چات جی پی تی

له‌لایه‌ن: - مەئوا ئیدریس مەئوا ئیدریس - به‌روار: 2023-02-08-20:41:00 - کۆدی بابەت: 10954
چات جی پی تی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی تەکنەلۆژیادا بابەتی چات بۆتەکان و مۆدێلەکانی زمان* سەرنجی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی ڕاکێشاوە بەتایبەت بەم دواییانە کە Chat GPT دەرکەوتووە.

چات جی پی تی (بە ئینگلیزی: Chat GPT، بە عەرەبی: تشات جي بي تي) کورتکراوەی گۆڕەری پێش-ڕاهێنراوی بەرهەمهێنە (Generative Pre-trained Transformer) مۆدێلێکی زمانە*، هاوشێوەی ئامڕازێکی چات کردن بەکاردێت و لەسەر کۆمەڵە داتایەکی زۆری ئینتەرنێت ڕاهێنراوە. ساڵی ٢٠١٨ کۆمپانیای (OpenAI) کە تایبەتە بە توێژینەوەی زیرەکی دەستکرد، یەکەم نەوەی GPTـی  بڵاوکردەوە و دواتر ٢ نەوەی تری بەدوادا هات کۆتا دانەی لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بوو، هەریەکەیان خاوەنی تایبەتمەندی باشتر لە نەوەی پێش خۆیانن. Chat GPT بۆ دروستکردنی نووسینی هاوشێوەی مرۆڤ داڕێژراوە و دەتوانرێت بۆ چەندین ئەرکی پرۆسێسکردنی زمان وەک وەرگێڕان، کورتکردنەوەی دەق و درووستکردنی گفتوگۆ بەکاربهێنرێت. ئەم چاتە دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە و لە ئەرکەکانی وەک ئامادەکردنی ئیمەیڵ و وتار و تەنانەت لە چارەسەر کردنی کێشەکانی پڕۆگرامسازیدا یارمەتیت بدات. لە ئێستادا بەکارهێنان بەخۆڕایی بۆ هەمووان بەردەستە چونکە لە قۆناغی توێژینەوە و کۆکردنەوەی فیدباکدایە.

Chat GPT چۆن کار دەکات؟

لە ڕووکەشدا تەکنەلۆژیای GPT سادەیە. داواکارییەکان، پرسیارەکانت یان ئامۆژگارییەکانت وەردەگرێت و بە خێرایی وەڵامیان دەداتەوە. بەڵام لەڕاستییدا تەکنەلۆژیای ئەنجامدانی ئەم کارە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی کە بیری لێ دەکەیتەوە. ئەم مۆدێلە بە بەکارهێنانی بنکەی زانیاری دەقی لە ئینتەرنێتەوە ڕاهێنراوە. ئەمەش داتایەکی گەورەی بە قەبارەی ٥٧٠ گێگابایت لەخۆگرتووە کە لە کتێب، ویکیپیدیا، وتار و پارچە نووسینەکانی تر لە ئینتەرنێتدا بەدەست هاتووە. بە جۆرێکی تر دەتوانین بڵێین زیاتر لە ٣٠٠ ملیار وشە خراوەتە ناو سیستمەکەوە. وەک مۆدێلێکی زمان* کار لەسەر ئەگەر دەکات، توانای پێشبینیکردنی هەیە کە وشەی داهاتوو لە ڕستەیەکدا دەبێت چی بێت. بۆ ئەوەی بگاتە دەرئەنجامێک کە بتوانێت ئەم کارە بکات، چاتەکە لە ژێر سەرپەرشتییدا بە قۆناغی تاقیکردنەوەدا تێپەڕیوە. بۆ نموونە کە سەرەتا پرسیاری لێدەکرێت ئەگەری هەیە بەو زانیارییانەی لە بەردەستیدایە بە ڕاستی وەڵام بداتەوە، وە لەکاتێکدا ئەگەر وەڵامەکەی هەڵە بوو، سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە وەڵامە ڕاستەکەی فێردەکەن و زانیارییەکانی بۆ جاری داهاتوو زیاد دەکات. پاشان بە قۆناغی دووەمی هاوشێوەدا تێدەپەڕێت و چەندین وەڵام دەخاتە بەردەست لەگەڵ ئەندامێکی سەرپەرشتیار کە لە باشترینەوە بۆ خراپترین بۆی ڕیزبەندی دەکات بەمەش مۆدێلەکە لەسەر بەراوردکردنەکان ڕادەهێنێت.

ئەوەی ئەم تەکنەلۆژیایە جیا دەکاتەوە بەردەوامبوونییەتی لە فێربوون لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکات کە وشەی داهاتوو دەبێت چی بێت، بەردەوام تێگەیشتنی خۆی بۆ پرسیارەکان باشتر دەکات بۆ ئەوەی لە هەموو شتێک شارەزا بێت.

چەند نموونەیەک لە بەکارهێنانی Chat GPT

سەرەتا دەتوانیت وەکو گەڕانی گووگڵ بیری لێبکەیتەوە. بەڵام تەنها کۆمەڵێک سەرچاوەی زانیاری بەسەر یەکەوە ناخاتە بەردەستت وەک ئەوەی گووگڵ دەیکات. بەڵکو زانیارییەکان بە شێوەیەکی گفتوگۆیی و هاوشێوەی ئەوەی مرۆڤ لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارەکاندا دەیکات دەخاتە ڕوو. جگە لەوەش دەتوانێت وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە بە نزیکەی لە هەر بوارێکدا وەکو زانست، بیرکاری، ئایین، وەرزش، سیاسەت..هتد. نموونەی بەکارهێنان:

  • دروست کردنی پەڕەی زانیاری کەسی (CV)، ئەمە نموونەیەکە بۆ پیشەی مامۆستای ئینگلیزی کە ئەزموون، خوێندن و تواناکانی تێدایە و تۆ دەتوانی تەنها زانیاریەکانی خۆت لە جێیان دابنێیتەوە لە کاتێکدا ئەگەر بەپەلە بوویت بۆ پێشکەشکردنی ئیشێک.

  • سادەکردن و ڕونکردنەوەی بابەتە ئاڵۆزەکان، ئەگەر تۆ خوێندکاریت و لە بابەتێک تێناگەیەت ئەتوانی پرسیار لە Chat GPT بکەیت و بۆت شیدەکاتەوە، تەنانەت پرسیارە قورسەکانی بیرکاریش هەنگاو بە هەنگاو شیکار دەکات. هاوشێوەی وێنەکە کە تیۆری فیساگۆرسی باسکردووە:

  • یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی GPT ئەوەیە کە توانای فێربوون و داهێنانی هەیە، بە پێچەوانەی هەندێک لە چات بۆت یان مۆدێلەکانی تری زمان*. GPT تەنها مامەڵە لەگەڵ چەمکە ڕۆبۆتییە بێ ڕۆحەکاندا ناکات، بەڵکوو شارەزایە لە هەوڵە داهێنەرەکان، لەوانەش نووسینی مۆسیقا و گۆرانی و هۆنراوە. ئەم هۆنراوەی لە وەڵامی (هۆنراوەیەک بنوسە دەربارەی کوردەکان) بەرهەمهێنا:

  • نووسین، چاک کردن و ڕوونکردنەوەی کۆد، تۆ پرۆگرامەرێکی بە ئەزموون بیت یان تازەکار بە دڵنیاییەوە جار جارە تووشی چەند هەڵەیەک لە کۆدەکەتدا دەبیت. ChatGPT دەتوانێت یارمەتیت بدات کێشەکە لەناو کۆدەکەتدا بدۆزیتەوە، چەندین کاتژمێرت بۆ دەگەڕێنێتەوە لە گەڕان بەدوای کۆمایەکی هەڵەدا. هەروەها دەتوانێت کۆدەکان ڕوون بکاتەوە. نمونەیەک لە هاوکاری نووسینی کۆد لە جاڤاسکریپتدا:

  • وەڵامدانەوەی ئیمەیڵ، دەتوانرێت ChatGPT بەکاربهێنرێت بۆ دروستکردنی وەڵامی کەسی و سەرنجڕاکێش بۆ ئیمەیڵەکان، ئەمەش کات دەگەڕێنێتەوە و دڵنیابوونە لەوەی کە پەیامە گرنگەکان بە خێرایی و پیشەییانە وەڵام دەدرێنەوە. بۆ نموونە دەتوانیت لە ChatGPT بپرسیت “ڕێگایەکی پیشەیی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم داواکارییە ئیمەیڵە چییە؟" و ئەو ئیمەیڵەی مەبەستتە دایبنێیت.

خاڵە لاوازەکانی Chat GPT

وەک مۆدێلێکی زمان* لاوازی سەرەکی ChatGPT ئەوەیە کە لەسەر بنەمای ئەو نەخش و ئەگەرانە دامەزراوە کە لە داتاکان فێری بووە و لەسەری ڕاهێنراوە. لەوانەیە نەتوانێت لە هەندێک زانیاری تێبگات و وەڵامی بداتەوە کە لە دەرەوەی داتاکانی ڕاهێنانەکانین، توانای هەستکردن یان تێگەیشتنی نییە لەو زەمینە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەی کە دەقێک تێیدا دەنووسرێت، بۆیە ناتوانێت دیاری بکات کە دەقێک شیاوە یان نا، چی باشە و چی خراپە و هتد.  هەروەها لەوانەیە وەڵامی هەڵە یان لایەنگری بەرهەم بهێنێت بەهۆی ئەو لایەنگرییەی کە لە داتاکاندا هەیە. لاوازییەکی تری ئەوەیە کە دەکرێت کێشەیەکی زۆری هەبێت بۆ تێگەیشتن لە ناوەڕۆک و وەڵامی نالۆژیکی یان ناپەیوەندیدار دروست بکات. ڕەنگە شکست بهێنێت لە تێگەیشتن لە گاڵتە و دەستەواژەکانی ناو زمان. ناتوانێت دەستی بە ئینتەرنێت بگات ئەو کاتەی پرسیاری لێدەکەیت و تەنها داتاکانی کە لە کۆتا وەشاندا بۆی زیادکراوە بەکاردەهێنێت. لە توانایدا نییە شوێنی جوگرافی دیاری بکات لە حاڵەتێکدا ئەگەر داوای لێبکەی ئاڕاستەی ماڵەوەت نیشان بدات. یەکێکی تر لە لاوازییەکانی ئەوەیە جگە لە دەق و نووسین توانای وەرگرتنی هیچ ئینپوتێکی دیکەی نییە.

ئایا مۆدێلەکانی زمان* دەتوانن جێگەی مرۆڤ بگرنەوە لە ئیش و کاردا؟

گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە بەکارهێنانی مۆدێلی زمانی* وەک ChatGPT دەتوانێت یارمەتی خوودکارانەکردنی ئەرکە دووبارەبووەکان بدات، بەڵام مەبەست لێی جێگرتنەوەی زیرەکی مرۆڤ نییە. پێدەچێت سەرکەوتووترین حاڵەتەکانی بەکارهێنان بۆ مۆدێلەکە ئەوانە بن کە بۆ یارمەتیدانی خەڵک بەکاردەهێنرێت، نەک بۆ جێگرەوەیان.

لە هەندێک پیشەسازیدا، وەک خزمەتگوزاری کڕیار یان داخڵکردنی داتا، چاتبۆتەکان دەتوانن ئەرکە دووبارەبووەکان و ڕۆتینییەکان جێبەجێ بکەن، ئەمەش ڕێگە بە کارمەندانی مرۆڤ دەدات سەرنجیان لەسەر ئەرکە ئاڵۆزتر و داهێنەرەکان بێت. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین هێشتا کۆمەڵێک تایبەتمەندی هەیە کە زیرەکی دەستکرد و بە تایبەتیش مۆدێلەکانی زمان خاوەنی نین و زیادکردنی ئەو تایبەتمەندییانەش پێدەچێت بڕێکی زۆر لە ڕاهێنان و کاتی پێویست بێت کەواتە لە ئێستادا تەنها تاقیان بکەرەوە و چێژ یان سوود لە ئەزموونەکە وەربگرە.

شایەنی باسە زۆرێک لە زانیارییەکانی ئەم نووسینە لە خوودی Chat GPTـەوە وەرگیراوە و تۆش دەتوانیت لە ئێستاوە بەکاریبێنیت و زانیارییەکانت ئاسانتر دەست بکەوێت لەم لینکەوە https://chat.openai.com/chat

*مۆدێلی زمان ئامرازێکی ئامارە بۆ پێشبینیکردنی وشەی دواتر لە دەقێکدا.


سەرچاوەکان



1078 بینین