ئایا خوێندنەوەی کتێب پێش نووستن سوودی هەیە؟

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-14:40:00 - کۆدی بابەت: 13038
ئایا خوێندنەوەی کتێب پێش نووستن سوودی هەیە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا خوێندنەوەی کتێب پێش نووستن سوودی هەیە؟ (بە ئینگلیزی: Does reading book benefit before sleep، بە عەرەبی: هل قراءة الکتاب مفیدة قبل النوم؟) خەوتن بە پێی پێویست بۆ هەموو کەسێک پێویستە. یەکێک لە ڕێگاکان بۆ خەوێکی تەندروست و ماوەیەکی زۆر بریتییە لە خوێندنەوەی کتێب پێش نووستن.

ئەمانە چەند سوودێکین

کەمکردنەوەی کاتی سەیرکردنی شاشە

پەیوەندی نێوان سەیرکردنی شاشە و خەوێکی نا تەندروست بەتەواوی ئاشکرایە. سەیرکردنی شاشەی تەلەفزیۆن، مۆبایل یان هەرشتێکی تر کاتژمێر و نیوێک پێش نووستن دەبێتە هۆی ڕێگریکردن لە دەرچوونی هۆڕمۆنی میلاتۆنین بەشێوەیەکی سروشتی کە جەستە پێویستی پێیەتی و ڕێگری لە خەوێکی تەندروست دەکات. بەڵام کتێب خوێندنەوە پێش نووستن لە سەیرکردنی شاشە دوورت دەخاتەوە و بۆ خەوێکی تەندروست یەکێکە لە هۆکارەکان. مۆبایلەکان و شاشەکان ڕووناکی شین بڵاودەکەنەوە کە دەبێتە هۆی تێکدانی سیستمی خەو، تەنانەت دە خولەک بەکارهێنانی مۆبایل یان سەیرکردنی شاشە پێش خەوتن دەتوانێت ببێتە هۆی تێکدانی سیستمی خەو. سەیرکردنی ئەو جۆرە بابەتەی کە سەیری دەکەیت دووبارە کاریگەری دروست دەکات. بۆ نموونە ئەگەر پێش نووستن سەیری بەرنامەیەکی توندوتیژی یان فیلمێکی ترسناک بکەیت، دەبێتە هۆی بەخەبەرهاتن لە کاتی خەوتن و تێکچوونی خەو یان کەمخەوی.    

کەمکردنەوەی فشار

خوێندنەوەی کتێب پێش خەوتن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی بە ڕێژەی ٪٦٨، بەجۆرێک زیاتر لە خواردنەوەی چا یان گوێگرتن لە میوزیک سوودی لە کەمکردنەوەی فشاری دەروونیدا دەبێت. هەڵبژاردنی کتێبێک کە ئارەزووی دەکەیت کارێکی باش دەبێت.

باشترکردنی جۆری خەو

خوێندنەوە چالاکییەکە کە مێشک بە بێ هاندانی جەستەیی کار دەکات، چونکە دەتوانیت کتێب بخوێنیتەوە لە کاتێکدا پاڵ کەوتوویت. ئەمە هێواش هێواش جەستە و مێشک ئارام دەکاتەوە، تاکوو کەسەکە دەخەوێت. دواتریش لە کاتی هەستان لە خەو هەست بەوە دەکەیت کە زیاتر پشووت داوە و خەوێکی باشتر خەوتوویت.

یارمەتیدەر دەبێت تاکوو زووتر خەوت لێ بکەوێت

بەشێوەیەکی گشتی زۆربەی کەسانی پێگەیشتوو پێویستییان بە نزیکەی دە بۆ ٢٠ خولەک دەبێت تاکوو خەویان لێ بکەوێت، بەڵام هەندێک کەس بە شێوەیەکی سروشتی ئاسانتر دەتوانن بخەون. خوێندنەوەی کتێب بۆ ئەو کەسانەی لە جۆری یەکەمن دەتوانێت سوودبەخش بێت. لە لێکۆڵینەوەیەکدا بەراورد لەنێوان ئەو کەسانەی پێش خەوتن کتێب دەخوێننەوە و ئەو کەسانەی کتێب ناخوێننەوە کراوە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەدا دەرکەوتووە نزیکەی ٪٤٢ ی ئەو کەسانەی پێش نووستن کتێبیان خوێندۆتەوە هەستییان بە باشتربوونی توانای خەوتنیان کردووە. بەڵام گرنگە کە کتێب خوێندنەوەکە لە ڕووناکییەکی تەواودا نەبێت کە ڕاستەوخۆ بەر چاو بکەوێت، چونکە ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی توانای خەوتن هۆکارێک دەبێت.

چەند ڕێگایەک تاکوو خوێندنەوە پێش نووستن بکەیت بە بەشێک لە ڕۆتینی شەوان

  • باشترە لە شوێنێکی گونجاو کتێب بخوێنیتەوە لەجیاتی خوێندنەوە لەسەر کورسی چێشتخانە یان لەسەر مێزەکەت، باشترە شوێنێکی ئاسوودەتر بدۆزیتەوە تەنانەت ئەگەر گونجا باشترە گۆشەیەکی تایبەت بە خوێندنەوەت هەبێت کە بتوانیت سەرین و ڕووناکی گونجاو بۆ خوێندنەوەی لێ دابنێیت.
  • دوو کاتژمێر پێش نووستن گڵۆپەکانی ژوورەکە بکوژێنەوە. بۆ خوێندنەوەی کتێب ڕووناکییەکی کەمی وەک لامپە باشترە، چونکە کاریگەری لەسەر توانای خەوتن دروست ناکات.
  • دەتوانیت گوێ لە مۆسیقایەکی ئارامیش بگریت و ژینگەیەکی باشتر دروست بکەیت.
  • پێش دەستکردن بە کتێب خوێندنەوە ڕۆتینی شەوانت وەک ددان شۆردن یان دەموچاو شۆردن ئەنجام بدە. باشترە کتێب خوێندنەوە کۆتا ڕۆتینی پێش خەوتن بێت، تاکوو هەرکات هەستتکرد دەتەوێت بخەویت بتوانیت بخەویت بەبێ ئەوەی پێویست بکات کاری تر ئەنجام بدەیت.


سەرچاوەکان



130 بینین