سوودەکانی باوەش

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2023-10-28-20:38:00 - کۆدی بابەت: 11548
سوودەکانی باوەش

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باوەش (بە ئینگلیزی: Hug، بە عەرەبی: حضن)، ڕێگەیەکە بۆ دەربڕینی خۆشەویستی مرۆڤەکان کە لە نێوان دوو کەس یان زیاتر بەکاردێت و دەست دەکەنە مل، پشت، کەمەر و شانی یەکتری و نزیکی یەکتر دەبنەوە و ئاڵووگۆڕی هەستەکان و تامەزرۆییان دەکەن. 

سوودەکانی باوەش

١- کەمکردنەوەی کێشەکانی نێوان هاوسەرەمان
لێکۆڵینەوەکان دەریان خستووە کە لەباوەشکردن دەتوانێت شەڕی نێوان هاوسەرەمان کەم بکاتەوە، ئەو هاوسەرانەی کە لە هەمان ڕۆژی شەڕکردنیان یەکتری لەباوەش دەکەن شەڕەکەیان کاریگەری نەرێنی کەمتری لەسەر دەروونیان دەبێت. 
٢- دروستکردنی پەیوەندی بەهێزتر 
لەباوەشکردن وادەکات کەسەکان هەست بە نزیکی زیاتر بکەن. باوەشکردن دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین لە لەشدا و بەرزبوونەوەی ڕێژەکەی ئەمەش هەستی پەیوەستی و وەفاداری بۆ بەرانبەرەکە زیاد دەکات.
 ٣- کەمکردنەوەی فشار بە باوەش
ئەو کاتانەی کە بێتاقەتیت یان فشارت لەسەرە باوەش ئارامیت پێ دەدات، بەڕای زانایان پشتگیریکردنی کەسەکان بە باوەشکردن دەتوانێت فشاری دەروونی و نائارامی لێ دوور بخاتەوە. ئەگەر یەکێک لە کەسە نزیکەکانت دووچاری کێشە و ناخۆشی بوو لەباوەشی بکە، باوەشکردن سیستمی دەماری پاراسامپاتیک باشتر دەکات و هەستی پارێزراوی و متمانە بەخۆبوون زیاد دەکات.

٤- کەمکردنەوەی ئازار و نەخۆشی
باوەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشار و کەمبوونەوەی فشاریش دەتوانێت سوودی لە پاراستنی تەندروستیدا هەبێت، تاقیکردنەوەیەک کە لەسەر ٤٠٠ بەتەمەن ئەنجامدراوە دەریخستووە کە لەباوەشکردن دەتوانێت ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی کەم بکاتەوە. 
 ٥- کاریگەری لەسەر درەنگ پیربوون هەیە
لەباوەشکردن بەهۆی کاریگەری لەسەر ئەو هۆرمۆنانەی پەیوەندییان بە هەستە باشەکانەوە هەیە، تایبەتمەندی دژە پیری هەیە. 
٦- زیادبوونی چالاکی بە باوەش
باوەشکردن دەتوانێت ڕێژەی دەردانی هۆڕمۆنی سرۆتۆنین لە مێشکدا زیاد بکات و ببێتە هۆی زیادبوونی وزە و چالاکی. ئەو کەسانەی خەمۆکیان هەیە و تەنهان ڕێژەی هۆڕمۆنی سرۆتۆنین لە لەشیاندا کەم دەبێتەوە. 

٧- یارمەتی تەندروستی دڵ دەدات
لە تاقیکردنەوەیەکدا کە توێژەران لەسەر ٢٠٠ بەتەمەن ئەنجامیان داوە، گرووپێک لە بەشداربووەکان بۆماوەی دە خولەک دەستی یەکتریان گرتووە و بۆماوەی ٢٠ چرکە باوەشیان کردووە بەیەکدا، بەڵام گرووپەکەی دیکە تەنیا لەلای یەکەوە دانیشتوون. لە گرووپی یەکەمدا دابەزینی فشاری خوێن و لێدانی دڵ بەشێوەیەکی دیار دەبینرا، بەو ئەنجامە گەیشتن کە پەیوەندی پڕ خۆشەویستی و دەستلێدان و باوەش بۆ سەلامەتی دڵ بەسوودە.
٨- کەمکردنەوەی ئازاری سووڕی مانگانە لە ئەفرەتاندا
باوەشکردنی ئافرەتان لە ماوەی سووڕی مانگانەدا دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ئازارەکەیان.
٩- باشترکردنی خەو
دەستکەوتی توێژەرەکان ئەوەی نیشانداوە کە باوەشکردن دەتوانێت یارمەتی باشترکردنی خەو بدات، ئەوەش دووبارە لەڕێگای هۆڕمۆنی ئەکسیتۆسینەوە کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری ناکاتە سەر خەوتن، بەڵام بە کەمکردنەوەی فشار یارمەتی خەوێکی باشتر دەدات.

١٠- یارمەتی سەلامەتی دەروونی منداڵەکان دەدات
هەندێک لە دایکان و باوکان پێیان وایە کە لەباوەشکردنی منداڵ، وادەکات منداڵ بەناز ببێت و داوای باوەش بکات بەڵام لە ڕوانگەی دەروونناسانەوە لەباوەشکردن یەکێکە لە پێویستییەکانی منداڵ. ئەو منداڵانەی کە لە باوەش و سۆزی دایک و باوکیان دوورن زیاتر تووشی شەرمنی، بێ متمانەیی و بەدگومانی دەبن لە گەورەییدا.  

خۆت لەباوەش بکە

بە لەباوەشکردنی خۆت  دەتوانیت هەستی ئازار و فشار و ڕاڕایی کەم بکەیتەوە، کاتێک خۆت خۆت لەباوەش دەکەیت هەمان ئەو کاردانەوە بایۆلۆژیانە ڕوو دەدەن کە لەکاتی باوەشکردنی کەسێکی تر ڕوو دەدەن.


سەرچاوەکان



651 بینین