ناوهڕۆك
ناساندن
نیکۆلۆ ماکیاڤێلی (بە عەرەبی: نیکولو مکیافیلي، بە ئینگلیزی: Niccolò Machiavelli) کەسایەتییەکی سیاسی و بیرمەند و نووسەری ئیتاڵی سەدەکانی ناوەڕاستە. کە بە نووسینی کتێبی میر و مێژووی فلۆرەنس چەندانی تر و دانانی بیردۆزی ماکیاڤێلیزم ناوبانگی دەرکردووە. کاتێک ناوی ریفۆرم دەهێنرێت لە تەواوی کایەکان و دامودەزگاکانی دەوڵەت و کاتێکیش ناوی شۆڕشی ڕۆشنگەری ناسراو بە ڕێنیسانس ئەوا پێویستە ناوی ئەم بیرمەندەش بهێنرێت کە چەندان ساڵ لە دیوانی خانەدان و دەسەڵاتدارانی فلۆرەنس خزمەتی کردووە بەتایبەتی لە سەردەمی مێدچییەکاندا.
زانیارییە گشتییەکان
ناوی تەواو | نیکۆلۆ دی بێرناردۆ دی ماکیاڤێلی |
بەرواری لە دایکبوون | ٣ ی ئایاری ١٤٦٩ |
شوێن | کۆماری فلۆرەنس، فلۆرەنس - ئیتاڵیا |
مردن | ٢١ ی حوزەیرانی ١٥٢٧ |
شوێن | کۆماری فلۆرەنس، فلۆرەنس - ئیتاڵیا |
تەمەن | ٥٨ ساڵ |
هاوژین | ماریتا دی کۆرسینی |
سەردەم | چاخی ڕێنیسانس |
ئایدۆلۆژیا | فەلسەفەی ڕۆژاوا |
قوتابخانە | ڕیالیزم، کۆماریزم، ماکیاڤێلیزم |
حەز و خولیا | مێژوو، ڕامیاری، فەلسەفەی ڕامیاری، بیردۆزی سەربازی |
ئەو بوارەی کاری تیاکردووە | ڕیالزمی کلاسیک |
گرنگترین نووسراوی | کتێبی میر |
ئەو کەسایەتییانەی ماکیاڤێلی ئیلهامی لێ وەرگرتوون و کاریگەر بووە پێیان | زینەفۆن، پلوتارک، پێترارک، تاکیتوس، پۆلیبیوس، سالوست، لیڤی، سوکیدیداس، دانتی ئالیگێری، ئیبن خەلدوون، ئیبن زەفەر، جێمیستوس پلێسۆن، مارسێلۆ فیجینۆ. |
ماکیاڤێلی ئەو کەسایەتییەی مێژووی مرۆڤایەتییە کە نووسراوەکانی بۆ هەموو سەردەم و نەتەوەیەک دەگونجێت و ڕاستە. نیکۆلۆ پشتگیری لە سیستمی کۆماری و سوپایەکی ڕێکخراو و یەکخراو کردووە بۆ بەرگری کردن لە دەوڵەت و سەرۆک کۆمار. ماکیاڤێلی بۆ چەندین ساڵ لە کۆماری فلۆرەنس لە ژێر ئاڵای مێدچییەکان کاری کردووە وەک ڕاوێژکار و دبلۆماتکار. بەو ئەزموونەی لە کاری ڕامیاری هەیبوو توانی کتێبێک بەناوی میر بنووسێت کە جەخت دەکاتەوە چ سیستمێکی حووکمڕانی پێویستە بۆ بەڕێوەبردنی دەوڵەت؟ سوپای فەرمی یان میلیشیا کامیان لە پێشینەی کارەکانی سەرۆکی وڵاتە؟ پەیوەندی سەرۆک لەگەڵ وڵاتان چۆن بێت؟ پێویستە سەرۆک کۆمار گرنگی بدات بە چ شتێک لە ناوخۆی وڵاتەکەی تا ژێرخانێکی بەهێز بۆ خۆی و دانیشتووان فەراهەم بکات.
ژیانی نیکۆلۆ ماکیاڤێلی
نیکۆلۆ دی بێرناردۆ دی ماکیاڤێلی لە شاری فلۆرەنس پایتەختی کۆماری فلۆرەنس لە خێزانێکی ناوداری شارەکە لەدایکبووە کە سێیەم منداڵ و یەکەم کوڕی پارێزەر بێرناردۆ دی نیکۆلۆ دی ماکیاڤێلی و خاتوو بارتۆلێمیا دی ستیڤانۆ نێلی بووە. نیکۆلۆ لە بەرواری ٣ ی ئایاری ١٤٦٩ هاتۆتە دوونیاوە. بنەماڵەکەی ماکیاڤێلی ڕەگ و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە بۆ مارکۆسەکانی توسکانسی کە کەسانێکی خانەدان و خاوەن ڕێز بوون لە نێو دانیشتووانی ناوچەکە، بە کاری بازرگانی خەریک بوون، هەندێکیان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا ژیاون و ڕاوێژکار و پارێزەریان بوون. مارکۆسەکانی توسکانسی ١٣ دادەوەری کۆماری فلۆرەنسیان بەرهەم هێناوە و لە دادگای فلۆرنتین کارییان کردووە، کە هێندە کەسانێکی شارەزا و دڵسۆز بوون بۆ کارەکانیان ڕێگەیان پێ درابوو هاتووچۆی سیگنۆرا بکەن کە شوێنی حووکمەتی فلۆرەنس بوو. هەر ئەم ڕێزلێنانەی بنەماڵەی ماکیاڤێلی ڕێگە خۆشکەر بوو کە دواتر خودی خۆشی بێتە سیگنۆرا و کار بۆ مێدچییەکان بکات.
ماکیاڤێلی لە سەردەمێکدا ژیاوە کەوا (پاپاکان، پاشاکانی فەڕەنسا، ئێمپڕاتۆریەتی ڕۆمای پیرۆز، پاشاکانی ئیسپانیا) دەست تێوەردانیان لە دامودەزگاکانی فلۆرەنس هەبوو. هەر لەبەر ئەم دۆخە بوو کەوا ماکیاڤێلی هەوڵی خوێندنەوەی پێشهاتەکان و دەرئەنجامەکانی دەدا تاوەکو قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەستوورێکی ڕێکوپێک بۆ فلۆرەنس پێشنیار بکات. ماکیاڤێلی لەلایەن Paolo da Ronciglione فێری خوێندنەوە و نووسینی لاتینی بوو. زۆربەی ئەو بوارانەی دەستی باڵای تێدا هەبوو بە خود پەروەردەیی فێربووە. وەک شارەزابوون لە فەلسەفەی گریک و میتۆلۆجیای گریک و مێژووی گریک. هەروەها کاریگەریش بووە بە فەلسەفەی ئیسلامی وەک ئیبن خەلدوون و ئیبن زەفەر. لەو سەردەمەدا بیرماندانی ئەورووپا کاریگەربوون بە فەلسەفەی گریک بەتایبەتی چاخی ڕێنیسانس کە ئیلهامییان لە فەیلەسووفانی گریک وەردەگرت.
ماکیاڤێلی وەک باسمان کرد لە سەردەمێکدا بوو دەستی دەرەکی زاڵ بوو بەسەر کۆمارە سەربەخۆکانی نێو ئیتاڵیا. کەسانی ئایینی دەستیان هەبوو لە گۆڕینی ڕووداوەکان، لە شەقامەکاندا کەسانی بەکرێ گیراو هەبوون کە موچەیان لەلایەن کڵێسا دابین دەکرا، دەهاتن گوتاریان دەدا بۆ جەماوەر و ڕاستییەکانیان لە خەڵکی دەشێواند، بۆ نموونە هەندێک جار چالاکی سەربازی ئەنجام دەدرا لەلایەن (تێمپڵارەکان) کە دەستەیەکی ئایینی و سەربازی و ڕامیاری بوون و کەسانی خاوەن پلەو پایەی بڵند دەکوژران. لەم نێوەندەدا بە کرێگیراوان بە ماوەیەکی کەم دەهاتنە سەر شەقامەکان لە بەرگی کەسانی ئایینی و گوتار بێژ، قسەیان دەکرد و ڕووداوەکانیان بە ئاراستەیەکی تر شرۆڤە دەکرد. نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە بارەی ئەم کەسانەوە دەڵێت: ئەم جۆرە کەسانە پیسایی نێو کۆمەڵگان، کە ناهێڵن گەل ڕاستییەکان بزانێت و ڕاستییەکان دەشێوێنن. پێویستە ئەم کەسانە لەلایەن جەماوەر سزا بدرێن.
ماکیاڤێلی بە وردی خوێندنەوەی دەست پێکرد تا ڕیفۆرمێک بکات و دەسەڵاتی ڕەها بگێڕێتەوە بۆ سەرۆک کۆمار، دەستی دەرەکی نەهێڵێت بۆ سەر کۆماری فلۆرەنس. کاتێک پیشەی ڕاوێژکاری مێدچییەکان بوو، نیکۆلۆ ماکیاڤێلی تیشکی لەسەر ئەوە بوو گرنگی بدرێت بە خوێندنەوە بۆ هەموو ڕەهەندەکانی پایەکانی دەوڵەت بکرێت، جگە لەوە نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە نووسینەکانی کە بە شێوەی تێبینی یان Note نووسیونی لە بارەی سوپای کۆمارییەوە، دەڵێت: کۆمار پێویستی بە سوپایەکی یەکخراو و ڕێکخراو هەیە کە لە گەنجان پێکبهێنرێت و کاری ئەم سوپایە بریتی دەبێت لە بەرگری کردن لە دەوڵەت چ پاراستنی ئاسایشی وڵات و چ لە کاتی جەنگدا بەرگری بکەن. پێویستە لیژنەیەکی چاودێری دابنرێت بۆ هەڵسەنگاندنی توانا جەستەییەکانی گەنجان و پۆلێن بکرێن بە گوێرەی توانای جەستەیان و بەهرەکانیان. بۆ نموونە پێویستە تیرهاوێژەکان پێویستە لە ماسولکەدا بەهێزبن و لە نیشانە شکێنیدا بێ وێنە بن.
ناکرێت بۆ ئەوەی پشتت قایم بێت لە گۆڕەپانی جەنگدا هەموو کەسێک بخرێتە ڕیزی تیرهاوێژ. سەرۆک کۆمار پێویستە بە وردی بەرەوپێشچوونی سەربازەکانی بزانێت. دەبێت ئاگاداری تەمەن و جۆری خواردن بێت کە دەدرێت بە هێزەکەی، گەر تەمەنی سەربازەکانی هەڵکشا پێویستە دوور بخرێنەوە و دووبارە گەنجان بهێنرێنە ڕیزی سوپاوە. لە بارەی میلیشیا یان هێزی فەرمی دەڵێت: سەرۆک کۆمار پێویستە لەسەری گەر ئاسایشی نیشتمانی دەوێت، و نایەوێت گەندەڵی و دزی لە حکوومەتەکەی هەبێت پێویستە سوپای وڵات فەرمی بێت و خودی خۆی فەرمانیان پێ بدات. بوونی هێزی میلیشیا (هێزی نافەرمی) دەبێتە هۆی پەرتەوازەبوونی سوپا، گەرچی هێزێکی زیاتر فەراهەم دەکات، بەڵام بوونی چەند فەرماندەیەکی سوپا لە یەک وڵاتدا نابێتە هۆی لێکتێگەیشتن لە نێوان سوپاکاندا، هەر یەکەیان بەرژەوەندی خۆی دەوێت و دەستکەوتەکان بەهی خۆیان دەزانن. لەبەر ئەمەش پێویستە یەک کەس حووکمی ئەم هێزەی لە دەستدابێت ئەویش سەرۆک کۆمارە و دەبێت هێزی نافەرمی و میلیشیا ڕەت بکرێتەوە.
ماکیاڤلی لە سەرەتای ١٥٠٠ کاندا دەستی کرد بە نووسینی تێبینییەکانی بۆ نووسینی کتێبێک لەسەر سیستمی کۆماری و وەک میراتێک بۆ مێدچییەکانی جێ بهێڵێت تا وەک مەنهەجێک یان ڕێبەرییەک بەکاری بهێنن و سوودی لێ ببینن. ماکیاڤێلی چەند جارێک لە دەسەڵات لاچوو بەهۆی گۆڕانە ڕامیارییەکانی فلۆرەنس بەڵام سوور بوو کە ئەم ڕێبەرییە بنووسێت تا ببێتە بناغەیەکی گرنگ بۆ دەسەڵاتەکانی دواتر. ساڵی ١٥١٣ دەستی کرد بە نووسینی کتێبی میر یاخود The prince کە بە بڕوای پسپۆڕانی ڕامیاری بۆ هەموو کات و ساتێک قسەکانی ماکیاڤێلی کە لەم کتێبەدا باسی کردوون ڕاستن، هەندێک دەڵێن ماکیاڤێلی ڕاستە مردووە بەڵام وشەکانی هەمیشە زیندوون و بناغەی دانانی هەموو حکوومەتێکی سەرکەوتووە. ئەم کتێبە تا ساڵی ١٥٣٤ بڵاو نەکراوەتەوە.
مردن
نیکۆلۆ ماکیاڤێلی لە تەمەنی ٥٨ ساڵی لە بەرواری ٢١- حوزەیرانی ساڵی ١٥٢٧ کۆچی دوایی کرد و لە گۆڕستانی نێو کڵێسای سانتا کرۆک بە خاک سپێردراوە. ساڵی ١٧٨٩ گۆڕەکەی نۆژەن کراوەتەوە لەسەر ئەرکی George Nassau Clavering و پێترۆ لیپۆڵدۆ حاکمی گەورەی توسکانسی پەیکەرێک بۆ یادکردنەوەی لە ئارامگەکەی دروست کرد.