خوێنهێنەرەکان بۆ ڕاکێشانی خوێن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-30-00:50:00 - کۆدی بابەت: 10071
خوێنهێنەرەکان بۆ ڕاکێشانی خوێن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خوێنهێنەرەکان بۆ ڕاکێشانی خوێن (بە ئینگلیزی: Veins for phlebotomy، بە عەرەبی: الأوردة لسحب الدم) ڕاکێشانی خوێن کرداری وەرگرتنی خوێن و کۆکردنەوەی خوێنە لە نەخۆشەکان بە مەبەستی ئەنجامدانی پشکنین و کۆکردنەوەی زانیاری دەربارەی تەندروستییان. زۆر گرنگە لە کاتی ئەنجامدانی خوێن وەرگرتندا بزانرێت کام خوێنهێنەرە گونجاوترینە. سێ خوێنهێنەر لە قۆڵەکاندا هەن لەلایەن کارمەندانی تاقیگە زۆرترین بەکارهێنانیان هەیە.  سێ خوێنهێنەری تریش هەن کەمتر بۆ وەرگرتنی خوێن پشتیان پێ دەبەسترێت.

چاڵی ئانیشک

کۆکراوەی خوێنهێنەرەکانی قۆڵە، دەکەوێتە چاڵایی قۆڵ بەرانبەر ئانیشک، لەم شوێنەدا سێ خوێنهێنەری سەرەکی هەن دەتوانرێت لە کاتی وەرگرتنی خوێندا سوودیان لێ ببینرێت:

١. خوێنهێنەری ناوەڕاستی ئانیشک

خوێنهێنەری ناوەڕاستی ئانیشک (Median cubital vein) بۆ وەرگرتنی خوێن باوترین خوێنهێنەرە کە دەکەوێتە ناو قووڵییەکی کەم، خوێنهێنەرێکی جێگیرە و بە دەگمەن لە کاتی خوێن وەرگرتندا دەجوڵێت.

بۆچی خوێنهێنەری ناوەڕاستی ئانیشک زۆرترین بەکارهێنانی هەیە؟

ئەم خوێنهێنەرە گەورەیە و لەنزیک بەشی سەرەوەی پێستدایە واتە لە قووڵییەکی کەمدایە، بەئاسانی دەبینرێت. ئەگەری شینبوونەوەی کەمترە، لە کاتی وەرگرتنی خوێندا لە خوێنهێنەرەکانی تر ئازاری کەمترە، بەهۆی ئەوەی لە دەمارەکان و خوێنبەرەکانەوە نزیک نییە مەترسیشی کەمترە.

٢. خوێنهێنەری سەری - vein Cephalic

کاتێک ناتوانرێت لە خوێنهێنەری ناوەڕاستی ئانیشک خوێن وەربگیرێت خوێنهێنەری سەری هەڵبژاردنی دووەمە، ئەم خوێنهێنەرە لە بەشی سەرەوەی قۆڵ بۆ پەنجە گەورەی دەست درێژ دەبێتەوە.

٣. خوێنهێنەری بنچینەیی - basilic vein

بۆ وەرگرتنی خوێن لە قۆڵەکان دواین هەڵبژاردەیە، خوێنهێنەری بنچینەیی وەک خوێنهێنەری سەری یان خوێنهێنەری ناوەڕاستی ئانیشک لەڕووی پێستەوە نزیک نییە، زیاتر مەترسی زیانگەیاندن بە دەمارەکان و خوێنبەری قۆڵ هەیە.

هەرچەندە ئەم سێ خوێنهێنەرە بۆ وەرگرتنی خوێن زۆرتر باون بەڵام هەندێک جار لە کاتی خوێن وەرگرتندا پێویست بە گەڕان بەدوای خوێنهێنەری تردا دەکات. لەو نەخۆشانەدا کە تووشی وشکبوونەوە دەبن یان ئەوانەی کێشیان زۆرە کۆمەڵێک خوێنهێنەری تر بۆ وەرگرتنی خوێن بەکاردێن. لەدوای سێ خوێنهێنەرەکەی پێشوو خوێنهێنەرەکانی پشتی دەست هەڵبژاردنی گونجاون، بەڵام خوێن وەرگرتن لەم شوێنە ئازاری زۆرە و کەمتر توانای جێگیرکردنی هەیە. کارمەندانی وەرگرتنی خوێن بە دەستی خۆیان دەستی نەخۆشەکان دەگرن تاکوو خوێنهێنەرەکە جێگیر ببێت و لە کاتی خوێن وەرگرتندا نەجوڵێت.

خوێنهێنەرەکانی مل 

بە شێوەیەکی گشتی شەش خوێنهێنەر لە ملدا هەیە، خوێنهێنەرەکانی مل (Jugular veins) خوێن لە ناوچە جیاوازەکانی سەری مرۆڤەوە بۆ بەشی سەرەوەی سنگ دەگوازنەوە. خوێن وەرگرتن لە مل پێویستی بە ڕاهێنان، شارەزایی و ئەزموونی زۆر هەیە.

خوێنهێنەری ڕان

خوێنهێنەری ڕان (femoral vein) کاتێک بەکاردێت کە نەتوانرێت خوێن لە خوێنهێنەرەکانی دەست یان قۆڵ وەربگیرێت، لەڕێگەی ئەم خوێنهێنەرانە خوێنی کەم ئۆکسجین لە بەشی خوارەی لەش کۆدەکرێتەوە و  و بۆ دڵ دەگوازرێتەوە.

ئەو شوێنانەی بۆ خوێن وەرگرتن گونجاو نین

هەرچەندە دەتوانرێت لە  پێیەکان خوێن وەربگیرێت، بەڵام وەرگرتنی خوێن لە پێیەکان لە کاتێکدا گونجاوە ئەگەر خوێنهێنەرەکانی دەست و قۆڵەکان بۆ خوێن وەرگرتن گونجاو نەبوون، واتە پێویستە پێیەکان هەڵبژاردنی کۆتایی بن. خوێن وەرگرتن لەم شوێنە ڕەنگە ببێتە هۆی خوێن مەیین، هەروەها ئەو شوێنانەی تووشی هەوکردن، برینداربوون و سووتاوی بوون نابێت خوێنیان لێ وەربگیرێت، سەری پەنجەکان و ناوەڕاستی پەنجەکان بۆ خوێن وەرگرتن گونجاو نین. خۆت بەدوور بگرە لە بەکارهێنانی ئەو شوێنانەی کەمتر شانەی نەرمیان تێدایە و دەمارەکان زۆر کۆبوونەتەوە یان خوێنهێنەرەکە نزیکە لە ئێسکەوە.


سەرچاوەکان



984 بینین