ناوهڕۆك
لە گۆڕستانێکدا
شاعیر: شێرکۆ بێکەس
بەرهەم: مێرگی زام مێرگی ھەتاو
شیعر: لە گۆڕستانێکدا
لە ژوور سەری گۆڕەکاندایەکە یەکە مۆمەکانیان کوژاندەوە
ژنەکانیش وەکوو پۆلە پەڕەسێلکە
بەرەو دامێن و ڕووەوشار شۆڕ بوونەوە.
ئێستە گۆڕستان خامۆشە
بە تەنها مۆمێک و دایکێک
لە نێوان دوو بەردە کێڵدا
بە یەکەوە ئەسووتێن و
پێکیشەوە ماونەتەوە.
دایکێک بەهەشتیش ناتوانێ
ڕۆحی شاد کات.
دایکێک نامۆی ناو دایکانە و
غەریبی زامی خۆیەتی..
دایکێک ئەزانێ کوڕەکەی
لە ناو تانکێکدا کوژراوە
کە ئەژدیها و.. جەهەننەمی
بەعسیانی لەگەڵ خۆیدا
بۆ ئەم مەڵبەندە هێناوە!!
سەرچاوەکان
376 بینین