ئەدەبیاتی فارسی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-14-22:38:00 - کۆدی بابەت: 12909
ئەدەبیاتی فارسی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەدەبیاتی فارسی (بە عەرەبی: الادب الفارسیة، به ئینگلیزی: Persian literature) ئەدەبیاتی فارسی بە یەکێک لە ئەدەبیاتە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی دادەنرێت کە ڕەگێکی مێژوویی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپڕاتۆریەتی ئاخەمینی کە بە سەردەمی فارسیی کۆن ناسراوە، کە لەو سەردەمەدا لەسەر قوڕی خۆشکراو هۆنراوە و چیرۆکی ئەفسانەیی نووسراون. دواتر سەردەمی زێڕینی ئیسلام، وڵاتی فارس لە ڕووی ئەدەبیاتەوە پێشکەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینی. زمانی فارسی ببووە زمانی نووسین لە سەردەمی ئیسلامدا و هەر لەو سەردەمەدا چەندان هۆزانڤان و نووسەری ناودار دەرکەوتن کە تا ئەم سەردەمە بەرهەمەکانیان جێگەی بایەخی خوێنەرانە.

هۆکاری گرنگی ئەدەبیاتی فارسی چییە؟ 

ئەدەبیاتی فارسی گرنگە، چونکە ڕەگێکی مێژوویی هەیە و بەردەوام نوێبوونەوەی بەخۆیەوه بینیوە و چەق بەستوو نەبووە. لەلایەکی تریشەوە گرنگی بە وەرگێڕانی بەرهەمی تری ئەدەبی دراوە، بۆ نموونە بابەتە فەلسەفییەکانی سند و هند وەک پەرتووکی کەلیلە و دیمنە کە بەرهەمێکی گرنگی وڵاتی هندە وەرگێڕدرا بۆ فارسی. 

هەروەها نووسەرە فارسەکان داستانە کولتووری و ئەفسانەییەکانیان بە شێوەی هۆنراوە دەنووسی کە فۆرمێکی نوێی هۆنراوە نووسین بوو، دیارترین نموونەش "شانامەی فیردەوسی" کە چیرۆکەکانی ئەفسانەیین و لە بارەی پاڵەوانەکانی فارس دەدوێت. 

جگە لە فیردەوسی کۆمەڵێک هۆزانڤانی تر هەبوون وەک (مەولانای ڕۆمی، حافزی شیرازی، سەعدی شیرازی، عومەر خیام) کە بە هۆنراوە نووسین ناوبانگێکی زۆریان پەیدا کرد. بۆ نموونە سەعدی شیرازی بە پەرتووکی "گوڵستان" هۆنراوەی دانایی نووسیوە کە پەند و ئامۆژگاری لە خۆدەگرێت. 

سیمای فەلسەفی لە ئەدەبیاتی فارسیدا

سیمای فەلسەفی لە ئەدەبیاتی فارسیدا وێنەدانەوەی کولتوور و ئایین و مێژووە، هەر بابەتێک تۆ بیڵێیت بە شێوازێکی هونەری نایاب گوزارشتی لێ دەکرێت، بۆ نموونە گەر سەیری هۆنراوەکانی خیام بکرێت، خوێنەری ئاسایی وا تێدەگات خیام هەر خەریکی شەراب خواردنەوە بووە و مەست بووە، بەڵام خوێنەری شارەزا و کارامە بۆی دەردەکەوێت کە تەکنیکی خواستی پێچەوانەی بەکارهێناوە کە ئەوەی تۆ بەرچاوت دەکەوێت پێچەوانەکەی ڕاستە، ئەمەش بۆ کەسانێکە کە تێگەیشتنیان بۆ شتەکان نییە و ڕووکەش بڕیار دەدەن. چێژی لێ دەبینن، بەڵام کەسە ژیرەکان وانەی لێوە فێردەبن.

یاخود سەعیدی شیرازی تەکنیکی جیاوازی دانایی بەکارهێناوە، لە پەرتووکی گوڵستان بۆ هەر هۆنراوەیەک چیرۆکی پشت نووسینی هۆنراوەکەی نووسیوە. بە شێوازێکی ئەفسوناوی و هونەریانە لە بارەی دانایی نووسیویەتی، هۆنراوەکان لە بابەتی ئایینی و کۆمەڵایەتی دەدوێت کە هەندێک هۆنراوە دوو نیوه دێرە بەڵام هەڵگری پەیامێکی جوان و داناییانەیە. 

لە ئەدەبیاتی فارسیدا بابەتی سۆفیگەری دەبینرێت بە تایبەتی لە هۆنراوەکانی مەولانا جەلالەدینی ڕومی. خوێنەری ئاسایی مەولانا بە کەسێکی سووتاو بۆ ئەوینداری دەبینێت بەڵام ئەویش پەیامەکە لەوە قوڵترە کە ئەویش خۆشەویستنی خودایە لە ڕووی پەیوەندی نێوان خودا و بەندە و پابەند بوون بە ئایین و خودا پەرستییە.

خۆشەویستی و ئەوینداری لە ئەدەبیاتی فارسیدا

ئەوین لە ئەدەبیاتی فارسیدا مۆرکێکی تایبەتی هەیە کە لە هیچ ڕێبازێکی ئەدەبیدا لە کۆمەڵگەکانی تردا نابینرێت، ئەوین لە ئەدەبیاتی فارسیدا ئەوینێکی دوور لە حەرامە، ئەوینێک نییە بۆ کات بەڕێ کردن و چێژێکی دەروونی و کاتی، بەڵکو بۆ ئەوەیە هەردوو ڕەگەز لە چوارچێوەی شەرعدا یەکتر بناسن و هاوسەرگیری بکەن، بە چاوێکی خراپ سەیری یەکتر ناکرێت، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستگۆیانە و دوور لە درۆکردن و خۆ فریودانە. 

ئەم شێوازەش زۆرجار جیابوونەوەی تێدایە بەهۆی نەتوانین بۆ هاوسەرگیری بەهۆی هەژاری و کەمدەرامەتی، بەڵام چاوەڕوانی لە دواوەیە تا ئەو کاتەی هەلێکی گونجاو دەڕەخسێت، ئەمەش لایەنی قەدەر نیشان دەدات، کە هەموو شتێک قەدەری خودایە و بێ ویستی ئەو هیچ ڕوونادات. 

زۆرجار بابەتی مردن دێتە ناو کارە ئەدەبییەکانەوە کە ئەوینی توند و تۆڵی نێوان دوو کەسی سەر ڕاست بە مردن کۆتایی دێت و کۆتایی بە عەشقەکەیان دێت. لە سۆز و ئەوینی ئەدەبیاتی فارسیدا خیانەت بە کەمی دەبینرێت یان نابینرێت چونکە خۆشویستنەکە لە چوارچێوەی کاریگەری ئاییندایە و هەردوو لا پابەندی دابونەریت و شکۆی خانەوادەیی و پایەکانی ئایینی ئیسلامن. 

کاریگەری ئەدەبیاتی فارسی لەسەر ئەدەبیاتی جیهانی

ئەدیبە بیانییەکان کاریگەر بوون بە باڵادەستی هۆزانڤان و نووسەرە فارسەکان لە چاخەکانی ناوەڕاستەوە تا سەردەمی مۆدێرن و هاوچەرخ. بەهۆی ئەوەی ناوەڕۆکەکانیان بابەتی پەیوەست بە دانایی و خواپەرستی و ئەشق و سۆز و ئەوینی ڕاستەقینە و ڕۆحییە زۆر جار نووسەرانی ئەورووپی و بە گشتی ڕۆژاوایی پانایان بۆ وەرگرتنی ئیلهام لە بەرهەمە فارسییەکان بردووە وەک گۆتە و بیرۆن کە دوو نووسەری ئەورووپین لە ژێر کاریگەری ئەدەبیاتی فارسیدا بوون.

گرنگترین بەرهەمە ئەدەبییەکان

  • شانامەی فیردەوسی - فیردەوسی
  • چوارینەکانی خیام - خیام
  • گوڵستان - سەعدی شیرازی
  • دیوانی حافز - حافزی شیرازی
  • مەسنەوی - مەولانای ڕومی


سەرچاوەکان



3889 بینین