یاسوکی

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-21-16:26:00 - کۆدی بابەت: 12937
یاسوکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یاسوکی (بە عەرەبی: یاسوکي، بە ئینگلیزی: Yasuke) یاسوکی جەنگاوەرێکی ئەفریقی بووە کە لە مۆزەمبیق لە دایکبووە، کۆچی کردووە بۆ یابان و لەوێ لەلایەن هۆزی ئۆدا هەڵگیراوەتەوە و لەبەر ئەوەی لە هونەرەکانی بەرگری و شەڕکردن کەم وێنە بووە ئۆدا نابوناگا، یاسوکی کرد بە سامورای، بەم جۆرە یەکەم سامورای ئەفریقی لە مێژووی یاباندا یاسوکی بووە. 

زانیارییە گشتییەکان

ناو یاسوکی
ساڵی لە دایکبوون لە ساڵی ١٥٥٠کاندا لە دایکبووە.
شوێنی لە دایکبوون مۆزەمبیق
پلە سامورای
سەردەمی ژیان سێنگۆکو

ماوەی ژیان لە یابان: ١٥٧٩ یاسوکی لەگەڵ دەریاوانی ئیتاڵی "ئالیساندرۆ ڤالینانۆ" گەیشتە کەناراوەکانی یابان و لەنگەریان گرت، بەشێک لە مێژوونووسان دەڵێن: کەشتییەکەی ئەلیساندرۆ کەشتییەکی سەربازی بووە و دیارنییە کە ئاخۆ یاسوکی وەک کۆیلە سەرنشین بووە یان وەکو کەسێکی ئازاد. 

ساڵی ١٥٨١ یاسوکی و ئەلیساندرۆ بەرەو کیۆتۆ گەشتیان کرد، کە لەو سەردەمەدا مەڵبەندی دەسەڵاتی هۆزی ئۆدا بوو، لەوێ ئۆدا نابوناگایان بینی کە کەسێکی باڵادەست و دەرەبەگێکی ناوداری سەردەمی فیوداڵیزمی یابانە. 

ئۆدا نابوناگا بە ڕوخسار و جەستەی یاسوکی تووشی سەرسامی بوو، وەکو لە یادەوەرییەکانی سامورایەک بەناوی ماتسیودایرا لێتادا" هاتووە باڵای یاسوکی نزیکەی شەش پێ بەرز بووە کە نزیکەی ١٫٨٨ مەتر دەکات، پێستی وەک هەر ئەفریقییەکی ئاسایی ڕەش بووە. لەو کاتەدا لە یاباندا هیچ ئەفریقییەک نەبینرابوو، هەواڵی یەکتر بینینی نابوناگا و یاسوکی هەر زوو بە تەواوی کیۆتۆدا دەنگی دایەوە. 

پەیوەندی نێوان یاسوکی و نابوناگا

مێژوونووسان دەڵێن: هەر زوو پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان نابوناگا و یاسوکی دروست بوو، چونکە یاسوکی بووە جێگەی متمانەی نابوناگا و چەند جارێک ژیانیی لە مردن ڕزگار کردووە. یاسوکی لەوە تێگەیشتبوو ژیان کردن لەگەڵ هۆزی ئۆدا مایەی شەرەفێکی گەورەیە چونکە هۆزی ئۆدا باڵادەست بوون و دەسەڵاتێکی فراوانیان هەبوو لە ناوچەکەدا. سەرچاوەی بژێوی تەواوی دانیشتوانی کیۆتۆ لە دەست ئۆدا نابوناگادا بوو. 

هەر لەبەر ئەم هۆکارەی یاسوکی ملکەچی فەرمانەکانی نابوناگا بوو، نابوناگا بڕیاریدا کە یاسوکی فێری شمشێربازی بکات و توانا جەستەییەکان و هونەرەکانی شەڕ کردن و بەرگری کردنی پێش بخات، وەک سەربازێکی خۆی ڕەفتاری لەگەڵدا بکات، هەرزوو یاسوکی خۆی بۆ نابوناگا سەلماند و بووە جەنگاوەر و لە دواتریشدا بووە سامورای بە گوێرەی سەرچاوەکانی ناوخۆ و دەرەوەی یابان.

بەڵگەکان لەسەر بوونی یاسوکی بە سامورای

بە گوێرەی سەرچاوەکانی یابان و تۆمارەکانی هۆزی ئۆدا، لە سەردەمی سێنگۆکو کەسێکی بیانی بۆ یەکەمین جار لە مێژووی یاباندا لە هۆزی ئۆدا بووەتە سامورای کە لە ئەفریقاوە هاتووە، کە ١٥ مانگ لە یابان ماوەتەوە و پاشان ئەو وڵاتەی جێهێشتووە. 

یاسوکی وەک سامورای

دوای ئەوەی یاسوکی بووە سامورای، لە چەند جەنگێکدا بەشداری کردووە هاوشانی جەنگاوەرانی تری هۆزی ئۆدا. مێژوونووسان نازانن لە چەند جەنگدا بەشداری کردووە چونکە سەرچاوە و بەڵگەی پێویست لەبەر دەستدا نییە. 

خیانەتی جەنەڕاڵەکەی نابوناگا و چارەنووسی یاسوکی

ساڵی ١٥٨٢ یاسوکی بە پەرەستگا پێشکەشکرا بۆ ئەوەی لە تاوانەکانی ڕابردووی پاک ببێتەوە و وەک ئەندامێکی خێزان و هۆزی ئۆدا دیاری بکرێت. لەو کاتەدا جەنەڕاڵێکی ئۆداکان بە ناوی ئاکێچی میتسوهیدی لە هۆزی ئاکێچی خیانەتی لە نابوناگا کرد. نابوناگا سەپەکوی ئەنجامدا کە جۆرێکە لە نەریتی خۆکوژی لای سامورایەکان. واتا خۆی کوشت بۆ ئەوەی بە شکۆوە بمرێت دوای ئەوەی خیانەتی لێکرا و شکستی هێنا. 

دەستبەجێ دوای مردنی نابوناگا، یاسوکی بووە ئەندامی ئۆدا نابوتادا کە کوڕی ئۆدا نابوناگا بوو، بەڵام ئەویش لەلایەن میتیوهیدی شکستی هێنا و ئەویش هاوشانی نابوناگای باوکی سەپەکوی ئەنجامدا تا بە شکۆوە بمرێت. دوای ئەم دوو ڕووداوە. میتسوهیدی، یاسوکی لەگەڵ خۆیدا برد بۆ جێگەیەک بۆ ئەنجامدانی ئەرکێک، لە دوای ئەمەوە هیچ شتێکی تر لەسەر یاسوکی نازانرێت، ئاخۆ کوژرا یاخود یابانی جێهێشت و گەڕاوەتەوە بۆ نیشتمانەکەی. 

یادکردنەوەی یاسوکی

ژیانی یاسوکی وەک یەکەم سامورای بیانی و ئەفریقی چەندان کتێب و بەرهەمی سینەمایی لە بارەوە هاتووتەوە بەرهەم. بۆ نموونە ساڵی ١٩٦٨ کتێبێک بەناوی kurusu yoshio بڵاوکرایەوە کە لە نووسینی kuro suke بوو کە لە ژانەری منداڵان بوو باسی لە یاسوکی دەکرد. 

یاسوکی لە یاری ڤیدیۆیی Nioh دا دەرکەوتووە. هەروەها لە ٢٠١٩ لە فیلمێکی سینەماییدا لە ڕۆڵگێڕانی chadwick boseman بۆ کەسایەتی یاسوکی هاتە بەرهەمهێنان.

ساڵی ٢٠٢١ زنجیرەیەکی ئەنیمی سنووردار لە بارەی یاسوکی بەرهەمهات کە چەشنی فانتازی بوو کە تیایدا جادوو و ڕۆبۆت لە جیهانەکەدا بوونی هەبوو و تیشک خرابووە سەر بەشێک لە ژیانی یاسوکی و چارەنووسی یاسوکی لە دوای ساڵی ١٥٨٢ زایینی. 


سەرچاوەکان



3703 بینین