پشکنینی RPR

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2023-01-15-17:29:00 - کۆدی بابەت: 10908
پشکنینی RPR

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی RPR (بە ئینگلیزی: Rapid plasma reagin or RPR test) بریتییە لە پشکنینی خوێن بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشیی فەرەنگی یان سیفلیس بەکاردێت. ئەم پشکنینە لە ڕێگەی دیاریکردنی دژەتەنێک کە لەش دژی هەوکردن دروستی دەکات، بریتییە لە دژەتەنی ڕەیگن (reagin) نەخۆشییەکە دەستنیشان دەکات. سیفلیس یەکێکە لە نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان، هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشییەکە بریتییە لە بەکتریای تریپۆونیما پاڵیدم (Treponema pallidum). دەکرێت ئەم نەخۆشییە ببێتە هۆی مردن ئەگەر چارەسەر نەکرێت. ئەم پشکنینە لە پشتڕاستکردنەوەی هەوکردنەکە و دەستنیشانکردنی چارەسەرەکاندا یارمەتی پزیشکەکان دەدات. ئەمەش لە کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە یارمەتیدەر دەبێت. پزیشک لەبەر چەند هۆکارێک داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە دەکات، یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لەوەی ئەم پشکنینە پشکنینێکی خێرایە، لە کاتی دروستبوونی برینی تایبەت بە نەخۆشیی سیفلیس پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینەکە دەکات، هەروەها لە کاتی دووگیانیشدا و بۆ چاودێریکردنی کاریگەری چارەسەرەکان لەسەر نەخۆشەکانیش ئەنجام دەدرێت.

ئەم پشکنینە لەجیاتی بەکتریاکە کە بووەتە هۆی نەخۆشییەکە، دروستبوونی دژەتەن (antibody) لە خوێنی کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی سیفیلس دیاری دەکات.

لە نەخۆشیی سیفیلس دوو جۆر دژەتەن دروست دەبێت. دژەتەنەکان دوو بۆ سێ هەفتە لەدوای تووشبوون بە هەوکردنەکە دروست دەبن، بەڵام ئەو دژەتەنانەی لەم پشکنینەدا دەستنیشان دەکرێت، دژەتەنەکانی تایبەت بەم بەکتریایە نین. بەڵکوو دژەتەنن دژی ئەو ماددەیەی لەلایەن خانەکانەوە دوای تێکشکاندنیان بەهۆی بەکتریای تریپۆونیما پاڵیدم دەردەکرێت. ئەم پشکنینە ناتوانرێت لەڕێگەی شلەی دڕکەپەتک ئەنجام بدرێت، بەڵکوو لە ڕێگەی سیڕەم یان پلازما ئەنجام دەدرێت.

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە بە ڕێگەی خێرا و لەڕێگەی کارتەوە

  • ئەم پشکنینە لە ڕێگەی کارتێکی بچووکەوە کە لە چەند بازنەیەک پێکهاتووە ئەنجام دەدرێت. سەرەتا ٥٠ مایکرۆلیتر لە سیڕەم لەسەر یەکێک لە بازنەکان دادەنرێت.
  • سیڕەمەکە کەمێک بڵاودەکرێتەوە
  • دواتر چەند دڵۆپێک نزیکی ١٧ مایکرۆلیتر گیراوەی تایبەت بە پشکنینەکە کە لە دژەپەیداکەر (antigen) ی تایبەت بە بەکتریاکە پێکهاتووە بۆ سەر کارتەکە زیاد دەکرێت.
  • سیڕەم و گیراوەکە لەسەر کارتەکە تێکەڵ دەکرێت.
  • دواتر بۆ ماوەی چوار بۆ هەشت خولەک کارتەکە بەشێوەیەکی بازنەیی دەجوڵێنرێت و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکرێت.

خۆئامادەکردن

پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە ڕەنگە پێویست بە نەخواردنی هەندێک دەرمان و خواردن بکات، پزیشک هەندێک ڕێنمایی لەم جۆرە بە نەخۆش دەدات.

ئەنجام

  • ئەم پشکنینە کاتێک ئەرێنی دەبێت، کە دوای جووڵاندنی کارتەکە نیشتوویەکی ڕەش لەسەر کارتەکە دروست دەبێت. ئەمەش واتە کەسەکە دژەتەنی سیفلیس لە خوێنیدا هەیە و تووشبووی نەخۆشیی سیفلیسە.
  • کاتێک هیچ نیشتوویەکی ڕەش لەسەر کارتەکە دروست نابێت، پشکنینەکە نەرێنی دەبێت. واتە کەسەکە تووشبوو نییە بە نەخۆشییەکە یان لە نەخۆشییەکە چاک بۆتەوە .

هەندێک کات هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا دروست دەبێت و ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی دەبێت. ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی ڕوودانی ئەم حاڵەتە بریتین لە:

زۆرجار کاتێک ئەنجامەکان نەرێنی دەبن، دوای چەند هەفتەیەک پزیشک داوای ئەنجامدانی چەند پشکنینێکی تر دەکات تاکوو لە دروستی ئەنجامەکان دڵنیا بێت. هەروەها لە ئەگەری ئەنجامی ئەرێنی هەڵە (False positive result) کاتێک ئەنجامی پشکنینەکە ئەرێنی بێت پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینێکی تر دەکات، کە ئەم پشکنینە تایبەتە بە دژەتەنی بەکتریای تریپۆونیما پاڵیدم.


سەرچاوەکان



321 بینین