ناوهڕۆك
سەرەتا
فەلسەفەی ماکیاڤێلی (بە عەرەبی: الفلسفة ماكیافیلي، بە ئینگلیزی: Machiavelli´s Philosophy) فەلسەفەی ماکیاڤێلی بە بیر و بۆچوونی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی بیرمەندی ئیتاڵی چاخی ڕێنیسانس یاخود سەردەمی ڕۆشنگەری دەوترێت، کە لە ڕێگەی ژمارەیەک کتێب و نامە و تێبینی لە بارەی (بەڕێوەبردن، مێژوو، ڕامیاری، سەربازی) نووسراوی هەبووە و جگە لەوە گوتاریشی پێشکەش کردووە لە بۆنە تایبەتەکاندا لە کۆماری فلۆرەنسیا.
ماکیاڤێلی دیپلۆماتکارێکی کەم وێنە بووە لە ئیتاڵیادا و دانراوەکانی تا ئەم سەردەمەش کاریگەری خۆی هەبووە بەسەر تاک و کەسایەتییە سیاسییەکان و سەرکردە و دیکتاتۆرەکان. بەشێکیان شەوان پێش خەوتن کتێبەکانی ماکیاڤێلیان خوێندووەتەوە یاخود کاریان بە فەلسەفەی ماکیاڤێلی کردووە وەکو (ناپلیۆن، هیتلەر، مۆسۆلینی و چەندانی تر).
فەلسەفەی ماکیاڤێلی خۆی لە چ بابەتێکدا دەبینێتەوە؟
شارەزایان پێیان وایە کە فەلسەفەی ماکیاڤێلی تەنها یەک بواری دیاریکراو ناگرێتەوە، بەڵکو چەندین بوار دەگرێتەوە کە لە کتێبەکانی و نامە و نووسراو و گوتارەکانیدا ڕەنگدانەوەیان هەبووە. سەرباری ئەوەی خودی خۆی کەسێکی سیاسی بووە و لە سەرەرا و کۆشکی لۆرێنزۆ دی مێدچی فەرمانڕەوای فلۆرەنسیا کاری کردووە و بە کەسایەتییەکی شاهانە لە قەڵەم دراوە بەڵام ئاڕاستەی نووسینەکانی بۆ خەڵکی گشتی بووە نەوەکو دەسەڵاتداران هەر بۆیە فەلسەفەکەی کاریگەری زیاتر بووە لە فەیلەسوفەکانی تر کە ئەوان تەنها بۆ چینێک قسەیان کردووە کە شارەزاییان هەبووە لە فەلسەفەدا.
بوارەکانی فەلسەفەی ماکیاڤێلی
ڕەوشت لە سیاسەت کردندا
ماکیاڤێلی پێی وایە کەسایەتی ئاسایی خاوەنی ڕەوشت و پەیڕەوی دابونەریتەکانی باوک و باپیرانی دەکات و پابەندە بە نەریتەکان، بەڵام کاتێک هەمان کەس دەبێتە دەسەڵاتدار نابێت لەسەر هەمان ڕێچکە بەردەوام ببێت و خۆی وەکو پەیڕەوکاری دابونەریتەکان دابنێت، بەڵکو دەبێت هەوڵی ئەوە بدات ئامانجەکانی بەدی بهێنێت، مانەوە لە یەک خاڵدا و چەق بەستوویی پەیڕەوکردنی دابونەریت مرۆڤ پێش ناخەن، دەبێت هەوڵی پێش خستن بدرێت و یاسای نوێ دابهێنرێت لەگەڵ گۆڕانی سیاسییەکان. ئەمەشی ناوناوە ڕەوشت لە سیاسەت کردندا بە واتای ئەوەی دەبێت کەسی سیاسی کەسێکی درۆزن نەبێت بەڵام پەیڕەوکاری دابونەریتیش نەبێت گەر پێویست بکات توند و تیژ بێت و گەر پێویستیشی کرد کەسێکی لێو بە خەندە بێت.
نموونە: لە کتێبی "میر" ماکیاڤێلی ئامۆژگاری دەسەڵاتداران دەکات کە ڕێگە و تەکنیکی جیاواز بگرنە بەر کاتێک هەڵسوکەوت لەگەڵ دوژمنەکانیان دەکەن، چەندین نموونەی ڕاستەقینە و مێژوویی دەخاتە ڕوو لەوانە سیزار بۆرجیا کە چۆن لە ڕێگەی ڕەوشت لە سیاسەت کردندا دەسەڵاتی گرتە دەست لە ئیتاڵیا کە کەسێک بوو توند و تیژ بوو لەگەڵ خەڵکیدا بەڵام هەندێک جار کاری چاکەی ئەنجام دەدا و خەڵکی خوە خراپەکەیان لە بیر دەکرد.
ڕیالیزم و پراکتیزەکردن
ماکیاڤێلی لە فەلسەفەکەیدا دەیەوێت دیوی ڕاستەقینەی سیاسەت کردن و گرنگی سیاسەت نیشانی خەڵک بدات بە گشتی. گەرچی خۆی دیپلۆماتی مێدچییەکان بووە بەڵام دەڵێت "دەبێت سیاسەت وەکو خۆی بخرێتە ڕوو بێ لایەنگری هیچ ڕەوتێکی سیاسی و دەستەیەکی سیاسی" ئەمەش لە نامەیەکدا بۆ هاوڕێیەکی بەناوی بێرناردۆ شرۆڤە کردووە کە دەڵێت "سیاسییەکان کە ئەزموونیان لە کاروباری سیاسی هەیە دەبێت ڕاستگۆ بن لە گەیاندنی پەیامی سیاسیدا، نابێت لە ژێر فشاری دەسەڵاتدا درۆ بکەن" لە نامەیەکی تردا بۆ پارێزەرێک بە ناوی جیۆڤانی کاپۆلۆ دەڵێت " سیاسەت کردن پێویستی بە کەسی ڕاستگۆ هەیە کە شتەکان وەکو خۆی بگەیەنێتە خەڵکی، نەوەکو بابەتەکان بە لاڕێدا ببات".
نموونە: ماکیاڤێلی لە کتێبی تێبینییەکانیدا بە تایبەتیش لە بابەتەکانی پەیوەست بە سیاسەت، بۆچوونی خۆی بە ڕاستی و ڕەوانی گەیاندووە بابەتەکانی بە پشت بەستن بە ڕووداوی مێژوویی و سروشتی کەسایەتییە مێژووییەکانی پێش خۆی یاخود هاو سەردەمی خۆی شرۆڤە کردووە. لە کتێبی میردا بە هەمان شێوە پەیڕەوی ڕیالیزمی کردووە و بابەتەکانی بە شێوازی خۆی باس کردووە کە خوێنەر کاتێک ئەم زانیارییانە دەخوێنێتەوە بەرچاوی لێڵ نابێت بەڵکو درک دەکات ئەم شتانە لەم سەردەمەشدا بەم شێوەیە ڕوو دەدەن.
مانەوە لە دەسەڵات
ماکیاڤێلی زۆر جار لە قسەکانیدا گەڕاوەتەوە سەر ئەم پرسە و ڕێگای داناوە بۆ ئەوەی چۆن سەرکردە یاخود دەسەڵاتدار لە پێگەکەی بمێنێتەوە و خەڵکیش بە مانەوەی میر لە دەسەڵاتدا دڵخۆش دەبن و حەز ناکەن حکوومەتەکەی لە ناو بچێت. بۆ ئەمەش دەڵێت "خەڵک دەبێت بترسن لە میر نەوەکو خۆشیان بوێت" ئەمەش نیشانەی میرە بەهێزەکانە کە بەهۆی ئەوەی خەڵک ترسیان بەرانبەریان هەیە ناتوانن کودەتای بەسەردا بکەن.
یاخود کاتێک لە بارەی میرەوە بۆچوونیان وەردەگیرێت دەڵێن "نامانەوێت دەسەڵات بگۆڕێت" یاخود هەمیشە ترسیان لەوە هەیە "کەسی دواتر لە میر خراپتر بێت" بۆیە پێیان وایە "خراپ لە خراپتر باشترە" ماکیاڤێلی دەڵێت ڕووخاندنی ئەم حکوومەتانە ئارامی و خۆشگوزەرانی بەدوای خۆیدا ناهێنێت بەڵکو وڵات نغرۆ دەبێت لە تاوانکاری و کوشتن و بڕین و دۆخێکی نا سەقامگیر بەرپا دەبێت.
نموونە: دیارترین نموونەی سەردەمی هاوچەرخ بریتییە لە شۆڕشی بەهاری عەرەبی و بەتایبەتیش سوریا و توونس. سوریا حکوومەتەکەی نەڕووخا بەڵام بەتەواوی وڵاتەکە وێران بوو. توونس حکوومەتێکی دیموکرات خوازی دروست کرد بەڵام (قەیس سەعید) بە زەبری هێز حزبە سیاسییەکەی کردە تاکە حزبی دەسەڵات و هەموو نەیارەکانی خستە زیندان. کە تا ئەم ساتەش توونس لە نەهامەتیدایە کە بەهاری عەرەبی لە توونسەوە دەستی پێکرد و بە ماوەیەکی کەم حکوومەتی دیکتاتۆریەت ڕووخا. بەڵام هیچ کام لەو وڵاتانەی شۆڕش تیایاندا ڕوویدا نەگەیشتنە خۆشگوزەرانی. ئەمەش فەلسەفەی مانەوەیە لە دەسەڵات کە زۆربەی سەرۆکەکان لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی ترس و خۆنیشاندان وەکو کەسێکی ترسێنەر بۆ زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە حووکمدابوون، ڕووخاندنیان نەبووە هۆی هاتنی خۆشگوزەرانی.
گونجاندن و نەرم و نیانی
بۆ سەرکردەکان ماکیاڤێلی دەڵێت "خۆ گونجاندن و نەرم و نیانی" زۆر گرنگە ئەمەش ناو دەنێت بە تاکتیک و ستراتیجی برەو دان بە مانەوە لە دەسەڵاتدا. ماکیاڤێلی ئامۆژگاری میرەکان دەکات کە لە سیاسەتدا وەکو کەسێکی توند ڕەو دەرنەکەون تەنانەت ئەم دەستەواژەیەی بۆ پاپاکان و قەشەکانیش بەکارهێناوە کە نابێت جەماوەر بە توند ڕەو بیان بینن. بەڵکو بە نەرم و نیان دەبێت دەرکەون. چونکە ئەمە وا دەکات جەماوەریان زیاتر ببێت.
نموونە: لە کتێبی تێبینییەکان ماکیاڤێلی ماکیاڤێلی جەخت لە گرنگی بدەن بە خۆ گونجاندن لەگەڵ بارودۆخە جیاوازەکان. دەڵێت "هەروەکو چۆن لەگەڵ منداڵێک بە منداڵانە ڕەفتار دەکەین، ئاواش دەبێت سیاسییەکان بەپێی بارودۆخ ڕەفتار بکەن، هەندێک دۆخ وەکو ڕێوی و هەندێک دۆخیش وەکو شێر ڕەفتار بکەن.
شرۆڤە لە ڕێگەی ڕووداوەکانی مێژوو
هۆکاری ئەوەی فەلسەفەی ماکیاڤێلی گشتگیر و کاریگەرە ئەوەیە ماکیاڤێلی بۆ هەر وشەیەک کە گوتوویەتی پشتی بە مێژوو بەستووە، وەکو دەڵێن مێژوو دووبارە دەبێتەوە سەردەم لە دوای سەردەم ئەمیش بە پشت بەستن بە ڕووداوەکان شرۆڤەی خۆی بۆ بابەتەکان کردووە.
ماکیاڤێلی شارەزایی لە مێژوو هەبووە کاتێک خوێندوویەتی زیاتر گرنگی بە مێژوو داوە. لەگەڵ ئەوەش کاریگەر بووە بە فەلسەفەی یۆنان و فەلسەفەی ئیسلامی کە ئیلهام بەخش بوون بۆ ئەوەی شرۆڤە بنووسێت. بێگومان شرۆڤەکانیشی تا ئەم سەردەمە لۆجیکین و لەگەڵ ڕاستیدا دەگونجێن و دوورە لە بابەتی خەیاڵی. ماکیاڤێلی دەڵێت "خوێندنەوەی سەرکەوتن و شکستی دەسەڵاتداران لە مێژوودا ئیلهام بەخشن بۆ ئەوەی تاکێکی وریا و چاو کراوە دروست بکەن". هەروەها دەڵێت "مێژوو بیناییەکی بەهادار دەبەخشێتە تاکەکان و وایان لێ دەکات درک بە ڕاستییەکان بکەن".
نموونە: دیارترین کتێبی ماکیاڤێلی کە شرۆڤەی ڕووداوەکانی تێدایە کتێبی "میر"ــە لەگەڵ کتێبی "هونەری جەنگ" لە میردا باسی ئەسکەندەری مەکدۆنی و جۆلیۆ سیزار دەکات لە ڕووی بەکارهێنانی تاکتیک و ستراتیجییەکانیان لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا.
ماکیاڤێلیزم لە سیاسەتدا چییە؟
ماکیاڤێلیزم لەم سەردەمەدا بۆ دوو مەبەست بەکاردەهێنرێت یەکەمیان لە بابەتی Organizational Behavior دا کە بە دەقێکی تەواو باسی ماکیاڤێلیزم دەکات لە دونیای کارسازی یاخود بازرگانی و بەڕێوەبردندا. دووەمیشیان لە بواری سیاسەت کردندا بەکار دەهێنرێت کە پێی دەوترێت "فەلسەفەی ماکیاڤێلیزم لە سیاسەت کردندا". کە بریتییە لە جێبەجێ کردنی بنەماکان و ڕێساکانی ماکیاڤێلی لە کاروباری سیاسیدا.
ماکیاڤێلی داوای چی دەکات؟
ماکیاڤێلی لە فەلسەفەکەیدا داوا دەکات میرەکان سیستمی کۆماری بۆ حوکمڕانی بەکاربهێنن لەگەڵیدا بۆ ئەوەی سوپایەکی بەهێزیان هەبێت پێویستە گرنگی بە دامەزراندنی لاوەکان بدەن. چونکە بە ساڵداچوەکان خێزانیان هەیە و منداڵ و نەوەیان هەیە ترسیان هەیە بمرن و خێزانەکانیان بێ باوک بمێننەوە. بەڵام لاوەکان هیچیان نییە لە دەستی بدەن. سوپا دەبێت یەکخراو و ڕێکخراو بێت تاوەکو دوور بن لە دروست بوونی میلیشیا یاخود هێزی نافەرمی.