ئەدەبی فۆلکلۆری

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-12-15:14:00 - کۆدی بابەت: 12877
ئەدەبی فۆلکلۆری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبی فۆلکلۆری (بە عەرەبی: الٲدب الشعبي، بە ئینگلیزی: Folk Literature) ئەدەبی فۆلکلۆری لقێکە لە لقەکانی ئەدەب بە گشتی کە ڕەنگدانەوەی کولتوور و فەرهەنگ و زمانی ئەو کۆمەڵگەیە کە ڕووداوەکانی چیرۆک و ڕۆمانەکەی تێدا ڕوودەدەن. ئەم بابەتانەی دەچنە قاڵبی ئەدەبیاتی فۆلکلۆری سەرەتا بە شێوەی ئاخاوتن یان زمانەوانی لەلایەن خەڵکییەوە گێڕدراونەتەوە بەر لەوەی بنووسرێنەوە و بەشێوەی ئەدەبیانە ڕێکبخرێن. 

تایبەتمەندییەکانی ئەدەبیاتی فۆلکلۆری

گێڕانەوە بە شێوەی ئاخاوتن یاخود ئاخاوتن

چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان بە شێوەی ئاخاوتن لە نێو خەڵکدا بە شێوەی گێڕانەوە سەردەم بۆ سەردەم گواستراوەتەوە واتا نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر بێ ئەوەی گۆڕان لە ناوەڕۆکدا ڕوو بدات و وەکو خۆی باس کراوە. 

کاریگەی کولتوور

چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان زۆر بە ڕوونی کاریگەری کولتوور و نەریتە کۆمەڵایەتییەکانیان پێوە دیارە و ڕەنگدانەوەی هەیە بەسەر ڕووداوەکان. بۆ نموونە گەر باسی ئەورووپا بکات لە سەردەمە کۆنەکاندا یاسا کۆمەڵایەتییەکان و دابونەریتی کۆمەڵگە زاڵن بەسەر ڕووداوەکان کە خانمان ئازادی تەواویان نەبووە. لەم لایەنەوە پەیامی چیرۆکە فۆلکلۆرییەکان بریتییە لە ڕەوشت و بەها کۆمەڵایەتییەکان.

کارەکتەرەکان لە ڕووی ناوەڕۆک

لە چیرۆکی فۆلکلۆریدا کاتێک ڕووداوێک ڕوودەدات ئەو کەسانەی ستەمیان لێ کراوە یان لە ژێر فشاردان چاویان لە هاتنی پاڵەوانێکە کە ڕزگاریان بکات لەو کێشەیە. یاخود زۆرێک لە چیرۆکەکان ڕووبەڕوو بوونەوەی کەسێکی دڵ باش و میهرەبانە لەگەڵ کەسێکی خراپ. یاخود گۆڕانی کەسێکە لە خراپ بۆ باش یان بە پێچەوانەوە. 

فەلسەفەی ڕەوشت و سیمبولیزم 

لە چیرۆکە فۆلکلۆرییەکاندا بە گشتی بابەتێک هەیە ئەویش لایەنی ڕەوشتە یاخود بەها کۆمەڵایەتییەکان. کەسێک وا دەردەکەوێت باش بێت بەڵام دوو ڕووە و خیانەت لە هاوڕێکانی دەکات کاتێک خیانەتەکەش ئاشکرا دەبێت هاوڕێکانی تۆڵە ناکەنەوە بەڵکو بە ڕستەیەکی فەلسەفیانە وەڵامێکی دەدەنەوە کە هەست بە شکانی ناخی بکات و جارێکی تر هەڵەی لەو جۆرە دووبارە نەکاتەوە.

نموونەی هەندێک چیرۆک لە ئەدەبیاتی فۆلکلۆری

یەکەم: سەندرێلا (چیرۆکی فۆلکلۆری ئەورووپی) چیرۆکەکە باس لە کچی خانەداێک دەکات پاش مردنی دایکی، باوکی هاوسەرگیری دەکاتەوە و خانمێک دەکاتە هاوژینی کە منداڵی هەیە. پاش ئەوەی سەندرێلا باوکی دەمرێت ڕووی ڕاستیان دەر دەکەوێت و ئازاری سەندرێلا دەدەن.

دووەم: ڕامایانا (داستانی هیندی) ئەم چیرۆکە چەند سەدەیەک بەشێوەی زارەکی نەوە دوای نەوە گێڕدراوەتەوە. باسی گەشتەکەی شازادە ڕاما دەکات بۆ ڕزگارکردنی هاوژینەکەی بەناوی سیتا، کە لەلایەن پاشایەکی شەڕەنگێز بەناوی ڕاڤانا بەند کراوە، پەیامی داستانەکە "دڵسۆزی، شەرەف، سۆزداری، فەلسەفەی ڕاست و هەڵە"یە. کە پێی دەوترێت فەلسەفەی هیندو بە شێوەیەکی گشتی.

سێیەم: ئەنانسی جاڵجاڵۆکە (چیرۆکی فۆلکلۆری ڕۆژاوای ئەفریقا) ئەم چێرۆکە لە نێو گەلی غانا ناوبانگی هەیە کە هەڵگری پەیامی فەلسەفی و ڕەوشتییە کە چۆن درک بە ژیان دەکرێت لە چاوی جاڵجاڵۆکەیەک بەناوی "ئەنانس".

چوارەم: ئەفسانەی مولان (داستانی چینی) باسی ئافرەتێک دەکات بەناوی "هو مولان" لە سەدەی پێنجەمی پێش زایینی. مولان خۆی وەک پیاوێک دەردەخات تاوەکو لە بری باوکی بچێتە سوپا. کە دەبێتە سمبولێکی دیار لە نێو سوپای چین لە ڕووی دڵسۆزی، هاندان، لێهاتوویی و کارامەیی لە هونەری جەنگدا.


سەرچاوەکان



1070 بینین