گوڵی لاب لاب

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2024-05-22-17:28:00 - کۆدی بابەت: 12949
گوڵی لاب لاب

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

گوڵی لاب لاب (بە عەرەبی: لبلاب الشیطان، بە ئینگلیزی: devil’s ivy، ناوی زانستی: Epipremnum aureum)، یەکێکە لە ئەو جۆرە ڕووەکانەی کە بە ئاسانترین شێوە دەتوانێت لە ماڵدا گەشەبکات، بەرگەی زۆرینەی هەلومەرجە نا هەموارەکان دەگرێت، چەندین ناوی تری هەیە لە ناوچەکانی تردا، لە هەندێک وڵات و کلتووری تردا پێی دەوترێت چاوی شەیتان، باوەڕ وایە کە ئەم ناوەی پێدراوە لەبەر ئەوەی ئەم گوڵە دەتوانێت لە ڕووناکییەکی کەمدا گەشەبکات و بە ئاسانی لەناوناچێت، ژەهراوییە و نابێت مرۆڤ و ئاژەڵە ماڵییەکان بە هیچ جۆرێك بیخۆن.  

شێوە و پێکهاتەی

قەدێکی درێژی هەیە کە بە دەوروبەریدا گەڵا سەوزدەبێت، گەڵاکانی هاوشێوەی دڵ دەردەکەون، بەئاسانی خۆی هەڵدەواسێت ئەگەر دار یان پەت یاخود هەر هۆکارێکی بۆ دابنرێت کە بتوانێت خۆی پێدا هەڵبواسێت، ئەم گوڵە لە دارستانەکانی ناوچە خولگەییەکاندا خۆی هەڵدەواسێت بە قەدی دارەکاندا و دەتوانێت هەتاکوو نزیکەی ٢٠ مەتر بەرزببێت، بەڵام لە ماڵەکاندا بە نزیکەیی تەنها دوو مەتر بەرزدەبێت، لە پێکهاتەی گوڵەکەدا ماددەیەکی شل هەیە کاتێک گوڵەکە دەبڕێت لە جێگەیەکدا ئەوا ئەم ماددەیە دێتە دەرەوە، کە دەکرێت ببێتە هۆی خورانی پێست و چاوەکان، لەبەر ئەمە باشتر وایە لە کاتی چاندنیدا دەستکێش بەکاربهێنرێت.    

سوودەکانی

  • ئەم گوڵە دەبێتە هۆی خاوێنکردنەوەی هەوا، کاتێک لە ساڵی ١٩٨٩ توێژینەوەی لەسەرکرا لەئەنجامدا زاناکە بە جۆرێک ناویبرد کە ئەم گوڵە بووە بە ڕووەکی دڵخوازی زاناکە بۆ خاوێنکردنەوەی هەوا.
  • دیمەنێکی جوان دەبەخشێت بە جێگەکەی.
  • بە ئاسانی گەورەدەبێت و گرنگیپێدانی زۆری ناوێت.

شێوازی چاندن و گرنگیپێدانی

ئەم گوڵە زۆر بەئاسانی زۆر دەکرێت و دەچێنرێت، هەر بەشێکی بچووک لە قەدەکەی دەکرێت ببڕدرێت، ئەو قەدە بچووکە بخرێتە کەمێک ئاوەوە هەتاکوو ڕەگ دروستدەکات و دواتر لە خاکدا بچێنرێت، بە ئاسانی گەورەدەبێت و گرنگیپێدانی زۆریشی ناوێت. گرنگیپێدانی ئەم گوڵە زۆر ئاسانە و تەنها پێویستە لە ڕووناکی خۆری ڕاستەوخۆ دووربخرێتەوە، لە جێگەیەکدا دابنرێت کە کەمێک ڕووناکی و سێبەری هەبێت، هەروەها بۆ ئەوەی گەشەی باشتر بکات دەبێت کاتێک ئاوبدرێت کە خاکەکەی وشکدەبێتەوە، باشتر وایە لە وەرزەکانی بەهار و هاویندا خاکەکەی بۆ بەپیتبکرێتەوە.

لە ژوورێکدا کە پلەی گەرمییەکی لە نێوان ١٠-٢٤ پلەی سیلیزی بێت لاب لاب گەشەی گونجاو دەکات، گوڵەکە بەرگەی گەرمی دەگرێت و باش وایە کە زۆر ئاو نەدرێت لە وەرزەکانی بەهار هەتاکوو پاییز، دواتر لە زستانیشدا ئاودانی زۆر کەمبکرێتەوە، ئەگەر گەڵاکەی تەختبێت، ڕەنگەکەی کاڵبێت، زەردبێت یان سپی ببێت ئەوا واتە پێویستی بە ئاودانە.

یاخود کاڵبوونەوەی ڕەنگەکەی لەوانەیە بەهۆی ئەوەوەبێت کە لە سێبەردا دانراوە و باشترە ببرێتە جێگەیەکی ڕووناکتر، ئەگەر لاب لابەکە زۆر درێژببێت و گەڵای کەمی گرتبێت، دەکرێت لە سەرەوە قەدەکەی ببڕدرێت ئەمە هانی دەدات هەتاکوو لە بنەوە بەهێزتربێت و گەڵای زیاتریش دروستکات، یان ببڕدرێت بۆ ئەوەی سنوورێک بۆ درێژییەکەی دابنرێت، هەروەها ئەگەر تۆز و خۆڵ لەسەر گەڵاکانی نیشت دەبێت بسڕدرێت، خاوێنکردنەوەی دەبێتە هۆی ئەوەی گەڵاکە درەوشاوەتر دەربکەوێت و ڕووەکەکەش بە باشی هەناسەبدات.


سەرچاوەکان



4413 بینین