خاوەنی پەیام و مەبەستێکی قووڵە هەموو خوێنەرێک بێ پێشینەی زانیاری ناتوانێت لە فەیلەسوفەکان یان بیرمەندەکان تێبگات، هەندێک کەس وەکو کاڵفام دەیان بینێت. هۆکاری ئەم جیاوازییە لەگەڵ قوتابخانە و ڕەوتە فەلسەفییەکانی تر ئەوەیە فەلسەفەی یۆنانی لە سەردەمی میسۆلۆجیا و فرە خواوەندی هاتۆتە بوون، کە سەردەمێکی تاریک بووە. بەڵام دامەزراندنی فیلۆ سۆفیا "خۆشەویستی ژیان" لە یۆنانی کۆندا بووە هۆی سەرەتای پێشکەوتن و کرانەوەی یۆنان و زیادبوونی هەژموونی یۆنان بەسەر ئەورووپا. کە تا ئەم سەردەمەش لە فێرگەکان مێژووی یۆنان و میسۆلۆجیای یۆنان و ئەدەبی یۆنانی بەشێکن لە پڕۆگرامی خوێندن. لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ ئەوەی بە کەسێک بوترابا خوێنەر دەبوو داستان و بەرهەمە ئەدەبییە یۆنانییەکان و فەلسەفەی یۆنانی شارەزابایە. 

لە سەردەمەکانی  پێش هاتنی ئایینە ئاسمانییەکان بابەتی فرەخواوەندی شتێکی باو بوو بەڵام فەلسەفەی یۆنانی بووە هۆی ئەوەی کۆتایی بێت بە میسۆلۆجیای یۆنان و دەروازەی یەکتاپەرستی کردەوە بە ڕووی وڵاتەکەدا لە ڕێگەی پرسیار کردن و وەڵامدانەوەی لۆجیکیانە بۆ پرسەکان. بەتایبەتیش سیمی ڕاست و هەڵە کە پلەیەک لە خوار فەلسەفەیە و بۆ ئەو شتانە بەکاردێت کە بە ڕواڵەت دەبینرێن بەڵام درک بە هەبوونی ناکرێت یان جێگەی سەرنجی کەسەکان نین.

بۆ نموونە کاتێک کەسێک کارێکی هەڵە دەکات هەمووان هانی دەدەن بەردەوام بێت گەرچی دەزانرێت هەڵەیە بەڵام خەڵکەکە دەیانەوێت کەسەکە بکەوێتە ئاستەنگییەوه تا سەرزەنشتی بکەن، ئەم جۆرە سیمییە لە فیلم و دراماکان و یارییە ڤیدیۆییەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە و وەرگیراون لە سیمی یۆنانی کە بەشێکە لە فەلسەفەی یۆنانی بە شێوەیەکی گشتی.


سەرچاوەکان



2834 بینین