شێرپەنجەی پڕۆستات

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-12-13-01:34:00 - کۆدی بابەت: 10637
شێرپەنجەی پڕۆستات

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شێرپەنجەی پڕۆستات (بە ئینگلیزی:prostate cancer، بە عەرەبی: سرطان البروستات) بریتییە لەو شێرپەنجەیەی لە پڕۆستاتدا ڕوودەدات. پڕۆستات ڕژێنێکی بچووکە لە شێوەی گوێزدا، کە شلەی تۆواو لە ڕەگەزی نێردا بەرهەم دەهێنێت. شێرپەنجەی پڕۆستات یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی شێرپەنجە. زۆرێک لە جۆرەکانی شێرپەنجەی پڕۆستات بەهێواشی گەشە دەکەن و ڕەنگە زیانێکی گەورە نەگەیەنن، و هەندێکی تریان پێویستیان بە چارەسەرەرێکی کەم یان ڕەنگە پێویستیان بە چارەسەر نەبێت، لە کاتێکدا هەندێکیان مەترسیدارن و بەخێرایی بڵاودەبنەوە.

هۆکاری شێرپەنجەی پڕۆستات

بە تەواوی ڕوون نییە کە چی دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم شێرپەنجەیە، شێرپەنجەی پڕۆستات کاتێک کە خانەکان لەناو ڕژێنی پڕۆستاتدا گۆڕانکاری لە ناوکە ترشی DNA یەکەیاندا دەکەن ڕوودەدات. ناوکە ترشی DNA زانیاری بە خانەکان دەدات کە چۆن فرمانەکانیان ئەنجام بدەن. کاتێک گۆڕانکاری بەسەر ئەم ناوکە ترشەدا ڕوودەدات خانەکان لە ئاستی ئاسایی خۆیان زیاتر گەشە دەکەن و دابەش دەبن. ئەم خانە نائاسایییانە کۆدەبنەوە و لوو پێکدەهێنن، دواتر شانەکانی نزیک داگیر دەکەن لەم کاتەدا خانە نائاسایییەکان دەتوانن بڵاو ببنەوە بۆ بەشەکانی تری جەستە.

ئەو هۆکارانەی ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات زیاد دەکەن

  • تەمەن: ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات لە دوای تەمەنی ٥٠ ساڵی زیاد دەکات.
  • ڕەگەز: هۆکاری ئەمە ناڕوونە، بەڵام کەسانی ڕەش پێست ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات زیاترە بە بەراورد بە ڕەگەزەکانی تر.
  • مێژووی خێزانی: ئەو کەسانەی لە خێزانەکەیاندا شێرپەنجەی پڕۆستات هەیە، ئەگەری تووشبوونیان بەم شێرپەنجەیە زیاترە. هەروەها ئەگەر لە مێژووی خێزانیدا ئەو جینانە هەبێت کە ئەگەری شێرپەنجەی مەمک زیاد دەکات یان هەبوونی شێرپەنجەی مەمک ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات زیاد دەکات.
  • قەڵەوی: ئەو کەسانەی کێشی لەشیان لە کێشی ئاسایی زیاترە ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پڕۆستات بە بەراورد بەو کەسانەی کێشێکی تەندروستیان هەیە زیاترە.

خۆپاراستن

  • زۆر خواردنی مێوە و سەوزە: میوە و سەوزەکان ڤیتامینی زۆریان تێدایە دەبنە هۆی ئەوەی جەستە بە تەندروستی بمێنێتەوە.

  • وەرزش کردن: ڕاهێنان کردن و وەرزش کردن بۆ هێشتنەوەی کێشی جەستە گرنگن، هەوڵبدە زۆرترین ڕۆژەکانی هەفتە ڕاهێنان بکەیت. ئەگەر پێشتر ڕاهێنانت ئەنجام نە دابێت، سەرەتا بە چەند کاتژمێرێکی کەم دەست پێ بکە و دواتر بەپێی کات زیادی بکە.

  • بوەستە لە جگەرەکێشان و خواردنەوەی ماددە کهولییەکان: کەمکردنەوەی جگەرەکێشان و ماددە کهولییەکان لە چەندین لایەنەوە سوودیان بۆ تەندروستی هەیە، یەکێک لەوانە کەمکردنەوەی ئەگەری تووشبوونە بە شێرپەنجە.

  • زیادکردنی ڕێژەی ڤیتامین D: ڤیتامین D سوودی لە پارێزگاری بەرامبەر شێرپەنجەی پڕۆستات و حاڵەتەکانی تردا هەیە. دە خولەک لە ڕۆژێکدا چوونە بەردەم خۆر بەسوودە لە وەرگرتنی ڤیتامین D. هەندێک پزیشک پێشنیازی وەرگرتنی ڤیتامین D بەشێوەی دەرمان دەکەن، بەڵام پێویستە گفتوگۆ لەگەڵ پزیشک بکرێت بەبێ ئاگاداری پزیشک نابێت هیچ ڤیتامینێک بەکاربهێنرێت.

دەستنیشانکردن

سەرەتا پزیشک پرسیاری نیشانەکان لە نەخۆشەکە دەکات هەروەها دەربارەی مێژووی خێزانی کە ئەم نەخۆشییە پێشتر لە خێزانەکەیاندا هەبووە یان نا.

پشکنینی دژەپەیداکەری پڕۆستات

دژەپەیداکەرەکانی پڕۆستات پڕۆتینن لەلایەن خانەکانی ڕژێنی پڕۆستات لە خانە ئاساییەکان و خانە تووشبووەکان بە شێرپەنجەشدا دروست دەکرێن، بەزۆری لە شلەی تۆواودا هەیە، بەڵام لە خوێنیشدا دەبینرێت.

پشکنینی خوێنی دژەپەیداکەری پڕۆستات (PSA test) بۆ ئەو کەسانەی نیشانەیان نییە، بەڵام گومانی شێرپەنجەی پڕۆستاتیان لێ دەکرێت و بۆ ئەو کەسانەش کە نیشانەیان هەیە ئەنجام دەدرێت. ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی پڕۆستات لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی ئەم پشکنینە زیاد دەکات.

هەروەها ئەم پشکنینە دەکرێت لە دوای دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی پڕۆستان لە دەستنیشانکردنی قۆناغەکاندا سوودی هەبێت.

هەروەها لە کاتی وەرگرتنی چارەسەرەکاندا سوودی هەیە، دەکرێت بۆ چاودێریکردنی کاریگەری دەرمانەکان بەکاربهێنرێت.

وەرگرتنی نموونە لە ڕژێنی پڕۆستات

نموونەیەک یان چەند نموونەیەک لە ڕژێنی پڕۆستات لەلایەن پزیشک وەردەگیرێت، دواتر دەنێردرێت بۆ تاقیگە لەژێر مایکرۆسکۆپدا پشکنین بۆ خانە شێرپەنجەییەکان دەکرێت.


سەرچاوەکان



417 بینین