ئەدەبیاتی فەڕەنسی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-14-17:27:00 - کۆدی بابەت: 12904
ئەدەبیاتی فەڕەنسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبیاتی فەڕەنسی (بە عەرەبی: الٲب الفرنسیة، بە ئینگلیزی: French Literature) ئەدەبی فەڕەنسی بە یەکێک لە هەرە گرنگترین لقەکانی ئەدەبی ئەورووپی و جیهانی دادەنرێت لە مێژووی ئەدەبدا. چونکە بە گوێرەی سەردەمەکان نووسراوە ئەدەبییەکان بەهۆی گۆڕانکارییە ڕامیارییەکانی ئەورووپا بە گشتی و فەڕەنسا بە تایبەتی ڕەنگدانەوەیان لە کارە ئەدەبییەکانی ئەو وڵاتەدا هەبووە، بۆ نموونە سەردەمی لویسەکانی فەڕەنسا بەهۆی پرسی ڕامیاری و چەمکی دیسپۆتیزم کە شێوازی حووکمی لویسەکان بوو چەندان نووسەر وێنای خراپی ئەم سەردەمەیان لە کاری ئەدەبیدا کردووە، یاخود سەردەمی شۆڕشی فەڕەنسا چەندان نووسەر دەرکەوتن کە لە کارە ئەدەبییەکانیان وێنای سەردەمی ئازادی و شکاندنی کۆت و بەندی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتیان دەکرد. بە شێوەیەکی گشتی ئەدەبی فەڕەنسی لەگەڵ بارودۆخی ڕۆژگاردا گەشەی کردووە و نووسراوەکان بە جۆرێک بوون کە خوێنەر تێکەڵ دەبوو بە کەشی و بارودۆخی ئەو سەردەمە و دەچووە ناو قووڵایی بابەتەکان. 

ئەدەبی فەڕەنسی چییە؟ 

ئەدەبی فەڕەنسی دەکرێت وەک ژانەرێکی سەربەخۆی ئەدەبی سەیر بکرێت چونکە جیاوازی هەیە لەگەڵ هەر لقێکی ئەدەبی. ڕوونتر کاتێک ژانەری ئەوینداری و سۆزداری بە شێوازی فەڕەنسی بابەتێکە و بە شێوازی وڵاتێکی تر جۆرێکی ترە گەرچی هەردوو زمانەکە هەمان ژانەرن. بۆیە شارەزاکان بەم جۆرە پێناسەی ئەدەبیاتی فەڕەنسی دەکەن " ئەدەبی فەڕەنسی گەشت کردنە بۆ ناو قووڵایی کێشە و گرفتەکان و لێکۆڵینەوەیەکی ژیرانەیە بۆ کێشەکان و هۆکاری ڕوودانیان. نووسەر ئیلهام لە ڕووداوە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە وەردەگرێت و بە شێوازێکی وێژەییانە ڕووداوەکان دادەڕێژێتەوە تاوەکو خوێنەر هەستی پێ بکات و لێی تێبگات". 

مێژووی ئەدەبیاتی فەڕەنسی

بە گوێرەی سەرچاوە ئەدەبییە نووسراوەکان بە زمانی فەڕەنسی، مێژووی ئەم ڕێچکە ئەدەبییە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەکانی ناوەڕاست. یەکەم نووسراویش کە بەم شێوازە نووسرابێت "ئاوازی ڕۆلاند" کە لە چەشنی سۆزداری و ئەویندارییە. ئەم بەرهەمە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا نووسراوە و وێنای سەردەمی ڕۆشنگەری یاخود ڕێنیسانس دەکات لە چاوی کەسێک کە دیمەنەکانی ئەم سەردەمە و گۆڕانکارییەکانی بینیوە بەناوی "کرێتن دی تۆری" لەم ڕۆمانەدا چەندین کەسایەتی ڕاستەقینە بە شێوازی ئەدەبیانە باس کراون و ڕۆڵیان پێدراوە لە ڕۆمانەکەدا وەکو " فرانچیۆس ڕێلابێل" 

ئەدەبیاتی فەڕەنسی درەوشانەوەیەکی زۆری بەخۆیەوە بینی لە سەدەی ١٧یەمدا لەلایەن جان ڕاسین کە چەند کارێکی لە شێوەی ڕۆمان و ڕەخنەی ئەدەبی نووسی، ئیتر لێرەوە ڕێژەیەکی زۆری نووسەر دەستیان کرد بە دەوڵەمەند کردنی ڕێبازە ئەدەبییەکە و تایبەت کردنی بە گەلی فەڕەنسا. بۆیە وەک دەبینرێت هیچ نووسەرێک نییە فەڕەنسی نەبێت یاخود شارەزایی لە مێژوو و ئەدەبیاتی فەڕەنسی نەبێت هەستێت بە نووسین یاخود وەرگێڕانی بەرهەمی ئەدەبی فەڕەنسی چونکە وەکو خانەی ئەدەبی فەڕەنسی ئاماژەی پێ دەدەن " بەرهەمە ئەدەبییە فەڕەنسییەکان دەبێت ئاوێتەی ڕۆحی وەرگێڕ ببێت ئینجا دەتوانێت وەرگێڕان بکات بۆ بەرهەمێکی ئەدەبی فەڕەنسی ئەگەر چی زمان زانێکی لێهاتووش بێت ناتوانێت هەمان چێژی زمانی یەکەم بدات بە بەرهەمە وەرگێڕدراوەکەی". 

لە سەدەی ١٨یەمدا جۆرە گۆڕانێک ڕوویدا لە ئەدەبی فەڕەنسیدا و بابەتەکان شێوازی ڕەخنەیی و ڕووکردنە بواری ڕیالیزم بوون لەم سەردەمە بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداوی یەک لە دوای یەک وەکو ڕووخانی ژاکۆبنەکانی دوورگەی کۆرسیکا، مایەپوچ بوونی لویسی ١٥ و شۆڕشی فەڕەنسا لە ١٧٨٩-١٧٩٢ بابەتە ئەدەبییەکان دژی چەمکی ڕامیاری دیسپۆتیزم بوون واتا ئەو شێوازەی کە ئاغاکان حووکم بدەن یاخود چینی ئەرستۆکرات دەسەڵاتیان هەبێت بەسەر چینی هەژار و چەوساوە. نووسەران وێنەی ژیانی کۆمەڵگەیان دەکرد کە لە دژوارترین ساتدا بوون، یاخود وێنای ڕۆژگاری سەختی و دژواری شۆڕشیان دەکرد کاتێک دەیان وت بە بەرزی خانوویەکی یەک نهۆمی لاشەی مردوو لەسەر یەکتر دانرابوون، یاخود خەڵک کارتۆن و کاغەزی ڕۆژنامەیان دەخوارد تا لە برسییەتی ڕزگاریان ببێت، یاخود گریان و هاوار و ناڵەی دایکان بۆ لە دەستدانی منداڵەکانیان. ئەو نووسراوانەی لەم سەردەمەدا بوون شێوازێک بوو هەست و سۆزی دڵڕەقترین مرۆڤی دەجووڵاند چونکە دیمەنە ڕاستەقینەکان بە شێوازی ئەدەبی داڕێژرابوونەوە. 

گەشەکردنی ئەدەبیاتی فەڕەنسی

سەدەی ١٩یەم ماوەی گەشەکردنی ئەدەبیاتی فەڕەنسی بووە، ئەویش بە هاتنەکایەی سێ ڕێبازی ئەدەبی ئەوانیش (ڕۆمانتیسیزم، ڕیالیزم، سیمبولیزم).

ڕۆمانتیسیزم 

ڕۆمانتیسیزم لە فەڕەنسا مێژوویەکی کۆنی هەیە بەڵام لە نێوان سەدەی ١٨ و ١٩ یەم بەشێکی زۆری کارە ئەدەبییەکان لە ژێر کاریگەری جان جاک ڕۆسۆ سەر بە ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم بوون. گرنگترین نووسەریش فرانچیۆس دی ڕێنیە دی چاتیۆبیراند بوو بە کارێکی ئەدەبی بەناوی "ئاتلا" و هۆزانڤان ئەلفرێد دی موسێت کە هۆنراوەکانی تەواوی هۆنراوەکانی سەر بە ڕێبازی ڕۆمانتیسیزم بوو کە گوزارشتیان دەکرد لە هەست و سۆز، تاک ڕەوی، جوانی و سروشت، هەروەها ڤیکتۆر هوگۆ بە ڕۆمانی "Les Misérables" بە نموونەی دیاری ئەم بوارە دادەنرێت. 

ڕیالیزم 

کۆمەڵێک نووسەر و فەیلەسوف بە ڕابەری ژانەری ڕیالیزم دادەنرێن لە ئەدەبیاتی فەڕەنسی، گەرچی پێشتر کەم کەم نووسەر هەبوون وێنای ڕاستەقینەی کۆمەڵگەی فەڕەنسیان کردووە لە کارەکانیان بەڵام کەسیان هێندەی هۆنۆرێ دی بەلزاک لە کتێبی " La Comédie Humaine" ژانەری ڕیالیزمی پەیڕەو نەکردووە کە بە شێوەیەکی قووڵ دەدوێت و هەست ناکەیت کارێکی ئەدەبی دەخوێنیتەوە بەڵکو تەواو وەک دیمەنێکی ڕاستەقینە دەردەکەوێت. جگە لە بەلزاک، نووسەری تری وەکو ئێمیلی زۆلا کە کارەکانی بە وێناکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی ناسراون. جگە لەم نووسەرە، گوستاڤ فلوبێرت بە ڕۆمانی "مادام بۆڤاری" یەکێکی ترە لە نووسەرە هەڵکەوتووەکانی ئەم ڕێبازە. لە ڕۆمانی مادام بۆڤاریدا نووسەر تیشک دەخاتە سەر کێشەکانی نێوان هاوژینەکان ئەگەر جیاوازی تەمەن لە نێوانیان هەبێت، کاتێک پیاوەکە بە تەمەن زۆر گەورەتر بێت یاخود کاتی نەبێت بۆ دڵخۆشکردنی هاوژینەکەی ئەوا وێنای ئەوە دەکات کێشەی خێزانی لە نێوانیاندا دروست دەبێت، هەر چەند دڵی ئافرەتەکە زامدار دەبێت و هاوژینەکەی لەبەر پابەندبوون بە کاری ڕۆژانەی نەتوانێت لە خەمی خێزانیدا بێت ئەوا کێشەکان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ گەورەتر دەبن.

سیمبولیزم (کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتای سەدەی ٢٠) 

ئەدەبیاتی فەڕەنسی لەم ماوەیەدا لە شێوازی ڕەسەنی خۆی گۆدرا بۆ شێوازی ئەندێشە کردن و بابەتی خەیاڵ کە لەم بابەتەشدا نووسەرە فەڕەنسییەکان پێشەنگی سیمبولیزم بوون لە ئەورووپا و جیهاندا. لە نووسینەکاندا وێنەیان دروست دەکرد لەبەر چاوی خوێنەر، زۆر جار زنجیرەی ڕووداوەکان لە چاوی خوێنەرەوە تەواو دەکرا نەوەکو بە شێوەی نووسین وەکو لە کارەکانی ستێفانی مالارمێ دەبینرێن یاخود بەرهەمەکانی ئارسەر ڕیمباود بەتایبەتی بەرهەمی "وەرزێک لە دۆزەخ". زۆرێک لە نووسەرانی ئەم سەردەمە بەرهەمەکانیان بە زمانی هۆنراوە دەنووسی یاخود لە گفتوگۆکانی کارەکتەرەکان لەگەڵ یەکتر هۆنراوە دەبینرا کە سیمایەکی هونەری و ئەدەبی جوانی دەبەخشی بە کارە نووسراوەکە. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا ڕێبازێکی نوێی ئەدەبی دەرکەوت کە کاریگەری زۆری لەسەر نووسەرانی ئەو سەردەمە هەبوو بەتایبەتی لە فەڕەنسادا ئەویش ڕێبازی "بوونگەرایی" بوو 

ڕێبازی بوونگەرایی 

ئەم ڕێبازە وەکو کاردانەوەیەک بۆ ترس و تۆقاندن لە ماوەی جەنگی جیهانیی یەکەم و دووەم دروست بوو، کە خێزانەکان ماڵەکانیان بەهۆی جەنگەوە وێران ببوو و هەژاری و برسییەتی بڵاو ببووەوە، یاخود خێزانەکان دەترسان لەلایەن ئەڵمانییەکان دەستگیر بکرێن و بکوژرێن بەتایبەتی ئەوانەی دژی بیر و باوەڕی نازییەکان بوون. فەڕەنساش وڵاتێک بوو کە لەلایەن ئەڵمانیای نازی داگیرکرابوو و نەهامەتی زۆریان چەشتبوو. ئەم ڕێبازە جەختی لە بەها مرۆڤایەتییەکان و ئازادی تاکەکان لە دەربڕینی بیر و بۆچوونە کەسییەکان دەکردەوە، هەروەها بەها ڕەوشتییەکان، دیارترین نووسەری ئەم سەردەمە "ئەلبێرت کامۆ، جان پاوڵ سارتەر"ن کامۆ دیارترین بەرهەمی بوونگەرایی بریتییە لە ڕۆمانی نامۆ، سارتەریش بە ڕۆمانی "Nausea". 

نموونەی هەندێک نووسەری دیار و ناوبانگی ئەدەبیاتی فەڕەنسی

مارسێل پرۆوست ١٨٧١-١٩٢٢ 

دیارترین کاری ئەدەبی ئەم نووسەرە ڕۆمانێکی حەوت بەرگییە بەناوی "گەڕان بۆ کاتە لە دەست چووەکان" کە لە ژانەری ئەوینداری و گێڕانەوەی یادەوەریی و خۆشەویستییە، کە وەکو تابلۆیەکی هونەری سروشتی  دەردەکەوێت. 

ئەنتۆن دی سەینت ئێکسوپێغی ١٩٠٠-١٩٤٤ 

ئەم نووسەرە بە یەکێک لە دیارترین نووسەرەکانی نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمی فەڕەنسا دادەنرێت کە کتێبی بۆ منداڵ و پێگەیشتوان نووسیوە. دیارترین کتێبیشی "شازادەی بچووک" کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشێت بۆ بابەتە فەلسەفییەکان، ئەم ڕۆمانە گەرچی زیاتر وەکو کتێبی چیرۆکی منداڵان دەردەکەوێت بەڵام هەڵگری پەیامی فەلسەفی و تێڕامان و پرسیار کردن لای خوێنەر دروست دەکات لە زۆر شوێنی ڕۆمانەکەدا خوێنەر ڕادەگرێت تا بە قووڵی بچێتە نێو کەشی کتێبەکە. 

مارگرێت دوراس ١٩١٤-١٩٩٦ 

مارگرێت خەڵاتی نووسەری نێودەوڵەتی پێ بەخشراوە لە پای نووسینی ڕۆمانی "ئەویندار" کە باس لەو ڕووداوانە دەکات کە بەسەر دوو ئەوینداردا دێت لە ماوەی پەیوەندییەکەیان و ئاڕاستەی پەیوەندییەکەیان دەگۆڕێت، ڕۆمانەکە بۆ چەندین زمانی زیندوو وەرگێڕدراوە وەکو (هندی، چینی، ئینگلیزی، ئیسپانی، عەرەبی، کۆری، یابانی، ئەڵمانی، پۆرتوگالی و سویدی و چەندان زمانی تر). ڕۆمانەکە ئاوازێکی هەیە لە کاتی خوێندنەوەدا کە خوێنەر وا هەست دەکات هۆنراوە دەخوێنێتەوە.

پاتریک مۆدیانۆ 

ساڵی ١٩٤٥ لە دایکبووە. مۆدیانۆ ساڵی ٢٠١٤ خەڵاتی نۆبڵی لە بواری ئەدەب وەرگرت بۆ ژمارەیەک کتێبی یادەوەری تاکە کەسی کە نەژادیان فەڕەنسییە و یادەوەرییەکان هی سەردەمی جەنگی جیهانیی دووەم بوون، یەکێ لەو بەرهەمانە بریتییە "کەسێکی ون بوو" کە گوزارشت لە بارودۆخی کەسێک دەکات لە میانەی جەنگدا کە ون دەبێت و لە کەسوکاری دادەبڕێت لەو ساتەی نازییەکان هێرش دەکەنە سەر فەڕەنسا. 

ئانا ئیرنکۆس

ساڵی ١٩٤٠ لەدایکبووە، ئانا نووسەرێکی دیارە کە لە بارەی ژنانەوە دەنووسێت و کارەکانی بەوە ناسراون ئافرەت ڕۆڵی باڵا دەبینێت لە ڕۆمانەکانیدا بەتایبەتی لە کتێبە یادەوەرییەکانیدا هەمیشە یادەوەری ئەو خانمانەی نووسیوەتەوە کە نموونەی باڵای کۆمەڵگەی فەڕەنسی بوون یاخود لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا پاڵەوانی سەرەکی زیاتر ئافرەتە، ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە چونکە ئانا ئیرنۆکس چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان و لایەنگری ڕەوتی فێمێنیزمە لە فەڕەنسا. لە بەرهەمەکانیدا وێنای ژیانی کۆمەڵایەتی فەڕەنسا دەکات لە ماوەی ١٩٤٠-٢٠٠٠ کە بۆ هەر کارێک هەوڵی داوە نموونەی خانمێکی ڕاستەقینە بەرجەستە بکات. 

میشێل هویلبیک 

لە ساڵی ١٩٥٦ لە دایکبووە. جیاواز لە نووسەرە فەڕەنسییەکانی ئەم سەردەمە میشێل ڕۆمانەکانی تیشک دەخەنە سەر سەردەمی تاریک و ڕاستییە تاریکەکانی کۆمەڵگەی فەڕەنسی لەم سەردەمەدا کە بە شێوەی ئەدەبیانە داڕشتن بۆ ڕووداوەکان دەکات. هەندێک کاری هەیە لە بارەی تەلیسم و جادوو کە چۆن بەهۆی بابەتێکەوە دەکرێت شارێک و وڵاتێک پێی گرفتار بن وەک لە کاری " تەنۆلکە سەرەتاییەکان" بە ڕوونی دەبینرێت کە کێشەیەکی سادە و پشت گوێ خراو لەلایەن دەسەڵات دەکرێت وڵات بخاتە نائارامی و تەنگەژەی زۆرەوە.


سەرچاوەکان



4282 بینین