ئالان پینکرتن

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-02-03-17:13:00 - کۆدی بابەت: 11927
ئالان پینکرتن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئالان پینکرتن (بە عەرەبی: آلان بینکرتون، بە ئینگلیزی: Allan Pinkerton) پۆلیسێکی بە ڕەچەڵەک سکۆتلەندی بووە، دامەزرێنەری دەزگای هەواڵگری و پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی (پینکرتن) بووە. لە ٢١ی ئابی ١٨١٩ لە دایکبووە و لە بەرواری ١ی تەمووزی ١٨٨٤ کۆچی دوایی کردووە. ئالان پینکرتن بەوە دەناسرێت کە یەکەم هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا (ئەبراهام لینکۆڵن)ی لە ساڵی ١٨٦١ شکست پێهێناوە.

زانیارییە گشتییەکان

ناو ئالان پینکرتن
لەدایکبوون ٢١ی ئابی ١٨١٩
شوێن گلاسکۆو - شانشینە یەکگرتووەکان
مردن ١ی تەمووزی ١٨٨٤
شوێن ئیلینۆیس - ویلایەتی شیکاگۆ - ئەمریکا.
تەمەن ٦٤ ساڵ.
شوێنی گۆڕ گۆڕستانی گرەیسلاند - لە ویلایەتی شیکاگۆ.
پیشە پۆلیس، هەواڵگر، سیخوڕ، لێکۆڵەر
هاوژین جان کارفرەی 
منداڵ خاوەنی سێ منداڵ بووە.

سەرەتای ژیان

ئالان، لە ٢١ی ئابی ١٨١٩ لە گۆربالس لە دەوروبەری شاری گلاسکۆو لە شانشینە یەکگرتووەکان لە دایکبووە. دووەم کوڕی خێزانەکەی بووە کە بە زیندوویی مابێتەوە. دایکی ناوی ئیۆبێل ماککوین و باوکیشی ناوی ویلیەم پینکرتنە. لە بەرواری ٢٥ی ئابی هەمان ساڵدا، ئالان وەکو پەیڕەوێکی باپتیسیزم لە کڵێسا پیرۆزکراوە.

ئالان، منداڵیی بە شێوەیەکی سەخت بەڕێ کردووە دوای ئەوەی لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات، ناچار دەبێت قوتابخانە جێ بهێڵێت و خۆی پەروەردەی خودی خۆی بکات لە ڕێگەی کتێب خوێندنەوە. کاتێک گەنج بوو یەکێک بووە لە چالاکوانە گرنگەکانی ڕێکخراوە خێرخوازییەکانی شارەکەیان و لە زۆر چالاکی خێرخوازیدا ڕۆڵی بینیوە. سەبارەت بە پەیڕەوی ئایین، بە ویستی خۆی ئاتیست بوون "بێ ئایین"ی هەڵبژاردووە، بەڵام هەمیشە هاوکاری کڵێسا و پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکانی لە کاری خێرخوازیدا کردووە. 

ئالان پینکرتن، لە ساڵی ١٨٤٢ بۆ ئەمریکا کۆچی کرد. لە ساتی گەیشتنی تاوەکو ١٨٤٣ لە ناوچەی دوندی تاونشیپ لە ئیلینۆیسی شیکاگۆ نزیک ڕووباری فۆکس کابینەیەکی دروست کرد و بە داربڕین و فرۆشتنەوەیان بژێوی ژیانی خۆی دابین دەکرد. هەروەها داهاتەکەی بۆ هاوژین و منداڵەکانی دەنارد کە لە ئیلینۆیس دەمانەوە. لە سەرەتای ساڵی ١٨٤٤ بۆ پۆلیسەکانی هەڵوەشێنەرەوەی کارە بازرگانی و گرێبەستەکان کاری دەکرد.

پۆلیسی لێکۆڵینڤان

ئالان پینکرتن، خولیایەکی زۆری هەبوو بۆ کاری لێکۆڵینەوە لە کەیسی تاوانکاری و بە سزا گەیاندنی تاوانباران، لەو کابینەی کاری داربڕینی تێدا دەکرد توانی چەند تاوانکارێک دەستگیربکات و ڕادەستی شێریفی ئەو ناوچەیە بکات، بەم جۆرە ئالان بووە جێگەی سەرنجی یاسا، لە ساڵی ١٨٤٩ پلەی پۆلیسی لێکۆڵینڤانی پێ بەخشرا و لە ویلایەتی شیکاگۆ و ناوچەی کووک کۆونتی لە شاری ئیلینۆیس دەست بە کار بوو.

دامەزراندنی دەزگای پینکرتن

ساڵی ١٨٥٠ ئالان و پارێزەرێکی ویلایەتی شیکاگۆ بەناوی ئێدوارد ڕەکەر، یەکتریان بینی و باسیان لە دروستکردنی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت کردووە، کە ئەرکی ئەم کۆمپانیایە یارمەتیدانی حکوومەتی ئەمریکا بوو لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی تەواوی ئەمریکا و بە سزا گەیاندنی تاوانباران و سەقامگیرکردنی ڕێگەکانی هاتووچۆی هاوڵاتیان لە شەواندا تا هەموو کەس بە ئارامی و ئاسوودەیی گەشت بکەن. ناوی دەزگاکە لە سەرەتادا North-Western Police Agency بوو کە لە دواتردا بە Pinkerton & Co ناوی دەرکرد و لە کۆتاییشدا بە Pinkerton National Detective Agency ناسێنرا کە تا ئەم سەردەمە بوونی ماوە، کە لە ساڵی ١٩٩٩ بەدواوە بووە بە بەشێک لە دەزگای هەواڵگری Securitas ABی سویدی. 

ئەرکی ئەم دەزگایە بەشێوەیەکی گشتی، چاودێری هێڵی ئاسنین و دزی کردن لە شەمەندەفەرەکان، چاودێری ڕێگاکانی هاتووچۆ، دەستگیرکردنی لە یاسا دەرچووان، پاراستنی ئاسایشی سنوورەکان، پاراستنی ئاسایشی شارۆچکە دوورەکان لە سەنتری شارەکانەوە. 

جەنگی ناوخۆیی ئەمریکا

لە ماوەی جەنگی ناوخۆیی ئەمریکادا کە لە نێوان ١٨٦١-١٨٦٥ ڕوویداوە، ئالان پینکرتن، ڕۆڵی سەرمەشقی سیخوڕەکانی شانزەیەمین سەرۆکی ئەمریکا "ئەبراهام لینکۆڵن"ی بینیوە و لە ڕێگەی تۆڕێکی فراوانی هەواڵگری و سیخوڕییەوە زانیارییەکانی دوژمنی گواستووەتەوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا. هەروەها توانی هەوڵێکی کوشتنی سەرۆکی ئەمریکا شکست پێ بهێنێت لە ڕێگەی تۆڕە سیخوڕییەکەیەوە.

تۆڕی سیخوڕەکانی پینکرتن، مەترسی گەورە بوون بۆ سەر ئامانجەکان چونکە لەناو خودی ئامانجەکان زانیارییان بە دەست دەگەیشت نەوەکو خۆیان بڕۆنە ناویان و زانیاری کۆبکەنەوە، بەواتایەکی تر سوودیان لە "خیانەتکاران"ی ناو ئەو هێز و لایەنە وەردەگرت کە دەیانویست زانیاری لێ وەربگرن. بەڵگەش بۆ ئەوە وتارەکەی ئالان پینکرتنە لە ڕۆژنامەی "بەلتیمۆر" کە تیایدا ئاماژەی بەوە داوە.

"بۆ ئەوەی لە یاسا دەرچووان نەهێڵین و کۆتایی بە دەستە چەتەکان بهێنین، کاتێکی زۆر دەخایەنێت، بەڵام گەر لە ناو خۆیاندا خیانەتکار بە کرێ بگرین بە ئاسانی دەگەینە ئامانجەکەمان".

ژیانی تایبەت

ئالان پینکرتن، لە ساڵی ١٨٢٢ هاوسەرگیری کردووە و تا مردنی بەیەکەوە ماونەتەوە. خاوەنی سێ منداڵ بوون. هاوژینەکەی ئالان، گۆرانی بێژ بووە و لە دودینگستۆنی گلاسکۆو کاری دەکرد و هەر لەوێ چاوی بە ئالان کەوتووە و بڕیاری ژیانی هاوسەرگیریان بە یەکتر داوە.

مردن

لە تەمەنی ٦٤ ساڵیدا و لە بەرواری ١ی تەمووزی ١٨٨٤ بە هۆکاری نەخۆشی گەنگرین کۆچی دوایی کرد. هەندێک سەرچاوە بەتایبەتی ڕۆژنامەی بەلتیمۆر ئاماژەی بەوەداوە کە بە سەکتەی دڵ کۆچی دوایی کردووە، بە شێوەیەکی گشتی هۆکاری مردنەکەی وەک مەتەڵێک ماوەتەوە، چونکە کەسێکی گرنگ و نهێنی دەوڵەت بووە بۆیە مردنەکەی شاردراوەتەوە. هەندێک دەڵێن ڕێی تێدەچێت کە کوژرا بێت چونکە لە ساڵانی کۆتایی ژیانیدا ناکۆکی لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ئەمریکادا هەبووە.

دوای مردن

بەهۆی چەوساندنەوەی چینی کرێکاران لەلایەن پینکرتنەکانەوە، چەندین چالاکی و خۆپیشاندان دژی پینکرتنەکان لە ئەمریکادا ئەنجام دراون. وەکو چالاکی هۆمستیدەکان دژی پینکرتنەکان لە ١٨٩٣-١٨٩٤. ئەم چالاکییانە لە ١٨٩٣-١٩٣٧ بەردەوامیان هەبووە.

نووسراوەکان

ئالان پینکرتن، خاوەنی ڕێژەیەکی زۆر نامەی نهێنی و یادەوەری و وتاری ڕۆژنامەیە کە هەموویان لە دووتوێی کتێبدا بە چاپ گەیەنراون. بەڵام هێشتا ئەوانە هەموو ئەو شتانە نییە کە ئالان نووسیونی یان پێی گەیشتووە. هەندێک نامە و بەڵگە و یادەوەری لەبەر مەترسی لەناو بردراون. 

گرنگترین نووسراوەکان:

  • وتارەکانی ڕۆژنامەی بەلتیمۆر پلەت.
  • چیرۆکی یەکەم هەوڵی تیرۆر کردنی سەرۆک ئەبرام لینکۆڵن (کتێب) ساڵی ١٨٦٦.
  • مێژوو و بەڵگەکان لە بارەی گەشتەکەی ئەبراهام لینکۆڵن لە هەرسبەرگ بۆ واشینتۆن دی سی (کتێب) ساڵی ١٨٦١.
  • کلاودی مێلنۆت وەکو لێکۆڵینڤان و چیرۆکەکانی تر (کتێب) ساڵی ١٨٧٥.


سەرچاوەکان



62 بینین