کتێبی چل

له‌لایه‌ن: - ئێڤین عومەر ئێڤین عومەر - به‌روار: 2022-09-01-22:00:00 - کۆدی بابەت: 10113
کتێبی چل

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چل (بە عەرەبی: أربعون)، کتێبی نووسەر و ڕاگەیاندنکاری دیاری عەرەب ئەحمەد شوقەیرییە، کە باس لە ٤۰ ڕۆژ خەڵوەتی خۆی دەکات لە دوورگەیەک دوور لە خەڵک و دوور لە تەکنەلۆجیا، کە تیایدا هەوڵی داوە بیربکاتەوە لەوەی کە تێپەڕیوە لە ٤۰ ساڵی تەمەنی و سەرجکردنە سەر داهاتوو، ئەم کتێبەشی لەو ٤۰ ڕۆژەدا نووسیوە، کە پوختەی ئەزموونی ٤۰ ساڵی خۆی تیادا دەخاتە ڕوو، بە ٤۰ ڕاز لە هەموو لایەنەکانی ژیانەوە کۆتایی پێ دەهێنێت.

ناسنامەی کتێب

ناوی کتێب چل
نووسەر ئەحمەد شوقەیری
وەرگێڕانی مەودود جەبار
ژمارەی پەڕەکان ٥٦٩ لاپەڕە
چاپ ناوەندی ڕێنوێن
جۆر گەشەپێدانی مرۆیی و یاداشتی کەسی

بۆچی ناونراوە چل؟

چونکە ئەم ژمارەیە زۆر دووبارە بووەتەوە لە قورئانی پیرۆز و ئینجیلدا، باسی ژمارە چل لە زۆربەی ڕووداوە گرنگەکانی پەیوەندیدار بە تاک و کۆمەڵگەوە ڕۆڵی بەرچاوی هەیە وەکوو:

  • تۆفانی پێغەمبەر نوح ٤۰ ڕۆژی تەواو بەردەوام بوو، ئەوەش گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بوو بۆ پاکژکردنەوەی سەرلەبەری زەوی.
  • دیداری پەروەرێن و موسا پێغەمبەر ٤۰ ڕۆژی خایاند.
  • وێڵبوونی نەوەی ئیسرائیل ٤۰ ساڵی خایاند.
  • گۆیا بوزای پیاوچاک ٤۰ ڕۆژ لەژێر دارەکەیدا ماوەتەوە پێش ئەوەی ببێتە بوزا.
  • وەکوو لە فەرموودەدا هاتووە ٤۰ ڕۆژ ئەستۆپاکی کەسێکە لە ئاگر و دووڕووی (٤۰ ڕۆژ بە جەماعەت نوێژ بکات).
  • لە پڕۆسەی دروستبوونی منداڵ لە سکی دایکیدا بە چەند قۆناغێکدا تێدەپەڕێت ماوەی هەر قۆناغێک ٤۰ ڕۆژە.  

بەشەکانی کتێبەکە

ئەم کتێبە لە یازدە بەش پێکدێت:

  1. چل ڕۆژ لەگەڵ (ژیانم)ـدا.
  2. چل ڕۆژ لەگەڵ (قورئانەکەم)ـدا.
  3. چل ڕۆژ لەگەڵ (دەروونی خۆم)ـدا.
  4. چل ڕۆژ لەگەڵ (جوانییەکانم)ـدا.
  5. چل ڕۆژ لەگەڵ (هاوکێشەکانم)ـدا.
  6. چل ڕۆژ لەگەڵ (چیرۆکەکانم)ـدا.
  7. چل ڕۆژ لەگەڵ (خودای خۆم)ـدا.
  8. چل ڕۆژ لەگەڵ (پەرتووکەکانم)ـدا.
  9. چل ڕۆژ لەگەڵ (دانایی خەڵک)ـدا.
  10. چل ڕۆژ لەگەڵ (بیرەوەرییەکانم)ـدا.
  11. چل ڕۆژ لەگەڵ (زانیاری ودانایی خۆم)ـدا.

کورتەیەک لە کتێبەکە

باوکم و پیرۆزی وشە: باوکم لەو جۆرانەیە کە پێی خۆشە هەمیشە لەڕووی داراییەوە دەستی بە منداڵەکانییەوە بێت هەرچەندیش گەورە بووبێتن. هەر لەم سۆنگەیەوە ویستی یارمەتی یەکێک لە خوشکەکانم بدات بۆ کڕینی پارچە زەوییەک و لە دواتردا کردنی بە خانوویەکی جوانکیلە. 
چەند هەفتەیەکی بەسەر برد لە گەڕان بەشوێن زەوییەکی گونجاودا، لە کۆتاییدا دڵی لەسەر زەوییەک دامەزرا، پەیوەندی بە خاوەن زەوییەکەوە کرد، ئیتر یەکتربینین و ڕێککەوتن لەسەر زەوییەکە تا گەیشتنە:
- ئەوە من فرۆشتم
- ئەوە منیش کڕیم 
بەڵگەنامەی کڕین و فرۆشتن دەرهێنرا تا وەک نەریتی هەمیشە قەباڵەی ماڵەکە بنووسرێت، بابم گوتی: هیچ پێویست بەوە ناکات، بەرواری دادنووسمان بۆ دانێ با کارەکە یەکسەر ببێت.
کابرا گوتی: واتە تۆ بەبێ نووسینی قەواڵە و بەڵگەنامە دەڕۆیت؟ 
بابم گوتی: بەڵێ من بەڵێنم بەسە.
کابراش بە ڕەزامەندی چوویە دەرێ بەو مەرجەی لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا زەوییەکەی بۆ چۆڵ بکات.
بۆ سبەی خوشکم هاتەوە ماڵێ بە بابمی گوت: وا زەوییەکی زۆر گونجاوم لەم نزیکانە دیتووەتەوە، ڕووبەرەکەی فراوانترە و شوێنەکەیشی دڵڕفێنترە، تکای لێ کرد کە سپێدە زوو بچنە سەری، ڕۆشتن و ژمارەی خاوەن موڵکیان پەیدا کرد و ڕێکەوتن لەسەر کڕینی.
ئێستا گرفتێک دروست بوو: چی لە زەوییەکەی یەکەمجار بکەین؟ ئەوەی کە بە زارەکی کڕیبوویان؟ 
باشتر وایە باوکم پەیوەندی بە خاوەنەکەیەوە بکات و هەروا بەهانەیەکیش داتاشێت و بڵێت ئێمە ئەو زەوییەمان ناوێت.
دەتوانم بڵێم: زۆربەی زۆری ئێمە کە لەوانەیە خۆشم یەکێک بم لەوانە، پەیوەندیمان بکردایە بە خاوەنەکەیەوە و داوای لێبوردنمان لێ بکردایە، بەپێی زیرەکی خۆیشمان بەهانە و پۆزشێکمان بۆ داتاشیایە، لەبەر نەبوونی واژۆمان لە ڕووپەرەکە، بەڵێ لە کۆتاییدا ڕێکەوتنێکی زارەکییە و هیچ ئەرزشێکی نییە، هیچ بەڵگەیەکی لەسەر نییە، هیچ بەرپرسیارێتییەکی یاسایش ناهێنێتە ئەستۆمان.
بەڵام دۆخەکە بۆ باوکم جیاوازە! 
ئەو ڕێز لە قسە دەگرێت، ئەو چۆن نووسینی سەر کاغەز بە گرنگ دەزانێت، ئەوهاش قسەی زارەکی بە گرنگ دەزانێت.
بەڵام باوەڕتان هەبێت زۆرینەی خەڵکی وا نین!
ئەمە تایبەتمەندییەکی سەرنجڕاکێشە کە لە زۆربەی خەڵکیدا بەدی ناکرێت، بەداخەوە بەڵێندان یەکێکە لە ئاسانترین شتەکان لە ئەمڕۆدا کە خەڵکی گرنگی پێ نادەن.
باوکم هەمیشە پێم دەڵێت: مرۆڤی ڕاستگۆ پێویست بە سوێند خواردن ناکات، ئەو کەسەی سوێند دەخوات بۆ هەندێک شت، ئەوە مانای قسەکەی بەبێ سوێند درۆ بێت یاخود درۆ بکات، بەڵام قسەی پیاو سوێندی ناوێ چونکە ڕاست دەکات، بۆیە هەمیشە هەیبەت ببەخشە بە قسەی خۆت لای خەڵکی.

گرنگ ئەوەبوو: باوکم خۆی بەستەوە بە بەڵێنەکەیەوە، زەوی یەکەمیشی کڕی، سەرباری ئەوەی نەشیدەویست و زەوی دووەمیش کە زۆر لەبارتر بوو، بەڵێ ئەو لەبەر ئەوەی بە زار بەڵێنی بە کابرا دابوو زەوییەکەی کڕی.
چەند ڕۆژێک تێپەڕی، خاوەن زەوی یەکەم پەیوەندی بە بابمەوە کردەوە و نرخی زۆر بەرزی لەسەر زەوییەکە دانا، کە شەش مانگ بوو ئەو نرخەی بەخۆیەوە نەبینیبوو، هەر بەڕاستی باوکم زەوییەکەی فرۆشتەوە بە نرخێکی زۆر باش!
فەزڵ و سوپاس هەر بۆ خودایە، ڕۆزی بنیادەم لە شوێنێکەوە دەدات کە هەر بیریشی لێ نەکردووەتەوە، ئەوەتا یاسایەکی گەردوونی داناوە و دەفەرمووێت: {إِنَّا لَا نُضِيعُ أَجْرَ مَنْ أَحْسَنَ عَمَلًا} [الكهف : 30]، بڕوام وایە ئەگەر هۆکارێک هەبێت بۆ چوونە بەهەشتی بابم، ئەوا بریتییە لە تایبەتمەندی ڕێزگرتن لە بەڵێن و ستەم نەکردنە لە خەڵکی.
ئەمە جۆرە خوداپەرستییەکی دەگمەنە لەم ڕۆژەدا، ئومێدەوارم فیردەوسی باڵا جێگەی بابم بێت لەبەر ئەو ئاکارە بەرزانەی.


سەرچاوەکان

667 بینین