زانکۆی پرینستۆن

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-09-22:00:00 - کۆدی بابەت: 10599
زانکۆی پرینستۆن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

زانکۆی پرینستۆن (بە ئینگلیزی: Princeton University)، زانکۆیەکی تایبەتی توێژینەوەی ئایڤی لیگە لە شاری پرینستۆن لە ویلایەتی نیوجێرسی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان. ئەم زانکۆیە چوارەم کۆنترین کۆلێجی ئەمریکایە، کریستۆفەر ئایسگروبەر، بیستەم سەرۆک و سەرۆکی ئێستای زانکۆی پرینستۆنە کە لە ساڵی ٢٠١٣ـدا لەلایەن دەستەی ئەمینداری زانکۆکەوە دەستنیشانکرا. ژمارەی خوێندکارانی زانکۆکە نزیکەی ٨٫٥٠٠ خوێندکارە و ڕووبەری کەمپی سەرەکی زانکۆی پرینستۆن ٢٫٤ کیلۆمەتر دووجایە.

هەروەها پرینستۆن دامەزراوەیەکی سەربەخۆ، تێکەڵ و نائایینییە کە خوێندنی بەکالۆریۆس و دکتۆرا لە بوارەکانی هونەر، زانستە مرۆڤایەتییەکان، زانستە کۆمەڵایەتییەکان، زانستە سروشتییەکان و ئەندازیاری دابین دەکات. بڕوانامەی پا‌ش‌بەکالۆر (پلەی خوێندنی باڵا) لە ڕێگەی سکوڵی پرینستۆن بۆ کاروباری گشتی و نێودەوڵەتی، سکوڵی ئەندازیاری و زانستی کارپێکەری، سکوڵی تەلارسازی و سەنتەری بێندهایم بۆ دارایی پێشکەش دەکات. هەروەها زانکۆکە بەشی وزەی تاقیگەی فیزیای پلازمای پرینستۆن بەڕێوەدەبات و شوێنی تاقیگەی داینامیکی شلەی جیۆفیزیکیی (NOAA)ـیە. لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی یەکێک لە گەورەترین کتێبخانەکانی زانکۆیە لە جیهاندا.

مێژووی زانکۆکە

پرینستۆن لە ساڵی ١٧٤٦ـدا لە شاری ئەلیزابێس وەک کۆلێجی نیوجێرسی دامەزراوە، چوارەم کۆنترین دامەزراوەی خوێندنی باڵایە لە ئەمریکا و یەکێکە لە نۆ کۆلێجە کۆلۆنیالییەکەی کە پێش شۆڕشی ئەمریکا بەفەرمی دامەزراندنیان ڕاگەیەندرا. ئەم کۆلێجە لە ساڵی ١٧٤٧ـدا گواسترایەوە بۆ نیوارک، پاشان دوای نۆ ساڵ بۆ ئەم شوێنەی ئێستای گواسترایەوە. لە ساڵی ١٨٩٦ـدا بەفەرمی بوو بە زانکۆ و دواتر ناوی زانکۆی پرینستۆنی لێنرا. زانکۆکە لە سەردەمی کۆلۆنیالییەکانەوە تا سەدەی بیست و یەک لەلایەن ٢٠ سەرۆکەوە بەڕێوەبراوە.

بەشەکانی زانکۆکە

زانکۆی پرینستۆن کۆمەڵێک بەشی تێدایە، ئەوانیش بریتین لە:

  • مێژوو
  • کیمیا
  • زانستی کۆمپیوتەر
  • فیزیا
  • نیۆرۆساینس (زانستێکە کە سەروکاری لەگەڵ پێکهاتە و چۆنیەتی کارکردنی مێشک و دەزگای دەماری‌یە)
  • ئەندازیاری فڕۆکەوانی
  • دەروونزانی
  • فەلسەفە
  • زانستی مرۆڤناسی
  • دارایی
  • ئەندازیاری
  • تەلارسازی
  • ئەندازیاری کارەبایی و کۆمپیوتەر
  • ئەندازیاری ژینگەیی
  • کۆمەڵناسی
  • بایۆفیزیا
  • بایۆلۆجی

دارایی

بەپێی ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢١، تەرخانەی زانکۆی پرینستۆن ٣٧٫٧ ملیار دۆلارە و بە چوارەم زۆرترین تەرخانەی وڵاتی ئەمریکا ڕیزبەندی کرا، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین تەرخانەی بۆ هەر خوێندکارێک زیاتر لە ٤٫٤ ملیۆن دۆلار بوو و تەرخانەکە لەلایەن ڕاوێژکارانی وەبەرهێنانەوە پارێزگاری لێ دەکرێت. بودجەی کارکردنی ساڵانەی زانکۆکە زیاتر لە دوو ملیار دۆلارە، ٥٠٪ـی ئەم بودجە بۆ بەشە ئەکادیمییەکان و پرۆگرامەکان، ٣٣٪ـی بۆ بەشی کارگێڕی و خزمەتگوزاری خوێندکاران، ١٠٪ـی بۆ بەشی یارمەتی دارایی و ٧٪ـی بۆ تاقیگەی فیزیای پلازمای پرینستۆنه.


سەرچاوەکان



163 بینین